هەڵمەتی دەرکردنی کرێکاران و خەڵکی عەرەب و غەیرە کورد ڕاگرن!!
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی تاوانکاری ئیسلامیەکانی سەر بەتورکیاو جولانیەوە لەدژی دانیشتوانی کورد لەدوو گەڕەکی حەڵەبدا، هەڵمەتێکی ناڕەوا لەجنیۆفرۆشی و مهاتەرات و بێحورمەتی ڕەووبەڕووی کرێکاران و خەڵکی غەیرە کورد لەسۆشیال میدیاو کەناڵەکانیەوە لەکوردستان بڵاوکرایەوە…..
ئەم هەڵمەتە فاشیستیە، دیوی دووەمی هەمان سیاسەتی فاشیستانەو ڕاسیستانەی کالعادەی حکومەتەکانی ناوچەکەیە دەرحەق بەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان کەبەدرێژایی مێژوو هەتا ئێستاش هەر ئەو خەڵکە باجی نەهامەتیەکانی بەشێوەیەکی پڕ تراژیدیایی لەسەر ئەداتەوە… دەرکردنی کرێکارانی سوری بەهۆی عەرەب بوونیانەوە لەلایەن چەندین ناوەندی کارەوە لەکوردستان بەبەرچاوی دەسەڵاتدارو حکومەتی هەرێمەوە، فاشیزم و ڕاسیزمێکی تەواو عەیارەو گەورەترین تاوانکارییە بەرامبەر بەئینسان … دەسەڵاتداران و حکومەت لێپرسراوی یەکەمن بەرامبەر بەم نەعرە کوێرە ڕاسیستە کوردییە کە کرێکاران و خەڵکی عەرەب زمانی کردۆتە ئامانج و سۆشیال میدیاش تەنراوە بەجۆرەها ئیهانەو بێحورمەتی و جنێۆفرۆشی دەرحەق بەوان تەنها بەتاوانی ئەوەی کەغەیرە کوردن و لەنەتەوەیەکی ترن…
سەرمایەداری و حکومەتەکانی، ناسیونالیزم و نەتەوە پەرستی وەک چەکێکی کوشندە هەمیشە بەدەستەوە دەگرێت بۆ پەرتپەرتکردنی کرێکاران و کۆی گشتی خەڵک لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و گێچەڵ و ئاژاوە دەخاتە نێوانیانەوە… ئەوان لەم گۆمە لێڵ و لیخنەدا قازانجی زەبەللاخی ماددی و مەعنەوی کردووە دەکات لەسەر حسابی کوێرکردن و چەواشەکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ووڵاتەکانی خۆیان و درزو کەلێن و ڕق و نەفرەت لەدەماغ و بیرکردنەوەی ئەواندا سەوزو گەورە دەکاتەوەو ڕادەگرێت و بۆ مەرامە گڵاوەکانی خۆی و دەیانکەن بەسوتەمەنی و بەناوی دیفاع لەسەروەری خاک و نیشتمانەوە لەشەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بەکوشتیان ئەدەن ..
بەڵام!! دەبێت کرێکاران و زەحمەتکێشان.. ئازادیخوازان و کۆی گشتی خەڵک ساتەوەختێک بیربکەنەوە لەسەر ئەم دژایەتی و سیاسەتی چەواشەکارییانە کەدەخرێتە نێوانیانەوەو لەخۆیان بپرسن ئایا کام نیشتمان و کام ووڵات ؟! ئایا ئەو چوارچێوە جوگرافیایەی کەقۆرخکراوەو خەڵکەکەی کارێکی تێدا دەستناکەوێت..!؟ کەزۆرینە بێکارو بێخانەو لانەیە! کەگەنجانی لەبێکاریدا شەقامی نیشتیمان دەپێوێت و بەئاواتی هەزاران خۆزگەوە خەریکە سەردەنێتەوە..؟!. ئەو ووڵاتەی کە ژن ئازاد نیەو تیرۆر دەکرێت و بەئینسانی نازانن..! ئەو ووڵاتەی کەخەڵکەکەی هەژارانە ئەژین و بەچنگەکڕێش نانی ئێوارەی دەستناکەوێت..! ئەو ووڵاتەی کە ژیانی خەڵکەکەی بەکۆمپانیا کراوە لەناو بازاڕسازی سەرمایەی ئەواندا..! ئەو نیشتمانەی کە هەرئێستا خەڵکەکەی خۆی قەتڵ و عام دەکات لەتاران و لەشارەکاندا… ئەو چوارچێوە جوگرافیایەی کە مافی نەتەوەکانی تێدا ئیعدام دەکرێت..!
ئەو نیشتمان و جوگرافیایەی کە خەڵکەکەی تێـــیهەڵئەدرێ و لەسەر مافی خۆی ئەتک دەکرێت..! ئەو ووڵاتەی کەخەڵکەکەی لەلێواری مەرگ و نەخۆشی و هەزارو یەک دەردی سامناک پێچاوەتەوە..! ئەو جوگرافیایەی کەهەزاران ئاوات و خۆزگەی تێدا زیندەبەچاڵ دەکرێت..؟! ئەو نیشتیمانەی کەژیانی گەنجان و لاوان و کرێکارو خەڵکەکەی بەبارەمتە گیراوەو ناچار دەکرێن بەکۆچی زۆرەملێی؟!… نیشتیمان هی ئەوانەیە کە سەرمایە گوزاری و کەکەڵەکەی سەرمایەی تێدا دەکەن … هی ئەوانەیە کەموچەی تاقە مانگێکیان یەکسانە بەکۆی ژیانی تاقە نەفەرێک.. نیشتیمان هی ئەوانەیە کەژیان و کارو زیندوومانەوەی خەڵکیان بەبارەمتە گرتووە…
هی ئەو دەسەڵاتداران و حکومەتانەیە کە تەوقە لەگەڵ یەکدا دەکەن و لەسەر مێز دائەنیشن و نەخشەی وێرانکردنی ژیانی ئێمە دائەڕێژن… هی ئەوانەیە کەئازادی سەرکوتــــئەکەن و ژن بەئینسان نازانن.. هی ئەوانەیە کەهەموو نیعمەتی ئەم سەرزەوییەیان قۆرخکردووەو حەقی ژیانیان لەکرێکارو خەڵکەکەی سەندووەتەوە…
هی ئەوانەیە کەژیانی ئێمەیان وێران و داغانکردووەو خەتەریشیان بۆ زیندوو مانەوەمان دروستکردووە… دەبێت کرێکاران و خەڵکی هەر وڵاتە شەڕی ئازادی و ژیان و زیندوو مانەوەی خۆی بکەن .. ئەم شەڕە شەڕی ئەوانەو لەمەیداندایەو دەبێت تەکلیفی خۆیان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتدارەکانیان یەکلایی بکەنەوە بۆئەوەی لەم ڕێگایەشەوە ناسیونالیزم و نەعرەی کوێرو دژە ئینسانی فاشیزم و ڕاسیزمی نەتەوەیی لەگۆڕ بنرێت ..
دەبێت کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەڕیشەوە جیاکاری بکات لەنێوان کرێکاران و خەڵکی هەر نەتەوەو مەزهەبێک لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتدارو دەوڵەتە هارو دڕندەکانی ئەوان و زۆر ئاگایانە درک بەو سیاسەتە وەحشی و فاشیزمە بکات کەچۆن ئەوان زمان و نەتەوەچێتی لەناو بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ڕاسیستی خۆیاندا وەکو شیر دەرخواردی خەڵکی ئەدەن و تەفرەقەو ڕق و کینەو دژایەتی ئەخەنە نێوان ئەوانەوە لەپێناوی بردنە پێشەوەی سیاسەتە دژە مرۆییەکانیاندا…
کرێکاران نە نیشتمانیان هەیەو نە ووڵات، ئەوان هیچیان نیەو خاوەنی هیچ نین، تەنها هێزی کاری خۆیان نەبێت، ئەو هێزەش بەناچاری لەم ووڵاتەدا هەڕاجفرۆشی دەکەن لەپێناوی ئەوەی بژین بۆ سبەی…
ناسیونالیزم شەرمەزارییە بۆ ئینسان .. ئینسانیەت و هەویەی ئینسانی مەرجی ئینسانی ئازادە لەڕاستای ژیانێکی باشتردا.. بژی ئینسانیەت و هەویەی مرۆیی
