Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

 کرێکارانی ژینگەپارێز خۆیان ئەدوێن! ڕاپۆرت

 کرێکارانی ژینگەپارێز خۆیان ئەدوێن!

 ڕاپۆرت/ ئامادەکردنی

مەحمود حەلاق

 کرێکارانی ژینگەپارێز لەژیانێکی نالەبارو دۆخی سەختی کارو لەبەر گەرمای تیژی هاویندا کاردەکەن و بەمووچەیەکیش کەناتوانێت تەنانەت پێداوویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان دەستەبەر بکەن..

لەشاری سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری سلێمانی چەندین کرێکارم دواند لەسەر مووچەو چۆنێتی کارکردنیان بەم گەرما تیژەی هاوین.

لەسلێمــانی: وەزعمان زۆر باش نیە، ترسی دواکەووتنی مووچەو نەبوونی کارێکی باشتر، ناچاری کردووین ملبدەین بەم کارە. مەسرەفی خواردن و تەنانەت ئاو خواردنەوەش لەسەر خۆمانە. هەمومان کرێچین و هەیە لەناو ژیانی هاوسەریدایەو دنیایەک پارە قەرزارە. کرێکارێکی زۆرمان هەیە هی دەرەوەی کوردستانن وەکو پێوویست و وەک هەرئینسانێک قەدردانییان لێناکرێت. زۆرینەی جار لە ٨سەعات زیاتر کاردەکەین و چاودێرەکانیشمان هیچ چاوپۆشییەک ناکەن ئەگەر بەڕێکەوت دوو دەبە ئاوی فڕێدراو هەڵنەگرینەوە. خەڵکیش گوێ بەژینگەو هیلاکی ئێمە نادەن و خاشاک و شت فڕێ ئەدەن..

لەدەڤەری ڕانیە: دۆخی ئێمە باشتر نیە لەشارو ناوچەکانی دیکە، سەرەڕای گیروگازی مووچەو مافەکانمان کەدەکەوێتە ناو کایەی حکومەت و کۆمپانیاکانەوە، وەکو تریش بەهۆی گەورەو گەورەبوونەوەی شارۆچکەکانەوە ئیشی ئێمەش فراوانترو سەخت تر بووەتەوە. لەژمارەی دەنگی کرێکاری پێشووتردا ئاماژە درابوو بە ٥ شارەوانی ناو دۆڵی بازیان کە سەیارەی کاپیسەیان کەمەو فشار زیاترە لەسەر کرێکارەکان، بەم هۆیەوە ئیشیان سەختترە، ئێمەش هەرواین. کاتێک کاپیسەیەک تەواو نیە، یان شکاوە، ئیدارە ناچێت چاکی بکاتەوە، بۆیە دەبێت ئێمە چاوەڕێی هاتنەوەی شەفتی مەلابانگان بکەین کەزووتر چوونەتە سەرئیش هەتا بتوانین سەیارەی کاپیسەکەی ئەوان وەربگرین و دوانیوەڕوان بەم گەرمایە هەتا سەعات ٩ و ١٠ کاربکەین. مانگ زیاترە بەمجۆرە بەناچاری ڕایدەکێشین بەبێ ئەوەی مشورمان بخورێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وەک خۆتان باشتر ئەزانن، ئێستاکە شارۆچکەکان گەورەترو فراوانتر بووەتەوە، هەربۆیە کارکردنی ئێمەش فراوانترو سەختتر بووەتەوە بەهەمان مووچەوە کەوەک سواڵ و سەدەقە ئەماندەنێ.

لەتەکیەی چەمچەماڵەوە: لەسەردانێکی تیمی دەنگی کرێکاردا لەسەرەتای مانگی شەشدا، بەهەمان شێوە کرێکارەکانی ژینگە پارێز وتیان هەموو شارۆچکەکە تەنها دوو کابیسەی هەیەو ئەوەش بووەتە هۆی بارگرانی بەسەر شانی ئێمەوە. شارەکە گەورەیەو گەورەتریش دەبێتەوە. مووچەکانمان دەکەوێتە ناوگیروگازو کایەی نێوان کۆمپانیاو حکومەتەوە، درەنگ خستنی مووچەکانمان بووە بەدیاردەو هەرساڵێک چەندجار دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای قەرزاری کۆمپانیای پێشتر هی مووچەی کرێکاران کەهێشتا نەدراوەو هەتا ئێستا دەستی دەستیمان پێدەکرێت. ئایا بەڕای ئێوە وەک دەنگی کرێکار دووسەیارە کەم نیە بۆ خاوێنکردنەوەی شارۆچکەیەکی ئاوا گەورە؟ ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسا ئەبێت خاوەنکار پێداویستی تەواو بۆ کرێکارەکانی ئامادە بکات..

لەبازیانەوە: لەکاتی دابەشکردنی دەنگی کرێکاردا، زۆرینەی کرێکارەکان نەیانوێرا ڕۆژنامەکە وەربگرن لەکاتێکدا تامەزرۆی ڕۆژنامەکەی خۆیان بوون کەبگاتە دەستیان.. کاتێک پرسیم بۆچی وەریناگرن، هەریەکەو قسەیەکی کردو ناچار کرێکارێکیان ووتی: هەڕەشەمان لێکراوە کە وەرینەگرین و هەرکرێکارێک ئەو ڕۆژنامەیە وەربگرێت لەئیش دەرئەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە بۆممنوع کردن و قەدەغەکردنی وەرگرتن و خوێندنەوەی ڕۆژنامە، کتێب و نوسراوی بیستراو بینراو لەهیچ کەسێک. 

Related posts

سەرنجێک لەسەر ڕۆڵی کرێکارانی پێشڕەو و ئەرکەکانیان!

Dangi Krekar

”هەم گرانی سەری هەڵداوە و هەم بێبازاڕی!“

admin

 ڕاپۆرتێک لەسەر کارگەی خشتی ئاسۆ

Dangi Krekar

Leave a Comment