Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

کرێکارە چ لە حەلەب بێت و چ لە هەولێر، قوربانییە نەک تاوانبار

کرێکارە چ لە حەلەب بێت و چ لە هەولێر، قوربانییە نەک تاوانبار

شاباز محمود 

کرێکاری کۆچبەر و فێڵی قەومپەرستی کاتێک سەرمایەداری جەستەی هەژاران دەکاتە نیشانە

​لە پەراوێزی ئەو تاوانە قێزەونانەی کە میلیشیا ئیسلامی و چەتەکانی سەر بە “ئەحمەد ئەلشەرع” لە دژی خەڵکی مەدەنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب ئەنجامیان دا، شەپۆلێکی ڕەش و ژەهراوی لە ڕەگەزپەرستی و نەعرەتەی قەومی لە شاری هەولێر بەڕێخراوە.

ئەم شەپۆلە کە کرێکارانی سوری کردووەتە ئامانج، تەنها ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتیی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو فەرهەنگە دواکەوتووانەی کە دەیەوێت “شوناسی قەومی” بخاتە شوێنی “شوناسی چینایەتی” تا ڕیزەکانی کرێکاران پارچەپارچە بکات. ​کرێکار بێتاوانە؛ تاوانبار سیستەم و چەتەکانیەتی ​ئەو کرێکارە سورییەی کە ئەمڕۆ لە چێشتخانە و کافتریاکانی هەولێر سوکایەتی پێ دەکرێت و لە کار دەردەکرێت، هەمان ئەو مرۆڤەیە کە بەهۆی جەنگی نوخبەکان و قەیرانی سیستەمی سەرمایەدارییەوە ئاوارە بووە و بۆ پارووە نانێک پەنای بۆ ئەم شارە هێناوە.

ئەم کرێکارە چ لە حەلەب بێت و چ لە هەولێر، قوربانییە نەک تاوانبار. تاوانبار ئەو چەتانەن کە خوێنی مرۆڤ دەکەنە بازرگانی تاوانبار ئەو فیکرە توندڕەوەیە کە دەیەوێت جەستەی هەژاران بکاتە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی. تاوانێک کە چەتەکانی داعش و ئەلشەرع ئەنجامیان داوە، هیچ پەیوەندییەکی بەو مرۆڤە ماندووانەوە نییە کە تەنها خەمی نان و ژیانیان هەیە. ​یەکێتیی چینایەتی؛ وەڵامی ئێمە بۆ ڕەگەزپەرستی ​.

ئێمە بڕوامان وایە کە “نیشتمانی کرێکار” ئەو سەنگەرەیە کە تێیدا دژی چەوسانەوە دەجەنگێت.

کرێکاری کورد و کرێکاری سوری لە یەک سەنگەردان؛ هەردوولا قوربانیی هەمان سیستەمی چەوسێنەرن. بەگژیەکداکردنی خەڵک لەسەر بنەمای قەومی و زمان، فێڵێکی مێژووییە بۆ لادانی سەرنج لەسەر دوژمنە ڕاستەقینەکە. پێکەوەژیانی ساڵەهای ساڵی خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان لە حەلەب نیشانی داوە کە جەماوەر کێشەی لەگەڵ یەکتردا نییە، بەڵکو ئەمە نوخبە سیاسی و سەربازییەکانن کە بۆ مانەوەی خۆیان پێویستییان بە ڕق و کینە و خوێنڕشتن هەیە.

​ئەرکی ئێمە و بەرپرسیارێتی دەسەڵات ​ئێمە وەک لایەنگری یەکسانی، ئەم ڕەفتارە ڕەگەزپەرستییانە مەحکوم دەکەین. داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی هەولێر بە ئەرکی خۆیان هەستن لە دۆزینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی سوکایەتی بە کرێکاران دەکەن و ڤیدیۆی ڕەگەزپەرستانە بڵاودەکەنەوە. پێویستە هەموو ئەو کرێکارانەی لەسەر کارەکانیان دەرکراون،

بە کەرامەت و ڕێزەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

​لێرەوە ڕایدەگەیەنین: هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کرێکارێکی کۆچبەر، هێرشە بۆ سەر کەرامەتی هەموو کرێکارانی کوردستان. ئێمە ڕێگە نادەین فەرهەنگی دواکەوتووی قەومپەرستی، یەکگرتوویی ئینسانی و چینایەتیمان تێک بدات.

Related posts

كرێكارانی كوردستان ستەمی زۆریان لێدەكرێت

Dangi Krekar

٨ی مارس ڕۆژی توندکردنەوەی کێشمەکێشی ئوردوی کارو سەرمایەیە!

admin

کرێکارێک لەنهۆمی سێیەمی پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا لەسلێمانی کەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment