دووکەڵی ماتۆڕە حەماڵییەکان، کاتێک بۆرژوازیی کوردی، ڕۆحی نەوەیەک لەبێکاری لەسایەی مقەبادا دەخنکێنێت!
محمود حەلاق
ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە ماتۆڕسیکلە حەماڵییەکان، بوونەتە هێمایەکی دیاری شەقامەکانی کوردستان، لەبەیانییەکی زووەوە تادرەنگانی شەو، لەسەر پشتی ماندوویان باری قورس و مقەبا دەگوازنەوە. ئەمانە ئەو توێژەی چینی کرێکارن کەلەنێوان چەقۆی بێکاری و نانپەیداکردندا دەژین، ڕۆژانەیان بەئاستەم ئەگەر بگاتە ١٥ هەزار دینار، چەردەیەک کەتەنانەت بەشی تێچووی ژیان و کرێی ماتۆڕەکانیشیان ناکات، چ جای ئەوەی خێزانێک بەدنیایەک نەخۆشییەوە بتوانن کۆمەککارێکی جددی بن. لەدیدیگای دەسەڵاتی سەرمایەداری حزبەکانی کوردایەتییەوە، ئەم کرێکارە وونبووانە وەک ژمارە سەیر دەکرێن نەک وەک مرۆڤێک. حکومەتێک کە لە پڕوپاگەندەکانیدا ئیدیعای خزمەتکردنی خەڵک دەکات، کەچی لەواقیعدا خاوەنی هیچ جۆرە بیمە، سەلامەتی، یان دڵنیاییەکی ژیان نین و خۆیان لەلێپرسراوێتی گەورە ئەدزنەوە.. ئەوان بۆ دەسەڵات تەنها بوونەوەرێکن کەدەبێت لەشەقامەکاندا پۆل پۆل ڕاوەستن و بەسادەییش هەزارو یەک ئاواتیان زیندە بەچاڵبکەن، نەک گەنجانێک کە پێویستی بەپشتیوانی و دابینکردنی سەروەت و سامانی وڵات بێت.، بۆیە بێدەنگی و پشتگوێخستن پشکی ئەوانە لەم سیستەمە نادادپەروەرانەی کوردایەتیدا.
لەڕاستیدا باس لەکۆمەڵیک ئینسانی پەراوێزخراو دەکەین کە لەبەر نەبوونی هەلیکار، گەنجانی بێکار ناچارن بەو ماتۆڕانە، ناوشار تەیی بکەن و شەو بگرن بەکۆڵەوە لەگەڵ ژن و منداڵكەکانیدا، تا مقەبای زیاتر کۆبکەنەوەو بەنرخێکی کەمیش بیفرۆشن وبەمهۆیەوە گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
ئەم ماتۆڕسکیلانە دەرخەری ئەوەن کە لەکوردستاندا سیستمەێکی کاری زاڵمانە بوونی هەیە. ئەگەر هەلیکار هەبوایە، ئەو گەنجە یان ئەو بەتەمەنە ناچار نەدەبوو بەماتۆڕ خاشاک و مقەبا کۆ بکاتەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵێک مشەخۆری دەستڕۆشتووش لەژیانی شاهانەو لەسەفەرو سیاحەی خۆیاندا بەجزدانی پڕ لەسەفتە دۆلارەوە.
کاتێک لەو گەنجە دەرچووە دەڕوانیت کە لەسەر ماتۆڕێکی سێ تایە مقەباو ئاسنەواڵە کۆدەکاتەوە، تێدەگەیت کە ئەم دەسەڵاتە نەک هەر نانی بڕیون، بەڵکو ئیهانەی عەقڵ و کەرامەتیشی کردوون. ئەمە سیستەمێکە کەتەنها دڵسۆزی بۆ حزب و کوردایەتی وقەوارەی هەرێمەکەی ئەوان، تاکە بڕوانامەیە بۆ وەرگرتنی کارێک، نەک ماندووبوونی ساڵانی زانکۆو پەیمانگاکان. دەسەڵاتی سەرمایەداری کوردی، کەسەروەت و سامانی گشتی لەنێوان چەند بازنەیەکی داخراودا دابەشدەکرێت و ئەوەشی کەدەمێنێتەوە بۆ خەڵکی تر، تەنها ماندووبوون و شەقامە ساردو سڕو گەرمەکانە. ئەم گەنجانە کەلەپێناوی بەخێوکردنی خێزانەکانیان وازیان لەخەونەکانیان هێناوە، گەورەترین سەرمایەی مرۆیی ئەم وڵاتەن کەخەریکە لەژێر باری قورسی ژیاندا دەپووکێنەوە. کاتێک بەرپرسەکان باسی پێشکەوتن و ئاوەدانی و شەقامی چەند سەد مەتری دەکەن، باسی ئەو باڵەخانە شووشەبەندانە دەکەن کەبەپارەی دزراوی ئەم گەنجانەو کرێکارانێک دروستکراون، نەک باسی ئەو مرۆڤانەی کە لەتەنیشت هەمان ئەو باڵەخانانەوە بەماتۆڕەوەکات. ئەم بێدەنگییەی حکومەت بەرامبەر بەم سوکایەتییە، نیشانەی ئەوەیە کەئەوان تەنها خەڵک وەک ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆیان دەبینن، نەک وەک هاووڵاتییەکی خاوەن ماف.
لەشارو شارۆچکەکاندا، گەنجانێک دەبینیت کە لەبری قەڵەم، دەسکی ماتۆڕێکی کۆنیان گرتووەو خەریکی حەماڵی مقەباو پاشماوەی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانن. ئەمانە تەنها کرێکار نین، ئەمانە ئەندازیارو مامۆستاو دەرچووی زانکۆکانن کەدەسەڵاتی بۆرژوازیی کوردی، دوای ئەوەی ڕۆح و بڕوانامەکەیانی خستە ژێر پێڵاوەکانی گەندەڵییەوە، ئێستا ناچاریان دەکات بۆ ١٥ هەزار دیناری ڕۆژانە، کەرامەتیان لەشەقامەکاندا پارچە پارچە بکەن.
دەسەڵاتی سەرمایەی کوردی لەوپەڕی بێویژدانی ونابەرپرسیارێتی دایە؛ ئەوان باڵەخانە بەرزەکانیان لەسەر ئێسک و پروسکی ئەم گەنجانە بونیاد ناوە، لەسەر خوێن و ڕەنجی کرێکاران، کەچی لەهەمانکاتدا پێیاندەڵێن ئاسۆ ڕوونە!. ئەم دەسەڵاتە بەئەنقەست دەیەوێت گەنجەکە لەشەڕی ناندا بهێڵێتەوە تا بیر لەشەڕی ئازادی نەکاتەوە. ئەوان نەک هەر خەونەکانیان لێدزیوون، بەڵکو نانیشیان لێبڕیوون و بێکارو دەستەبەتاڵ لەسەر شەقام، یان کۆچ و ڕێگای هاتونەهات.. تەنها بۆ ئەوەی هەرگیز سەریان بەرز نەکەنەوەو پرسیار لەو تاڵانکارییە نەکەن کەڕۆژانە لەبەرچاویاندا دەکرێت.
لەشارو شارۆچکەکاندا، گەنجانێک دەبینیت کە لەبری قەڵەم، دەسکی ماتۆڕێکی کۆنیان گرتووەو خەریکی حەماڵی مقەباو پاشماوەی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانن. ئەمانە تەنها کرێکار نین، ئەمانە ئەندازیارو مامۆستاو دەرچووی زانکۆکانن کەدەسەڵاتی بۆرژوازیی کوردی، دوای ئەوەی ڕۆح و بڕوانامەکەیانی خستە ژێر پێڵاوەکانی گەندەڵییەوە، ئێستا ناچاریان دەکات بۆ ١٥ هەزار دیناری ڕۆژانە، کەرامەتیان لەشەقامەکاندا پارچە پارچە بکەن
