كرێكارانی كوردستان ستەمی زۆریان لێدەكرێت
| خ. سایە
كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان لە نزیكەی دوو دەیەی رابردوو پەرەی سەندووە، بەڵام شێوازی ڕێکخستنی کار لەسەر بنەمای کاری موەقەت و گرێبەستی فەردییە، بەجۆرێکە کە دۆخی کار بەقازانجی کۆمپانیا وخاوەن کارگەکانە و بەزەرەری کرێکاران بەڕێوە دەچێت. سیاسەتی کابینەی نۆیەم لەژێر ناوی چاکسازیدا،”سیستەمی دامەزراندنی مەرکەزی” هەڵوەشاندەوە و ڕێژەیەکی بەرزی لەهێزی کاری هەرزانی گەنجان ودەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکانی خستە بازاڕەوە، کەبووە مایەی هەڵتۆقینی دەیان هەزار کۆمپانیا وکارگە تا ئەم هێزی کارە وەک سەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەو قازانج بخەنەگەڕ. سەرهەڵدانی زۆری ژمارەی كۆمپانیاكان و پەرەسەندنی ماركێت وچێشتخانە و مۆڵ و كارگەكان وایكرد کەڕێژەیەکی زۆر لەهێزی کاری ئامادە ڕوو لەکەرتی تایبەت بکەن وبەگرێبەستی کاتی کاربکەن، بەبێ ئەوەی سەرەتاییترین مافەکانیان لەبەرچاوبگیرێت. كرێكارانی كەرتی تایبەت لە زۆربەی بوارەكان لە سەرووی كاتی یاسایی كار دەكەن، زۆریی ژمارەی بێكار لە لایەك و كەمی داخوازی كار لە لایەكی تر بووەتە دەرفەتێكی زێڕین لە بەردەم خاوەن كارەكان، تا بەدەر لە هەر یاسایەكی مرۆیی كرێكارانیان بچەوسێننەوە و لە بەرانبەر مووچەیەكی كەم ناچار بە كاری قورسیان بكەن. کاری کرێکارانی ژینگەپاریز لەنمونە هەرەزەقەکەی ئەم دۆخەیە.
حکوومەت لەڕواڵەتدا ژمارە تەلەفونێکی دیاری كردووە بۆ ئەو كرێكارانەی كە پێیان وایە مافەكانیان لە لایەن خاوەن كارەوە پێشێل دەكرێت. بەڵام پێناچێت هیچ كرێكارێك ئەو ژمارەیە بەكار بهێنێت كە وەزارەت دیاری كردووە، چونكە دڵنیایە لەوەی ئەگەر ئاشكرا بێت، ئەوا خاوەن كارەكەی لەسەر کار دەری دەكات ولایەنی پێوەندیداریش ناتوانێ بەرگری لێبکات. ئەوەی کەکرێکاران ناوێرن ناوی خۆیان وکارگەکەیان ئاشکرا بکەن ئاماژەیە بۆئەم دۆخە ناهەموارە. لە زۆر ماركێت و مۆڵی كوردستان و تەنانەت كۆمپانیاکانیش نەک ڕەجاوی پشوو بۆ کرێکاران ناکەن هاوکات زیاتر لە ١٠ سەعات كار بەکرێکاران دەکەن و كەمتر لە ٤٠٠ هەزار دینار بەكرێكارەكانیان دەدەن.
حکومەت یاسای خانەنشینی پەسەندکردوە، بەلام ئەو فرسەتەشی داوە بەکۆمپانیاکان کەنەک هەر خۆیان لەم بابەتە بدزنەوە، بگرە بەفرتوفێڵی جیا جیا، ئیلتزامیش بەو ڕیژەیەوە نەکەن کەیاسا بۆی دیاری کردون. ئەمانەو کۆمەڵیک زوڵمی تر کەبەئاشکرا لەکرێکاران دەکرێت، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە حکومەت و دەسەڵاتداران سەرچاوەی هەموو ئەو زوڵمەن کەلەکرێکاران دەکرێ، حکومەتێک کەخۆی سەرەگەوەرەکەی سەرمایەدارانە و لەسەرو هەموو کۆمپنایاکان وبازاڕی کارەوە ڕاوەستاوە.. کەوایە کرێکاران نابێ هێج چاوەروانی وئومیدێکیان نەبەحکومەتی ئیستاو نەبەکابینەی تازە هەبێت، بەڵکو دەبێ چاو لەهیزی یەکگرتووی خۆیان بکەن وبەهێنانەمەیدان وکۆبونەوەیان لەدەوری داخوازیەکنایان بۆ سەپاندنی داخوازیەکانیان تێبکۆشن. بەواتایەکیتر ڕاستیەکانی دۆخی سەختی کارو ئەو زوڵمەی بەسەر کرێکاراندا سەپاوە، بەڵگەن بۆئەوەی کەحکومەت لەدژی کرێکارانەو کرێکارانی کوردستان دەبێ بەخەباتی خۆیان هەلومەرجی کارو ژیانی خۆیان بەرەوباشتر بەرن وسنورێک بۆ کۆمپانیاکان و حکومەتەکەیان دابنێن.
