Dangikrekar.com
گفتوگۆ

گفتوگۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی شیشی ئەلفا ستیل

گفتوگۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی شیشی ئەلفا ستیل

 

    | سازدانی پەیوەند :محمود حڵاق 

 

 

ئەم کاتەتان باش.. لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە لەگەڵتانداین.. ئەمانەوێت چاوپێکەوتنێک بکەین لەسەر ووتەکانی بەڕێز لێپرسراوی کارگێڕی کارگەکەتان کەلەگەڵ بازیان پرێسدا ئەنجامیدا بەرواری ٧/٩/٢٠٢٥ لەسەر معانات و کێشەکانی ئێوە.

کرێکارەکە: زۆر سوپاس بۆ دەنگی کرێکار، فەرموو لەخزمەتدام.

دەنگی کرێکار:  ئێوە، بەڕێزتان  چەند کرێکارن  و لەساڵی چەندەوە لەم کارگەیەدا کاردەکەن؟ 

کرێکارەکە: ئێمـە هەمومان نزیکەی ٣٠ هەتا ٤٠ کرێکارین بەشۆفێرەکانیشەوە کەلەم کارگەیە ئیش دەکەین. کرێکارمان هەیە ٣ ساڵ یان ٤ ساڵ پێشتر لەم کارگەیەدا کاردەکات. ئەتوانم بڵێم کرێکاری تازە دامەزراویشی تێدایە،  لەیەکساڵێشەوە هەتا ٤ ساڵ وزیاتری تێدایە..

دەنگی کرێکار:  مووچەی مانگانەتان چەندە؟ ئایا هەموو مانگێک موچەکانتان ئەدرێتێ؟

کرێکارەکە: مووچەی مانگانەش بەپێێ جۆری کارو شارەزایی ئەگۆڕڕێت، کرێکارمان هەیە ٤ سەد دۆلار، ٤ سەدو پەنجا دۆلار، هەیە ٦ سەد دۆلارو ٧سەد دۆلاریشی هەیە وەکو شۆفێرەکان.. مانگانەش بەڕێکو پێکی و بەبێ دواکەوتن مووچەکانمان وەردەگرین.

دەنگی کرێکار:  کاتیکارکردنتان چۆنەو لەسەعات چەندەوە بۆچەند.. ئایا سیستەمی شەفتاتتان هەیە؟

کرێکارەکە: سیستەمی شەفتات نیە، کرێکارە هیندییەکان شەوانە کار دەکەن.. ئێمەش بەیانیان سەعات ٨ بۆ سەعات ٥ ئێوارە کاردەکەین.

دەنگی کرێکار: هاتووچۆو حەوانەوەتان چۆنە، ئایا هاتووچۆ لەسەر خۆتانە یان کارگە سەیارەی بۆ دابێن کردوون؟

کرێکارەکە: هاتووچۆ لەسەر خۆمانە، کرێکارمان هەیە ماتۆڕی هەیە یان لەگەڵ برادەرێکیدا بەسەیارەی خۆیان هاتووچۆ ئەکەن..

دەنگی کرێکار: بەڵام وەکو ئەوەی کە لێپرسراوی کارگێڕی دەڵێت لەچاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ بازیان پرێسدا، ٦٠ هەزار دینار زیادەتان ئەدەنێ کەخراوەتە بریتی کریی هاتوچۆکەتان؟ تەنانەت بەمنەتێکیشەوە ئەڵێت کەلەکارگەی تر شتی وا نیە،  ئێوە دەڵێن چی؟

کرێکارەکە: هەتا ئێستا بەفەرمی ئەوەمان پێنەووتراوە کەئەو ٦٠ هەزار دینارە لەجیاتی کرێی هاتووچۆیە..شتێک لەوبابەتەمان نەبیستبوو هەتا ئێستا.

دەنگی کرێکار:  خواردنتان چۆنە؟ئایا لێیڕازین؟ یەکێک لەکرێکارەکانی کارگەکەتان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بازیان پرێسدا دەڵێت: خواردنمان زۆر باشە؟

کرێکارەکە: لەڕاستیدا خواردنمان زۆر خراپەو کرێکار لێی ڕازی نیە، ئەو کرێکارانەش کەڕەکلامی بۆدەکەن بەهۆی ناسیاوی و خزمایەتیەوەیە، ئەو ڕۆژە کەچاوپێکەوتنەکەیان ئەنجامدابوو لەگەڵ بازیان پرێسدا، دوو نەفەری نزیک لەخۆیان هەڵبژاردبوو بۆ قسەکردن.. ئەوان لەبەرژەوەندی کارگە قسەیان دەکرد..

دەنگی کرێکار:  ئایادەستەبەریتان(ضمان)هەیە.. وە ئایا بەدواداچوونتان کردووە هەتا بزانن بۆتانکراوە یان نا؟

کرێکارەکە: ئەڵێن هەیە. لەمچەند هەفتەیەی پێشتردا جەختمان کردەوە لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەوەی کەهەیە، بەڵام نازانین ئایا لەسەر کۆی گشتی مووچەکانمان کراوە یان لەسەر چارەکە مووچەو نیوە مووچەکراوە.. دیعایەی ئەوەش هەیە کەئەگەر سبەی وازت هێنا یان دەرکرایت لەکار، کارگە خۆی ضمانەکە وەردەگرێتەوە نەک کرێکارەکان.. نازانین ڕاستە یان نا!

دەنگی کرێکار:  ئێوە معاناتتان هەیەو ناڕازین، بەڵام لەچاوپێکەوتنێکدا لێپرسراوی کارگێڕی کارگەکەتان لەگەڵ بازیان پرێسدا بەجۆرێک لەجۆرەکان ناڕازی بوونتان ڕەتئەکاتەوە؟ ئایا دەتوانیت ڕوونیبکەیتەوە؟

کرێکارەکە: بەڵی معاناتمان هەیە بەتایبەت لەگەڵ هەندێک لەچاودێرەکاندا کەزوڵم لەکرێکار دەکەن و بەچاوێکی نزمترەوە سەیری کرێکار دەکەن.. بەخوا هیچیان وەکو پێوویست نین و بەچاوێکی ترەوە سەیری کرێکار دەکەن.

دەنگی کرێکار: لێپرسراوی کارگێڕی کارگە لەچاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بازیان پرێسدا باسی خەستەخانەو دکتۆری کرد کەچەند باشەو، ئەگەر دووربا حاڵەتێکی نەخوازراو بێتە پێشەوە لەگەڵ کرێکارەکەدا دەمێننەوە بەمەسرەفی خۆیانەوە هەتا کرێکارەکە دەگەڕێتەوە سەر کار،  سەرنجی ئـــێوە چیە لەسەر ئەو ووتانە؟!

کرێکارەکە: بۆ مەسەلەی دکتۆرو ئەوانە، ڕاستە دوو دکتۆری لێیە، بەڵام هیچ خەستەخانەی تایبەت بوونی نیە وبووترێت خەستەخانەیەک هەیە بۆحاڵەتی نەخوازراو خوانەخواستە ئەگەر بێتە پێشەوە.. لەچەندهەفتەی ڕابردوودا کرێکار بریندار بووە لەجیاتی ئامبوڵانس خەڵک بەخێری خۆی گەیاندوویەتیە بنکەیەکی تەندروستی لەدەرەوەی کارگە، نەئامبوڵانس و نە یەک نەفەری کارگەی لەگەڵدا نەڕۆشتووە.. ئیتر نازانم قەرەبووی بۆکراوەتەوە یان دواتر سەردانی کراوە لەماڵەوە یان نا..

Related posts

ژمارە ٥٢ دە نگی کرێکار بە پیدی ئێف

Dangi Krekar

لەپەراوێزی مانگرتنی کرێکارانی پۆست لەکەنەدا!

Dangi Krekar

دیسان کارەساتی  شوێنی کارلە روداوێکدا دووکرێکار گیانیان لە دە ستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment