Dangikrekar.com
گفتوگۆ

چاوپێکەوتنێکی پێشەنگی تیڤی لەگەڵ کوێستان محەمەد، وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵەیەتی

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی:

“خاوەنکار یاسای کارو یاسای خانەنشینی وەکو خۆی جێبەجێی ناکات”

چاوپێکەوتنێکی پێشەنگی تیڤی لەگەڵ کوێستان محەمەد، وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵەیەتی

 پێشەنگ تیڤی: ئەم کاتەتان باش کوێستان خان، سبەی یەکی ئایارە، چیتان هەیە بۆ کرێکاران؟

وەزیری کار: سەرەتا زۆر بەگەرمی پیرۆزبایی یەکی ئایار لەکرێکارانی جیهان و بەتایبەت کرێکارانی هەرێمی کوردستان دەکەم، هیوادارم ساڵێکی دیکە توانیبێتمان هەموو خواستەکانی کرێکاران بەدی بهێنین، توانیبێتمان هەموو ئەو کێشانەی کەکرێکار هەیەتی، هەموو ئەو بێمافیەی کە کرێکار هەیەتی چارەسەرمان کردبێت.

پێشەنگ تیڤی:

ماوەیەک لەمەوبەر یاسای کار لەپەرلەمانی کوردستان دەرکرا، ئایا ئەم یاسایە بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت؟

وەزیری کار: خۆی بەداخەوە یاساکە لەپەرلەمان پەسەندکرا، خۆت ئەزانیت پەرلەمانیش هەڵوەشایەوە، بۆیە ئێستا یاساکەی ئێمەش ئیشی پێناکرێت، بەڵام خۆشبەختانە هەموو ڕێکارە یاساییەکانی خۆی بڕیوە، ئەکرێت خولی داهاتووی پەرلەمان لەوەرزی یەکەمیدا تەنها دەنگی لەسەر بدات و لەڕۆژنامەی ”الوقائیعدا” بڵاوی بکاتەوەو ببێت بەیاسا.

پێشەنگ تیڤی:

کوێستان خان، عادەتەن لەیەکی ئایار لەهەموو جیهاندا ئەم ڕۆژە پشوی فەرمی کرێکارانە، ئایا لەهەرێمی کوردستاندا چەند  ئیش بەم یاسایە کراوە؟

وەزیری کار: لەکەرتی گشتیدا، نەک هەرکرێکار، بەڵکو فەرمانبەریش پشوویەتی، بەڵام لەکەرتی تایبەتدا بەداخەوە هەندێک لەکۆمپانیاو شوێنکارو کارگەکان کاریان پێدەکەن کەپێچەوانەی یاسایە. یەکەم ئەبێت پشووی هەبێت، وە دووەم ئەو شوێنانەی کەناکرێت پشوویان هەبێت بەشێکی ئیش دەکات، ئەبێت ڕەزامەندی کرێکارەکەی لەسەر بێت وە بەپێی ئەو کاتەی کە کرێکارەکە کار دەکات کرێکەی بدرێتێ، ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەوا پێچەوانەی یاسایەو کرێکار ئەتوانێت داوای یاسایی لەسەر خاوەنکار یان کۆمپانیا تۆمار بکات.

پێشەنگ تیڤی:

زۆر باشە، مەبەستم زیاتر ئەوەیە کرێکار لەمڕۆژەدا زۆربەیان پشووی فەرمیەو ئەبێت کرێی خۆیشیان بدرێتێ، ئایا ئەمە لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ ئەکرێت؟

وەزیری کار: وەک باسمکرد، نەخێر، بەشێک لەکۆمپانیاکان، لەکارگەکان، جێبەجێی ئەکەن، بەڵام لەهەندێک لە شوێنکارو لەکارگەو..تاد.. جێبەجێی ناکەن. بەپێی یاسای کار ئەگەر شوینکارێک پێوویستی بەوە هەبێت بەشێک لە کرێکارەکانی ئەو ڕۆژە کار بکەن، چونکە ڕەنگە شوێنێک کارگە بێت نەتوانرێت دابخرێت، یان شوێنێک کە کارەبا بدات، یان خەستەخانەیەک…یەعنی شوێنێک کە نابێت دابخرێت بەشێک لەکرێکارەکانی ئەبێت دەوام بکەن، ئەبێت بەڕەزامەندی هەردوولا بێت، وە ئەبێت کرێی زیادەی ئەو سەعاتانە بدرێت بەکرێکارەکە کە لەپشوی یەکی ئایاردا کار دەکات جگە لەکرێکەی خۆی.

پێشەنگ تیڤی:

ئێوە چ پەیامێکتان هەیە بۆخاوەن کۆمپانیاکان، خاوەن کارگەکان لەسەر ئەمڕۆژە کەبە ڕۆژێکی بەرز بنرخێنن و کرێکارەکان پشووی فەرمی وەربگرن؟

وەزیری کار: ئێمە لێرەوە داوا لەخاوەنکارو لەشوێنکارو لەهەموو ئەوانە ئەکەین کەمافی کرێکار بەپێی یاسای کاری بەرکاری ئێستای هەرێمی کوردستان، کار لەگەڵ کرێکارەکانیاندا بکەن، لەسەعاتی کارکردنیان، لە پێدانی مووچەکانیان کار بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بکەن، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنیان کار بەیاسای خانەنشینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکارانی بەرکار بکەن کە ئێستا لەهەرێمی کوردستان کاری پێئەکرێت. وە لەو ڕۆژەشدا پێوویستە کرێکاران پشووی فەرمییان هەبێت، ئەگەر نا بەپێی ئەو ڕێکارانەی کەلەیاسای کاردا هەیە پێوویستە مامەڵە لەگەڵ کرێکارەکانیان بکەن .

پێشەنگ تیڤی:

ئایا بۆچی لەئێستادا ئەوەی کەئەیبینین نەیانتوانیوە ئەو یاسایە وەکو یاسایەک پابەند بکەن بۆ چینی کرێکار؟

وەزیری کار: کام یاسایەیان، یاسای کار یان یاسای خانەنشینی؟

پێشەنگ تیڤی: یاسای کار!

وەزیری کار: خۆی هەردوو یاساکە، خاوەنکار وەک خۆی جێبەجێی ناکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە کەبەشێک لەخاوەنکارەکان چاوچنۆکن، نایانەوێت سەعاتیکار بەپێی یاساکە بێت، نایەوێت کرێکەی وەک ئەوە بێت کە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە لەسەر داوای وەزارەتی کار، نایەوێت کە ئەو پێداوویستیانەی کەبۆ سەلامەتی کرێکارەکەی پێوویستە دابینی بکات، ئەمە پەیوەستە بەچاوچنۆکی خاوەنکارەکەوە. هەندێکی بێئاگایی خاوەنکارەکانە لەیاساکان کەووشیارییەکی تەواوی یاسایی نیە چ لەسەر یاسای کار چ لەسەر یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بۆیە جاری واهەیە پێچەوانەی یاساکە کار ئەکەن. ئێمە لەماوەی ئەم چوارساڵەماندا زۆر هەوڵمانداوە کەئیش لەسەر ئەوە بکەین کە خاوەنکارەکان پابەند بکەین بەیاساکەوە وە ووشیارییەکی یاسایی بڵاوبکەینەوە چ لەلای خاوەنکار چ لەلای کرێکار بۆئەوەی پابەندبن بەیاساکانەوە.

پێشەنگ تیڤی: ئێوە وەکو حکومەت هۆشدارییەکی باشی ئەوتۆتانداوە بۆئەوەی کەخاوەنکارەکان لەگەڵ کرێکاراندا بەو شێوازە مامەڵە بکەن؟

وەزیری کار: سەرباری ئەوەی کە ئەرکی وەزارەتە، بەڵام ئەرکی سەرەکی ڕێکخراوەکانی کرێکارانە، ڕێکخراوو یەکێتی و سەندیکاکانی کرێکاران ئەرکی سەرەکییان ئەوەیە کە ووشیاری یاسایی بدەن بەکرێکاران وە چاودێری ڕەووشی کرێکاران بکەن. ئێمە ئێستا خۆشبەختانە هاوئاهەنگییەکی باشمان هەیە لەگەڵ سەندیکاو یەکێتیەکانی  کرێکاران، بەڵام هێشتا ئەو ووشیارییە یاساییە نە لەلای خاوەنکار نە لەلای کرێکار بەتەواوەتی نەچەسپیووە.

پێشەنگ تیڤی: ئێوە توانیوتانە پەیوەندییەکی وەها دروستبکەن لەڕێگای سەندیکاکانەوە، لەڕێگای حزبەکانەوەو بەتایبەتی ئەوانەی سەربەچینی کرێکارن و زیاتر بۆپاراستنی مافەکانی کرێکاران هەوڵ ئەدەن؟

وەزیری کار: بەڵێ هەماهەنگیمان هەیە.  بەداخەوە هەتا ئێستاش بەشکڵی یەک سەندیکای کرێکاران هەیە، ئێستاش دوو سەندیکاو یەکێتی کرێکاران هەیە، ئێمە ئەنجومەنی کارگێڕیمان هەیە، ئەنجومەنی کارگێڕی خەزنەو خانەنشینی کە مانگانە کۆئەبنەوە، نوێنەری سەندیکای کرێکارانی هەردوو زونەکەی تێدایە بەشداری ئەکەن لەبڕیارەکانی تایبەت بەیاسای خانەنشینی ودەستەبەری کۆمەڵایەتی و ڕایان وەرئەگیرێت و دەنگ ئەدەن، هەروەها بۆ ئەو لیژنانەی کەسەردانی شوێنکارەکان ئەکەن چ بۆپاراستنی مافی کرێکاران چ بۆ جێبەجێ کردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نوێنەری سەندیکای کرێکاران لەگەڵ لیژنەکانی ئێمەدا دەرئەچن و شوێنکارەکان بەسەر ئەکەنەوە.

پێشەنگ تیڤی: پرسیارێک لەوەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بکەم. تۆ لەم ڕۆژەدا،  لەیەکی ئایاردا چی ئەکەیت بۆ کرێکاران؟

وەزیری کار: ئەم چوارساڵەم وەکو وەزیر، لەیەکی ئایاردا شوێنکارەکانم بەسەر کردۆتەوە، ڕۆیشتووم بزانم چەند شوێنکار کار بەکرێکارەکانیان دەکەن، وە هەموو جارێک لەو سەردانانەم ئەگەر شوێنکارێک کاری بەکرێکارەکەی کردبێت پەیوەندیم بەخاوەنکارەکەیەوە کردووە کە ئەمەی تۆ ئەیکەیت نا یاساییە، ئەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ کرێکارەکەت ئیشی پێ بکەیت وە کرێی زیادەشی بدەیتێ، بەو شێوەیە کارم کردووە هەتا ئێستا.

 

Related posts

Workers Struggle Centre – Sri Lanka Kurdistan Regional Government Representation

Dangi Krekar

Dear members of Nationwide Council of Protesting Teachers,

Dangi Krekar

ئایا مووچەی بنەڕەتی جیهانی وەڵامە بە زیرەکی دەستکرد ئایا (یو بی ئای) وەڵامە بە (ئەی ئای)

Dangi Krekar

Leave a Comment