Dangikrekar.com
وتار

کۆیلایەتیکار لەژێر پەردەی فێربوونی پیشەدا، کێ گەنجانی کوردستان دەپارێزێت؟

کۆیلایەتیکار لەژێر پەردەی فێربوونی پیشەدا، کێ گەنجانی کوردستان دەپارێزێت؟

محمود حەلاق

دیاردەی کاری خۆبەشی لەکوردستان، لەچەمکێکی مرۆیی و ئەخلاقییەوە گۆڕاوە بۆ فێڵێکی پیشەیی و ئامرازی چەوساندنەوە لەکەرتی تەندروستی، کارگەکان و ناوەندە بازرگانییەکان وەک فشارێک دژی گەنجانی بێکار بەکاری دەهێنن. ئەمڕۆ گەنجی ئێمە لەنێوان بەرداشی بێکاری و نادادپەروەری خاوەنکارەکاندا دەهاڕدرێت، بەجۆرێک کەناچار دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ بێبەرامبەر کار بکات، تەنها بەو ئومێدەی ڕۆژێک دابمەزرێت، بەڵام ئەنجامەکەی تەنها بەکارھێنان و فێڵ و درۆو فڕیودانە.

لەسایەی سیستەمی سەرمایەی کوردایەتیدا، چەمکی فێربوونی پیشەو خۆبەخشی لەمانایەکی مرۆیی و گەشەپێدانەوە گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی ترسناک بۆ چەوساندنەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەبازاڕو سێکتەرە جیاوازەکاندا دەگوزەرێت، تەنها وەرگرتنی ئەزموون نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ڕێکخراوی کۆیلایەتی مۆدێرنە کەتێیدا وزەو کاتی گەنجان بەهەرزانترین نرخ، یان بەبێ نرخ، دەکرێتە سووتەمەنی بۆ گیرفانی لێپرسراوە سەرمایەدارەکان.

ئەوەی ئێستا لەزۆرینەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، کارگەکان و وەرشە پیشەییەکانی کوردستاندا دەگوزەرێت، جۆرێکە لەچەتەیی ئابوری، خاوەنکارو کۆمپانیاکان بەپاساوی ڕاهێنان و فێربوونی کارەوە، لەشکرێک لەگەنجانی دەرچوو و خاوەن لێهاتوویی کۆدەکەنەوە. ئەم گەنجانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ و مانگ هەموو ئەرکە قورسەکانی کارەکەیان دەخرێتە سەرشان بەبێئەوەی یەک دینار دەرماڵە یان کرێی گواستنەوەیان بۆ خەرجبکرێت.

کاتێکیش قۆناغی فێربوونەکە تەواو دەبێت، لەبری دامەزراندن، بەپاساوی جۆراوجۆرەوە ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوەو گروپێکی تری گەنجی تینووی کاردەخرێنە شوێنیان، بەمەش خاوەنکارەکە هەمیشە دەستیکاری بەلاش وبێبەرامبەری لەبەر دەستدایە..

لەم چوارچێوەیەداو وەک کاردانەوەیەکی یاسایی بەرامبەر بەم پێشێلکارییە زەقە، لەڕۆژی١٠/٥/٢٠٢٦دا کۆمەڵێک لەپارێزەرانی داکۆکیکار لەمافی مرۆڤ و مافی کار، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕووبەڕوودا بۆ ڕای گشتی و حکومەت، پەردەیان لەسەر ئەم چەتەییە پیشەییەلادا..

پارێزەران بەڕاشکاوی ڕایانگەیاند کە ئەم جۆرە مامەڵەیە نەک هەر نایاساییە، بەڵکو سوکایەتییە بەشکۆی مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی یاسایکارە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کەبێدەنگی حکومەت و لایەنە چاودێرەکان بەرامبەر بەم تاڵانکردندنەی وزەی گەنجان، ڕێگا خۆشکەرە بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت زیاتر دەستدرێژی بکاتە سەر مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان. ئەم هەڵوێستەی پارێزەران سەلماندی کە ئەوەی دەگوزەرێت پڕۆسەیەکی ڕێکخراوی فێڵکردنەنەک خزمەتکردن بەبازاڕی کار.

یەکێک لەمەترسیدارترین ڕەهەندەکانی ئەم دیاردەیە، بەکارهێنانی گەنجانە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداری و خزمەتگوزارییانەی کەلەڕیشەوە دەبێت حکومەت پێیانەوە پابەند بێت.

کاربەدەستان و دەسەڵاتی کۆمپانیاکانی حزب، بەئەنقەست خۆیان لەڕێکخستنی ئەم سێکتەرانە گێلدەکەن و لەجیاتی ئەوەی سیستەمێکی دامەزراندنی دادپەروەرانە بونیاد بنێن، کەچی دەرگای خۆبەخشی واڵا دەکەن هەتا گەنجان ئەو ئەرکانە ڕاپەڕێنن کەدەبێت فەرمانبەری تازەجێگایان پڕبکەنەوە..

ئەوان بۆشایی ئەرک ولێپرسراویەتی حکومەت پڕدەرکەنەوە کەدەبوایە ئەو بیکردبایە، بەڵام ئەو  بێشەرمانە تەنها سەیرکەرەو باکی بەهەستی لێپرسراوێتی  وئینسانیەتی خۆبەخشەکانەوە نیەو ئامادەش نیە تەنانەت کرێی هاتووچۆکانیان بۆ دەستەبەر بکات.

حکومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەکان، بەڕەواجدان بەم جۆرە خۆبەخشییە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ شانی خۆیان لەلێپرسراوێتی دابینکردنی دامەزراندن وژیانێکی شایستە دزیوەتەوە. کاتێک گەنجێک بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر وەک خۆبەخشێک لەشوێنێک کاردەکات و دەچەوسێنرێتەوە، حکومەت لەژێر باری دابینکردنی هەلیکارو بیمەی بێکاری ڕزگاری دەبێت، هەرئەمەش وادەکات گەنج لەبازنەیەکی داخراودا بمێنێتەوە،کار دەکات بەبێئەوەی خاوەنی ژیانی خۆی بێت و بەئاواتی دامەزراندن تەمەنی هەروا بەفیڕۆ دەڕوات.

ئەم مۆدێلە لەکارکردن، خزمەتێکی گەورە بەدزین و کەڵەکەی هەرچی زیاتری قازانجدەکات. کۆمپانیا حزبییەکان و خاوەنکارە چاوچنۆکەکان، کاتێک دەبینن سوپایەک لەگەنجی بێکارو بەهرەمەند ئامادەن تەنها بۆ پڕکردنەوەی سیڤیکارێک بکەن، تێچووی بەرهەمهێنان بۆ سفر کەمدەکەنەوە. ئەوەی دەبوو وەک مووچەو بیمە بۆ گەنجان بگەڕێتەوە، دەبێتە قازانجێکی سافی و لەگیرفانی دەسەڵاتداراندا کەڵەکە دەبێت. ئەمە تەنها بازرگانی نییە، بەڵکو دزینی ڕەنجی هەزاران گەنجە لەژێر ناوی خۆبەخشیدا.

سیستەمی سەرمایەی کوردایەتی وایکردووە کەدامەزراندن، لەمافێکی یاساییەوە ببێتە خێرو سەدەقەیەک کەخاوەنکار یان بەرپرسێک ئەیداتەوە بەڕووی گەنجێکدا. خۆگێلکردن و بێدەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەبوونی چاودێری وردیش بەسەر کۆمپانیاکانەوە، وایکردووە کەهێزیکاری گەنج وەک کاڵایەکی بەسەرچوو سەیر بکرێت کەدەکرێت هەر کاتێک بێت بەهێزێکی نوێ و خۆبەخشێکیتر بگۆڕدرێت.ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو بڕیارێکی ڕاشکاو لەئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوو بۆ قەدەغەکردنی کاری خۆبەشی لەدامودەزگاکانی دەوڵەت و ڕێکخستنەوەی لەکەرتی تایبەتدا، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیەکەبۆچی بڕیارەکان تەنها لەسەر کاغەزن؟!

وەڵامەکەشی ئەوەیە کە: چونکە ئەو کۆمپانیا ئەهلییانەی ئەم کارە دەکەن، پشتئەستوورن بەدەسەڵاتی سیاسی، هەر بۆیە سڵ لەشکاندنی یاساو ڕێنماییەکان ناکەنەوە. بێدەنگی حکومەتیش،لەڕاستیدا خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیاریەتی دابینکردنی هەلیکارو دامەزراندن. کاتێک حکومەت نەتوانێت گەنجێک، دەرچوی زانکۆو پەیمانگایەک دابمەزرێنێت، چاوپۆشی لەکەرتی تایبەت دەکات کەچۆنی بوێت وابکات بەبێئەوەی قیمەت دابنێت بۆئەو یاسایکارەی کەپۆزی پێوە لێئەدات.

بێدەنگی لەئاستی ئەم دزییە قازانجهێنەرە شاراوەیەدا،هاوبەشیکردنە لەتاوانێک کەلەبەرامبەر گەنجانی بێکارو دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دەکرێت. پاراستنی گەنجان پێویستی بەیاسایەکی توندی کار هەیە کەڕێگە نەدات هیچ کۆمپانیاو دامەزراوەیەک، بۆشاییە ئیدارییەکانی خۆی بەماندووبوونی بێبەرامبەری گەنجان پڕبکاتەوە، نابیت بهێڵرێت دەسەڵاتداران وکۆمپانیاکانیان لەسەر چەوساندنەوەی گەنجەکانی قازانج کۆبکاتەوە، داهاتوویان بەیەکجاری وێران و نائومید بکات. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو کۆیلایەتییە بهێنرێت کەناوینراوە خۆبەخشی و فێربوونی پیشە، بەڵام ناوەرۆکەکەی تەنها تاڵانکردنی ژیان وتەمەن و وزەی نەوەی نوێیە.

ئەم فێڵکردنە تەنها زیانی ماددی نییە، بەڵکو تیرۆری مەعنەوی گەنجیشە. کاتێک دەرچوویەکی زانکۆ یان خاوەن پیشەیەک دەبینێت ساڵێک تەمەنی لەشوێنێک بەخۆڕایی بەفیڕۆ دەچێت و دواتر بەبێڕێزی دەردەکرێت، دەبێتە پاڵنەری سەرەکی بۆ ئەوەی ڕوو لەڕێگاکانی کۆچی نایاسایی ناو دەیان تراژیدیای دڵتەزێن بکاتەوە. حکومەتێک کەبێدەنگە لەئاستی چەوساندنەوەی گەنجەکەی، ناتوانێت گلەیی و گازندەی ئەوە بکات کەگوایە گەنجانی ئێمە تەمەڵ و کارنەکەرن و بۆچی سەرمایەی مرۆیی وڵاتەکە ڕوو لەدەرەوە دەکات.

ئەم دیاردەیە ئەگەر ڕانەگیرێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی تەواوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابوری. ناتوانرێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست دروستبکرێت کاتێک ماندووبوون تێیدا بەخۆڕاییبێت. پێویستە حکومەت لەبێدەنگی بێتە دەرەوەو ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەو ناوەندە تەندروستی و پیشەییانە بگرێتە بەر کەگەنجان وەک کۆیلەیەک دەبینن. هەڵوێستی پارێزەران دەبێت ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕاپەڕینێکی یاسایی و مەدەنی دژی ئەم نادادییە، تا چیتر فێربوونی پیشەنەکرێت بەچەکێک بۆ وێرانکردنی ژیان و چارەنووسی هەرچی خراپتری گەنجان.

Related posts

ئایا خەتای کرێکارانی هاتووە کەکرێ و حەقدستی کەمکردۆتەوەو کرێکارانی ”خۆماڵی” بێکار کردووە؟ 

Dangi Krekar

تێڕوانینی دەنگی کرێکار سەبارەت بەکاری منداڵان

Dangi Krekar

سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار نامەیەک ئاراستەی ڕێکخراوی کاری جیهانی ILO دەکات

Dangi Krekar

Leave a Comment