Dangikrekar.com
وتار

کاری بەکرێ چ پەیامێک ئەدات بە کرێکاران؟

کاری بەکرێ چ پەیامێک ئەدات بە کرێکاران؟

   مەحمود حەلاق 

سرووشتی سیستەمی کاری بەکرێی کرێکار بەچەشنێکە کەکرێکار نەک هەر ئازاد نیە تیایدا، بەڵکو بەهۆیەوە دەبێتە کۆیلەش.. خەڵکانێک ئەتوانن یان دەرفەتی ئەوەیان هەیە بۆئەوەی بۆسبەینێ بمێنێتەوە، دەبێت ڕۆژانە بچن ‌هێزیکارو خوێنی لەشیان بفرۆشن لەپێناوی نانێک دووناندا کەلەباری فیزیکیەوە بەمانای خۆراک، پێداوویستی ڕۆژانە، پۆشاک، شوێنی نیشتەجێ بوون و تەنانەت هاوسەرگیریش دێت، پێوویستە. هەموو ئەمانەش هێزێکن کەئەتوانن مرۆڤ بەگشتی و بەتایبەتیش کرێکار بەزیندوویی بهێڵنەوەو جارێکی تر ئامادەی بکاتەوە بۆسبەی کارکردن.

کرێکار ناچارەو دەبێت ڕۆژانە لەبازاڕی کاردا ئامادە بێت بۆئەوەی بتوانێت یان شانسی ئەوەی هەبێت هێزی کارەکەی خۆی بفرۆشێت.. هەموو ڕۆژێک ئەو بەدوای کڕیارێکدا دەگەڕێت هەتا هێزیکاری پێبفرۆشێت و بۆئەوەی کارەکەشی لەدەستنەدات، دەبێت خوێنی بکات بەئاو لەناو کارگەو شوێنیکاردا، هەرئەمەش بۆخۆی پێچەوانەی بەختەوەری و حەزو نیازەکانی ئەوە، چونکە کرێکاران پێویستییان بەتوانایەکە بۆ ئەوەی دڵخۆش بن، پێویستیان بەماڵ و حاڵێکە هەتا ئاسودە بن، پێوویستیان بەپزیشک و بەخۆراکی تەندروستە هەتا ئاسایشی تەندروستی خۆیان بپارێزن،، پێویستیان بەسەفەرو سیاحەیە، پێوویستیان بەناسین و پەیوەندی نوێی کۆمەڵایەتیە، پێویستیان بەپەروەردەو فێرکاری و فێربوون و..تاد، تەنها بۆئەوەی چێژێک وەربگرن و بەدڵێکی خۆشەوە بحەوێنەوە.. هەموو ئەمانەش بەمانای ئازادی ئابوری کرێکار یان ڕاستتر توانای ئابوری کرێکار. بەم پێیە مادام توانای ئابوری کرێکار خراپە، ڕاستەوخۆش کاریگەرییەکانی لەسەر حەزو نیازو بەختەوەرییەکەشی دائەنێت.

سەرمایەدارو خاوەنکارو کارخانەو کۆمپانیاکان کرێکار مەحکوم دەکات بە ٨ سەعات و دەو دوانزە سەعات کارکردن و لەناوخراپترین فەزای کاردا، ئینجا بەو حاڵەوە کەدەگەڕێتەوە بەشەکەتیەوە بەرەو ماڵەوە، دەبێت بچێت خۆی ئامادەو نوێبکاتەوە، بەڵام ئەو ناتوانێت! چونکە شەکەت و ماندووەو بەم هۆیەوە بەختەوەر نیە، هەربۆیە بەپێی لۆژیکی سیستەمی کاری بەکرێ، کەسی بەختەوەر کەسێکە کە لەداهێنان و داهێنەری خۆیدا کەڵک وەردەگرێت.، بەم هۆیەوە کرێکاران لەوەش بێبەش ئەبن. کرێکاران تەنها خاوەنی هێزیکاری خۆیانن، ئەم هێزی کارەش لەبازاڕی کاردا وەک هەر کاڵاو شتومەکێک وایە، چونکە ئەیفرۆشێت و لێی ئەکڕن، کاتێک دەیباتە بازاڕ، جگە لەوەی کەزۆرینەی جارهەرزانفرۆشی دەکات، خاوەنکارو کۆمپانیایەک ڕێژەیەک پارەی بۆدائەنێن لەمامەڵەیەکدا، کرێیەکی هێندە هەرئەوەندەی کەبتوانێت بەزیندوویی بمێنێتەوە بۆسبەی جارێکی تر کارکردن، بەمانایەک کەبتوانێت بەو ڕیژە پارەیە کەناوی حەقدەستە بتوانێت خۆی بەرهەمبهێنیتەوە. هەربۆیە کرێکاران تاقە چینیکێن کەکەمترین داهاتیان هەبێت.

بەپێی خودی پێناسەی هێزی کار، کرێکار خۆی دەفرۆشێت، چونکە لەناوکاردا خوێنی دەبێت بەئاو لەپێناوی ئەوەی کەبتوانێت بژی، دەبێت لەپرۆسەیکاردا بەشداری بکات، لەناو ئەم پرۆسەیەشدا بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسیەکانی کارو بەتایبەت خەتەرترینیان کە ڕکابەرییە لەگەڵ هاوڕێ و هاوچینەکەی خۆیدا، مەترسیەکانی بێکاری، حەقدەستی کەم و سەعاتکاری زۆر، هەر ئەمەش خود بەخود هەژاری، نەداری، دواکەوتوویی و چەندین دەرئەنجامی دیکەی وەک ئالوودەبوون بەماددە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی و هەزار کارەساتی دیکەی بەدواوەیە کەئێستاکە کۆمەڵگای هاوچەرخ تێیدا نوقم بووە.

هەربۆیە هەمیشە ئێمە وەک ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار ووتوومانە، تەنها ڕێگایەک کەمابێتەوە بۆکرێکاران، تەنهاو بەتەنها لەدەوری یەکتری کۆبوونەوەو پێکهێنانی دەستەو کۆڕوکۆمەڵ و ڕێکخراوی دڵخوازانەی خۆیانە، هەتا لەم ڕێگایەشەوە بتوانن هێزوپێزی پەرشوبڵاویان کۆبکەنەوەو خۆیان ئامادەو ڕێکخراو بکەن بۆئەوەی فشارەکانیان بەهێزو گوڕو تینێکی گەورەی کۆمەڵایەتیەوە بهێننە مەیدانەوە لەپێناوی ژیان و ئایندەیەکی باشتر بۆخۆیان و خانەوادەو منداڵەکانیان.. دەنگی کرێکار لەمەیدانەدا ئامادەو ڕاوەستاوە لەپێناوی ئێوە کرێکاراندا.

Related posts

کێ مافی دەرکردنی کرێکاری لەسەرکار هەیە؟

admin

Workers Struggle Centre – Sri Lanka Kurdistan Regional Government Representation

Dangi Krekar

بۆچی نابێ کرێکاران بەبێ گرێبەست کار بکەن؟

Dangi Krekar

Leave a Comment