دەرکەوتنی چینێکی نوێی سەرمایەدار
هۆشیار جەمال
کرێکار بە بڕوانی من چینی بەش مەینەتی کرێکار لە سەدەکانی ڕابردووە و تا ئێستا دەچەوسێنرێتەوە، بە چەندین شێواز چ لە کارپێکردنی زیاتر و چ لە کەمی مووچە یان کەمی ڕۆژانەی کرێکارەوە بێت، لە لایەن خاوەن کار و سەرمایەدار و خاوەن کارگەوە، جا بەهۆی نەبوونی هۆشیاری کرێکارانەوە بێت یاخود نەبوونی یاسایەکی گونجاو دادپەروەرانە بۆ کرێکاران، کە ئەرک و مافی کرێکاران دابین بکات، کە ئەم کێشانە هەزاران جار قسەیان لەسەر کراوە لەسەری نووسراوە، هەربۆیە من دەمەوێت لەسەر بابەتێکی تر بنووسم کە ئەویش کرێکاری بیناسازی و وەستای بیناسازییە کە بەدیاری کراوی مەبەستم لە کاری کرێکار و وەستای گەجکار و لەبخ دیوار و ئاو ئاوەڕۆ و کارەبا و هتد.. کە بە بڕوای من تا ڕادەیەک بۆتە هۆی پەیدابوونی چینێکی نوێی سەرمایەدار، چونکە وەستاکان بە نرخێکی زۆر چ بە مەتربێت یان وەکو خۆیان دەڵین لە گۆترە کارەکە لەخاوەنکارەکە دەگرن، بەڵام کەمترین کرێ بە کرێکارەکان دەدرێت، ئاخر دادپەروەری لە کوێی ئەو سەودا و مامەڵەیەدایە لە ڕۆژێکی هاویندا وەستایەک لە گزنگی خۆرەوە دوو کرێکار و وەستایەکی ڕۆژانە بەرێتە سەر کار و تا بانگی ئێوارە کاریان پێبکات و دواتر بە دوو کرێکارە یەکی (٢٥) هەزار دینار و بە وەستا ڕۆژانەکەش (٥٠) دینار بدات خۆشی هێشتا (٣٠٠) هەزار دیناری بۆ مابێتەوە؟! کامە دادپەروەری لە کارێکدا وەستایەکی بۆیاخ (١٥٠)هەزار دینار بۆ ڕۆژێکی خۆی هەڵبگرێت و بەکرێکارەکە بڵێت لەبەر ئەوەی کاری کرێکاری بۆیاخ ئاسانە ڕۆژانەکەت لە (٢٥) هەزارەوە بۆ دەکەم بە (٢٠)هەزار دینار، ئەمە جگە لەوەی زۆربەی ئەو وەستایانە تێچووی ڕۆژانەی نانخواردنی کرێکارەکانیش نادەن، بەڵکو پێیان دەڵێن خۆیان نانی خۆیان لەماڵەوە بێنن، کە ئەمەش هەر بارگرانیە لەسەر کرێکارەکە و دەوڵەمەندبوونی زیاتری وەستاکەیە، هاوکات بەشێكی تری وەستاکان لەسەر کار هەردەم بە جۆرێک لەتەنز و توانجەوە ئەگەر تێچووی نان خواردنی کرێکارەکەیان لە ئەستۆ گرتبێت کە لە باشترین کاتدا لە گوندەکان یان شوێنە دوور لەبازاڕەکان کاربکەن بریتییە لە نان و تەماتە و خەیار یان نان و پیاز و هێلکەیە، لە نزیک بازاڕەکانیش ئەگەر زۆر فشار لەسەر گیرفانیان دروستبکەن ئەوا سادەیەک کە بریتیە لە (برنج و شلەیەک) بۆ کرێکارەکە دەکڕن، کە ئەم گرتنە ئەستۆییەی نانی کرێکار یەکسانە بەکارکردنی زیادەی کرێکارەکە دوای کاتژمێر چواری ئێوارە و توانجدان لە کرێکارەکە بووە بەوەی کە تێچووی نانخواردنی لە ئەستۆگرتووە و بارگرانی بۆ دروستکردووە، کە لە کۆتایدا من دەپرسم هەر بەڕاست بەڕای تۆی خوێنەر ئەمەش دەرکەوتنی چینێکی نوێی سەرمایەدار نیە لەسەر جەستەی کرێکار لە کوردستان؟!
