دەستە کرێکارییەکان تاکە ئامرازی ڕێکخراوبوون و ڕزگاری لەژێر چەپۆکی جیاوازی چینایەتیدا
شاباز مه حمود
لەجیهانی ئەمرۆی ئێمەدا، مرۆڤ بوون تەنها لەچوارچێوەی خاوەندارێتی وسەرمایەدا پێناسە دەکرێت. لەم نێوەندەدا چینی کرێکار وەک بڕبڕە یپشتی بەرهەمهێنان لەقووڵترین دۆخی پەراوێزخستندایە. نامۆبوون لێرەدا تەنها چەمکێکی فەلسەفی وشک نییە بەڵکو ئازارێکی ڕۆژانەیە کرێکاری کورد وعێراقی کاتێک دەچێتە ناو کارگە یان پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان، تەنها وەک پارچەیەدەگێک لەئامێرەکان سەیردەکرێت. ئەو لەبەرهەمی دەستی خۆی نامۆ دەکرێت چونکە ئەوەی دروستی دەکات بۆ ئەو نییە وئەو هێزەی خەرجی دەکات تەنها بۆ دەوڵەمەند کردنی نوخبەیەکی کەمینەیە.
ئەم واقیعە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو جیاوازییە چینایەتییە قووڵەیە کەکوردستان وعێراقیدا ڕزاندووە. لەلایەکەوە نوخبەیەکی سیاسی ودارایی هەیە کەهەموو جومگەکانی ئابووری زەوی وکارگەکانیان کۆنترۆڵ کردووەو لەلایەکیترەوە سوپایەکی بێشومار لەکرێکاران هەن کەتەنها خاوەنی هێزی بازوویانن.
لەسیستەمێکدا کەیاساکانی کار تێیدا تەنها مەرەکەبێکن وسەلامەتی گیانی کرێکار لەدوای قازانجی خاوەنکارەوەدێت، جیاوازی چینایەتیش دەبێتە دیوارێکی ئەستوور کەڕێگرە لەگەیشتن بەدادپەروەری.
بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە چۆن ئەم دیوارە بڕوخێنرێت؟ وەڵامەکە تەنها لەدەستەکرێکارییەکاندا چڕدەبێتەوە. لەبەر ڕۆشنایی سستبوونی سەندیکا تەقلیدییەکان و پاشکۆیەتییان بۆ هێزە سیاسییەکان، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دەستە کرێکارییەکان وەک ئیرادەیەکی سەربەخۆ لەناو خودی کارگەو شوێنیکارەکاندا سەر هەڵبدەن دەستە کرێکارییەکان بەهێزترین و ڕاستەقینەترین جۆری ڕێکخراوبوونی جەماوەرین.
ئەم دەستانە لەخوارەوە بۆ سەرەوە دروستدەبن، واتە کرێکاران خۆیان بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی نوێنەرانی خۆیان لەناو هاوڕێ و هاوکارەکانیان هەڵدەبژێرن. ئەرکی ئەم دەستانە تەنها داواکردنی مووچە نییە بەڵکو چاودێریکردنی وردی دۆخیکار، سەلامەتی پیشەیی و بەرگریکردن لەشکۆی کرێکارە لەبەرانبەر هەر سوکایەتییەکی خاوەنکار یان سیستەمەکە.
کاتێک کرێکارێک دەبێتە ئەندامی دەستەیەکی کارا، چیتر خۆی وەک پارچەیەکی بێدەسەڵات نابینێت، بەڵکو هەستدەکات خاوەن ئیرادەو بڕیارە. ئەم دەستانە دەبنە قوتابخانەیەک بۆ بێدارکردنەوەی هۆشیاریی چینایەتی و گۆڕینی هاوکێشەی هێز لەبەرژەوەندی زۆرینە.
چۆن دەستە کرێکارییەکان پێکبهێنین؟
زۆر کەس دەپرسن ئێمە کەمینەین چۆن دەستپێبکەین؟ وەڵامەکە سادەیە ژمارە گرنگ نییە، گرنگ دەسپێکردنە. دەستە کرێکارییەکان لەهەموو جیهاندا لەدوو یان سێ کەسی ئازاو بەهۆشیارەوە دەستیان پێکردوو. بۆ پێکهێنانی دەستەیەک لەشوێنی کارەکەت پێویست ناکات چاوەڕێی مۆڵەتی کەس بیت. هەر لەوێ لەکاتی پشووی نانخواردن یان کاتی گەڕانەوە لەگەڵ دوو هاوکارەکەت کەمتمانەت پێیانە ناوکەی یەکەمی دەستەکە دابمەزرێنن.
ئامانجی سەرەتاییتان باتەنها گفتوگۆ و گۆڕینەوەی زانیاری بێت لەسەر مافەکانتان. گرنگ ئەوەیە وەک دەستە یەکدەنگ بن.
کاتێک خاوەنکار دەبینێت کرێکارەکان بەتەنیا نین و وەک گروپێک قسە دەکەن حسابیان بۆ دەکات.
ئەمڕۆ ئەگەر سێ کەس بن سبەی دەبنە دەو دووسبەی دەبنە هێزی سەرەکی کارگەکە. ڕێکخراوبوون لەبچووکترین خانەوە دەست پێدەکات، بەڵام کۆتاییەکەی هەژاندنی پایەکانی ئەو نوخبەیەیە کە لەسەر ڕەنجی ئێمە دەژین.
