Dangikrekar.com
بابەتی هەڵبژاردە

گفتوگۆ لەگەڵ شیروان مەجید، بەڕێوەبەری بەڕیوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەسلێمانی

“ نابێت بەهیچ جۆرێک کرێکار بەناوی خۆبەخشەوە کاری پێبکرێت چونکە ئەمە بەپێی یاسا قەدەغەکراوە”

گفتوگۆ لەگەڵ شیروان مەجید، بەڕێوەبەری بەڕیوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەسلێمانی

 

 | سازدانی: محمود حلاق

دەنگی کرێکار:  سەرەتا  دەمەوێت بپرسم کەبەڕای بەڕێزتان، گرنگی دەستەبەری لەچیدایە بەتایبەتی بۆ کرێکاران و بۆچی بەگشتی کرێکاران خۆیان دەستەبەر ناکەن، ئایا هۆکاری نامتمانەییە، ناهوشیارییەبەرامبەر بەلایەنە پەیوەندیدارەکان و بەیاسا، یان نازانن لەئەنجامی نەشارەزاییان.. چارەسەر چیە؟

کاک شیروان: بەخێربێن..  پرسیارەکە گرنگ وجەوهەرییە.. پێمخۆشە کرێکارانی بەڕێز بەووردییەوە گوێبیستی وەڵام و قسەوباسەکان بن چونکە ئەوان سودمەند ئەبن..

یەکەم، خۆ دەستەبەرنەکردنی کرێکاران ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە هەیە کەهێشتا ئەوان ناهوشیارن بەرامبەر بەیاسایکارو لایەنەکانی، ئەو نازانێت کە چەندە ئەم یاسایە سودو قازانجی بۆخۆی و بۆ داهاتووی هەیە.. کەسێک کەلەکەرتی حکومی دائەمەزرێت ئامانجی ئەوەیە کە چۆن داهاتووی مسۆگەر بکات کاتێک کەپیر دەبێت.. بەڵام هێشتا کرێکار نەگەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کەئەم ڕێگایەش ئەتوانێت هەمان داهاتووی مسۆگەر بکات.. دووەمیش هۆکاری مالیە کەهەم کرێکارەکە نایەوێت و هەم خاوەنکاریش نایەوێت ئەو مەبلەغە قورسە بدات بەدەستەبەری کۆمەڵایەتی، کەدواجار زەرەری کرێکارەکەیە. زۆرجار خاوەنکارو کرێکارەکە ڕێکدەکەوون کە کرێکارەکە بشاردرێتەوە، ضمان نەکریت، لەم دۆخەدا هەردوولایان گوناهبارن، هەرکاتێک ئـــێمە بەم جۆرە کارانە بزانین، ئیجرائاتی یاسایی خۆمان دەکەین..

دەستەبەرکردن بەپێی یاسای ژمارە ٣٩ ساڵی ١٩٧١ هەر کرێکارێک لەکەرتی تایبەت و هەرەوەزو تێکەڵاو کار بکات، پێویستە لەسەر خاوەنکارەکان مانگانە دەستەبەری بۆ کرێکارەکانی بکات.. ئەم یاسایە سێجۆر خانەنشین بوونی بۆ کرێکاران تێدایە: بۆنمونە ئەگەر کرێکارێکی پیاو تەمەنی بگاتە ٦٠سال و ٢٠ ساڵیش خزمەت، یان کرێکارێکی ژن تەمەنی ٥٥ ساڵ دەستەبەرییان هەبێت، ئەوا ئەتوانن وەک هەر کارمەندێکی حکومی سودمەند بێت لەخانەنشین بوون.. جۆرێکی تر لەخانەنشین بوونی کرێکار ئەوەیە کاتێک کەتووشی پێکان دەبێت، یان بەهۆی کارەوە توانای کارکردن لەدەستئەداتبەڕێژەی لە٣٥٪ بۆی هەیە داوای خانەنشین بوون بکات ئەگەر دەستەبەری بۆکرابێت.

حاڵەتێکی تری خانەنشینی هەیە ئەویش مردنی کرێکارەکەیە چ لەکاتی ئیشدا بێت یان لەکاتی نۆرماڵدا، ئەگەر دەستەبەری هەبێت ئەوا وارسەکانی دەتوانن داوای دەستەبەرییەکەی بکەن.. ئەگەر کرێکارێکیش دەستەبەری نەبوو وە لەشوێنیکاردا پێکانی هەبوو یاخود مرد، لەڕیگای دادگای کارەوە لەسەر خاوەنکارەکە دەعوایەک تەسجیل دەکریت و دەتوانرێت مامەڵەی بۆ بکرێت بۆئەوەی مافەکانی بۆ هەژمار بکرێت..یەکێکی تر لەمافەکانی کرێکار کاتێک کەدەستەبەرکرابێت، بۆ نمونە کرێکارێک کاری کردبێت و پاشان لەدەستگایەکی حکومیدا دابمەزرێت، ئەوا ئەو خزمەتەی بۆ هەژمار دەکرێت کاتێک کە کرێکار بووە، واتە لەکەرتی تایبەتەوە بۆ بەشی حکومی..

مافێکی تری کرێکار ئەوەیە کرێکارەکە ئەو پاداشتە وەرنەگرێتەوەو بەردەوام بێت لەکار لەچەندین شوێنیکاری تردا بەو مەرجەی دەستەبەری بۆ بکرێت، ئەوا ئەتوانێت کۆی کارکردنەکەی لەشوێنە جیاجیاکانی کاردا کۆبکاتەوە هەتالێرەوە خانەنەشین بوونی مسۆگەر بکات..

دەنگی کرێکار: بەپێی بەدواداچوونەکانمان وەک دەنگی کرێکار لەبەشێک لەکارگەو کۆمپانیاو ناوەندەکانی کاردا، تێکڕای کرێکارەکانیان دەستەبەر نەکردووە،کارگەو کۆمپانیا هەیە ١٥٠ و ٢٠٠ کرێکاریان زیاتری هەیە بەسیستەمی شەفتاتیشەوە بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەمتری دەستەبەر کردووە.. کاتێک پرسیار دەکەیت ئەوە بۆچی وایە، دەڵێت بەشێک لەوکرێکارانە کرێکاری ڕۆژانەن، چەند ڕۆژێک کاردەکەن ودەڕۆن، یان گوایە قوتابین و فرسەتی سمستەری هاوینەیان هەیەو کاردەکەن بۆماوەیەک، بۆیە ناتوانرێت دەستەبەربکرێن.. ئایا ئەمە یاساییە.. لەکاتێکدا بەپێی یاسایکاری هەرێم دەبێت کرێکار دەستەبەر بکرێت  لەیەکەم ڕۆژی کارەوە هەتا سێ مانگ بەناوی تێستیشەوە؟

کاک شیروان: لەسەرتاسەری دنیادا فەرمانگەی ضمان وپڕۆژەو خاوەنکارەکان لەململانێدان..ئەوان بەشێوەیەک کاردەکەن کەکەمترین کرێکار دەستەبەر بکەن.. کاتێک کەلیژنەکانی پشکنینی ئـــێمە یاخود بەشی یاسامان بەدوای کەیسێکدا دەڕوات، تەنها ئامانج لەپێناوی تەنها سێ خاڵدایە: یەکەمیان ئەوەیە کەسەرجەم کرێکارانی ئەو پڕۆژەیە دەستەبەر بکرێن بەبێجیاوازی ئەوەی کە بەپێی یاسا شمولدەکات دەبێت دەستەبەر بکرێت.. دووەمیش ئەوەیە کەمووچەی حەقیقی ئەو کرێکارانە کەموچەی فیعلی پێدەڵێن لەفەرمانگەی ئێمە بنوسرێت بۆئەوەی دەستەبەرییەکەی بەوە بێت.. وە سێــیەمیش ماوەی تەواوەتی کاتیکاری کرێکارەکە، جا مانگێکە، ساڵێکە، دە ساڵە یان چەندە بنوسرێت و دەبێت هەرهەموی دەستەبەری بۆ بکرێت.. هەر کرێکارێک لەهەر شوێنێک کاربکات، پێویستە دەستەبەری بۆ بکرێت.. هەندێک شوێن بەناوی خۆبەخشەوە دەچوون کرێکار یان کارمەندیان دەهێنا بۆکارکردن و پاش ماوەیەک پییان دەووت کاکە ئێمە پێویستمان بەتۆ نیە.. بۆیە نابێت بەهیچ جۆرێک کرێکار بەناوی خۆبەخشەوە کاری پێبکرێت و بەپێی یاسا قەدەغەکراوە..

کاتێکیش کرێکارێک تێست دەکرێت  بۆماوەی سێ مانگداو بەکەڵکی ئەو ئیشە نەهات، ئەوا خاوەنکار دەتوانێت کرێکارەکە ئیزن بدات بەڵام دەبێت دەستەبەرکرابێت و بەموچەکەشیەوە.. هەروەها دەبێت پاساوی دەرکردنەکەش بەنوسراوو فەرمی بێت بۆئەوەی کێشەی یاسایی بۆدروست نەبێت.

دەنگی کرێکار: ئەم پرسیارانەم پەیوەندی بەیەکترەوە هەیە، بۆیە هەمووی بەیەک پاکێج ئاراستەی بەڕێزتان ئەکەم..  بۆچی گرێبەستیکارنادرێت بەکرێکار..کرێکار ناوێرێت بێتە لای ئێوەو لایەنی پەیوەندیدار شکات بکات لەترسی دەرکردن.. بەڕێزتان وەکو بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی چ ڕێگاو میکانیزمێکتان هەیە بۆ زیاتر بەقازانج شکانەوەی بۆنمونە دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەکارگەو کۆمپانیایەکی چەند سەد کەسیدا.. ئایا لەهەوڵیکی وادا هەتا ئێستا توشی کێشەیەک بوون لەکاتێکدا ئێوە لایەنی یاسایی و حکومین؟ ئایا ئیجرائاتی پێویستی یاساییتان کردووە لەم پێناوەدا بۆئەوەی زیاترین کرێکار دەستەبەر بکرێت؟

کاک شیروان: ئێمە نەک سەد کرێکارو دووسەد کرێکار، بەڵکو تەنانەت تاقە یەک کرێکاریش لەشوێنیک بێت ئەگەر دەستەبەری بۆ نەکرابێت ئێمە چاوپۆشی ناکەین وقبوڵیشی ناکەین.. ئێمـە هێڵێکی گەرم و بەلاشمان کردۆتەوە ٥٥٠٠ بۆئەوەی کرێکار هەر کێشەو گرفتێکی هەبوو پەیوەندی بکات و ترسی ئەوەی نەبێت کەناوی بڵاوبکرێتەوەو بێخەم بێت لەوەی کەکرێکارێک بەم ناوەوە سکاڵایەکی هەیە.. هەر کاتێک زانیارییەکان بگاتە دەستی ئێمە، ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەکەین.. ئێمە چاوپۆشی لەهیچ خاوەنکارێک ناکەین، ئێمە سەردانی کتوپڕمان هەیە”زیارة مفاجئة”جاری وا هەیە لەناکاو دەچینە سەر ئەو شوێنانە بۆئەوەی فریا نەکەوون کرێکار بشارنەوە، لەسەر ئەمەش گلەییمان هاتۆتە سەر کەبۆچی پشکنەرەکانتان وەکو پۆلیس دێنە ناوەوە، ئەوان وەکو پۆلیس نایەن، بەڵکو وەکو ئەرکی خۆیان دێن، ئەرکیانە وەکو سەردانی کتوپڕ بێن وتەفتیش بکەن وبۆیان هەیە لەماوەی ٢٤ کاژێردا لەهەر کاتێکدا بیانەوێت سەردانی بکەن بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی کەکاری دوانیوەڕوان و شەوانەیان هەیە.

ئێمە بەهیچ شێوەیەک هیچ زانیارییەکی کرێکار نادەین بەخاوەنکار، لەسەر ئەم مەسەلەیەش کێشەی جۆراووجۆرمان ڕووبەڕوو بووەتەوە، هەروەها کۆمەڵیک دەعواشمان هەیە لەدادگای کار.، ئەمساڵ ١٦ شوێنمان داوە بەدادگا.. جگەلەوەش زۆر کرێکار دەعوای تەسجیل کردوووە لەدادگایکار لەسەر خاوەنکارەکەی، ئێمە بووینەتە لایەنێک بۆ تەنفیزی یاساکە وەکو داکۆکیکارێک لەکرێکارەکەو دادگا وەکو تەرەفێک بانگهێــــــــشتمان دەکات وزانیاریمان لێوەردەگرێت و ڕاشمان وەردەگرێت.. ئێمە لەڕێگای یاساییەکانمانەوە بەشدار دەبین لەگەڵ کرێکارەکە لەدادگاو ئێمە دیفاع لەتەنفیزی یاسا دەکەین. یەک کرێکار ئەگەر سکاڵایەکی هێنابێت بۆ ئێمە، ئەستەمە بەدواداچوون نەکەین..

ئەوەندەش دەگەڕێتەوە بەو ژمارە زۆرەی کەئێوە باستانکرد کەئەگەر کارگەیەک هەیە ٦سەد یان ٧سەد کرێکاری هەبێت و هەمووی دەستەبەر نەکرابێت، ئەوا پێویستە لیژنەی سەندیکای کرێکاران بەو کارە هەستێت، سەندیکا بەپێی یاسا بۆی هەیە لیژنەیەک درسوت بکات بۆئەم مەسەلەیەو بەدواداچون بکات.. ئەم لیژنەیەش دەبێت زانیاری بەئێمەبدات بۆ بەدوادا چونەکانمان، ئەوە ئەرکی سەندیکای کرێکارانە

دەنگی کرێکار: هەندێک لەکرێکاران ماوەیەکی کورت کار بۆ کۆمپانیاکان دەکەن، بۆنمونە ٦ مانگ وساڵێک، بەڵام دواتر لەسەرکارەکانیان دەردەکرێن وەیان ماوەی گرێبەستیان تەواودەبێ..کاتێک سەردانی کۆمپانیاکان دەکەن بەڵگەنامەی کاریان پێنادەن تا کرێکارەکە بتوانێت ماوەی کارکردنی بەپێی یاسا بۆ دەستەبەری خانەنشینەکەی تەواوبکات؟

کاک شیروان: بەپێـــی یاسا کرێکارەکە مافی خۆیەتی سیڤیەک لەو شوێنە وەربگرێت، دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی کار ئاگاداربکاتەوە کەلەوشوێنە کاریکردووە، وەکو مافێکی یاسایی خۆم داوای ئەو خزمەتەم بکەمەوە لەفڵان شوێن وە پشتگیرییەکی فەرمیم بۆ بکات.

دەنگی کرێکار: کرێکارانی بیناسازی کەبەشێکی بەرچاوی کرێکارانی کوردستان پێکدەهێنن وڕۆژانە کاردەکەن.. بەپاساوی ئەوەی کەخاوەنکاریان دیاری نیە ناتوانن لەمافی دەستەبەری خانەنشینی بەهەرمەند. بن.. چارەسەری ئێوە بۆ ئەم کێشەیە چیە، لەکاتێکدا ئەم کارێکارانە تەمەنی خۆیان لەکاردا بەڕیدەکەن؟!

کاک شیروان: بەداخەوە کە پرسیارەکەت ڕاستە.. ئێمە بەیاسای ژمارە ٣١ ساڵی ١٩٧١ کاردەکەین کەهەموارکراوەتەوە بەیاسای ژمارە ٤ لەساڵی ٢٠١٢ ، لەم یاسا هەموارکراوەدا هاتووە کە کرێکارانی بیناسازیش دەستەبەر-ضمان ئەکرێن، یەعنی هەموو ئەو کرێکارانەی کەخاوەنکارێکیان نیە یان کار بۆخۆیان دەکەن.. لەسەر حکومەتیشە کەسیستەمێکیان بۆ دابنێت بۆجێبەجیکردنی ئەم یاسا هەموارکراوەیە هەتا کرێکارانی بیناسازیش دەستەبەری کۆمەڵایەتی بیانگرێتەوە..

دەنگی کرێکار: بەڕێز کاک شیروان، ئایا دوو ئیش لەدووشوێنی جیاوازدا یاساییە..ئایا کەسێک ئەتوانێت هەم کارمەند بێت و هەم شەفتێکیش کرێکاری بکات ولەهەمان کاتیشدا ئەگەر دوو دەستەبەری هەبێت، یەکێکیان ڕەتبکاتەوە؟

کاک شیروان: بەپێی یاسا هەرکەسێک لەدەستگایەکی حکومیدا تاعین بوو ئەوا حکومەت خۆی دەستەبەری بۆ ئەکات، بەڵام ئەگەر لەناوەندێکی ئەهلیدا بوو ئەا دەبێت دەستەبەر بکرێت، ئینجا دوو دەستەبەریش بەپێی یاسا ناکرێت و دەبێت خۆی ساغ بکاتەوەو یەکێکیان هەڵبژێرێت.. بەپێی یاسا نابێت کرێکار لە٨ سەعات زیاتر کار بکات مەگەر ئەو ناوەندی کارە پێووسیت بکات چەند سەعات کارێک زیادەکاری بەکرێکارەکە بکات ئەویش نەک هەموو ڕۆژێک

Related posts

کرێکارێک لەڕیگای بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە هاواری خۆی بڵاودەکاتەوە !

Dangi Krekar

ئۆفیسەکانی دۆزینەوەی هەلیکار فێڵ لەکرێکاران دەکەن!

Dangi Krekar

دیسان کارەساتی  شوێنی کارلە روداوێکدا دووکرێکار گیانیان لە دە ستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment