Dangikrekar.com
هەواڵ

کارگەی چپسی گرین عێراق، جارێکیتر کرێکاران لەسەر کارەکانیان، بەنایاسایی دەردەکات!

کارگەی چپسی گرین عێراق، جارێکیتر کرێکاران لەسەر کارەکانیان، بەنایاسایی دەردەکات!

دەنگی کرێکار

 

 

لەبەرواری ٢٠/٨/٢٠٢٤ دا جارێکی ترو پاش نزیک دووساڵ، کارگەی چپسی گرین عێراق دوو کرێکاری تر لەسەر کارەکانیان دەرئەکات. دەرکردنی ئەم دوو کرێکارە کەزیاتر لەچوار ساڵە لەو کارگەیەدا کاردەکەن، لەکاتێکدایە کەهیچ ئینزارێکی پێشوەختەی لانیکەم یەک مانگ نەدراوە بەوان و هۆکاری دەرکردنیشیان ئاشکرا نەکراوە، هەربۆیە کارگەی ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە هیچ پاساوێکی یاسایی نیە بۆدەرکردنی ئەوان، لەلایەکی تریشەوە پێچەوانەی یاسایکاری بەرکاری هەرێم وەستاوەتەوەو سەربەخۆ نانبڕاوکردنی ئەم دوو کرێکارەی تاکلایەنە ڕاگەیاندووە.. ئەمە بەجۆرێکە کە تەنانەت یەکێک لەکرێکارەکان لەلێدوانێکیدا بۆ دەنگی کرێکار دەڵێت: شەو لەسەر کاربووم بۆ بەیانیەکەی کەلەئیش تەواو بووم، لەسەر کورسی لەهیلاکیدا خەووم لێکەوتبوو، هێندە بەپەلە هاتن وەرەقەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنتراکتەکەیان پێدام بۆ واژۆکردن کە وامزانی واژۆی مووچەکەمەو بەهەڵە واژۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی خۆمم کردووە، بەجۆریک کە تەنانەت فریای نانخواردنی بەیانیش نەکەووتم.. ئیدارەی کارگە بەیەکێک لەکرێکارەکان دەڵێت: تۆ کرێکارێکی زۆر باشیت، بێکەم و کوڕیت و هیچ کێشەیەکت نەبووە، بەڵام ئێمە بەبێ بوونی هیچ یاسایەک گرێبەستەکەت هەڵئەوەشێنینەوە. هەر ئەم ووتەیەی ئیدارەی کارگە جەختدەکاتەوە لەوەی کەکرێکارەکان بەبێ هۆو بەبێ پاساوی یاسایی لەسەرکار دەرکراوون.

دەنگی کرێکار، گەرماو گەرم پەیوەندی ئەکات بە وەزیری کارەوە لەسەر ئەم کەیسەو ئاگاداریان ئەکاتەوە کەئەم نانبڕینەی کرێکاران بەبێ هۆ تاوانکارییەو دەبێت وەزارەتیکار ڕێگا لەم پەلامارە ئاشکرایانە بگرێت کەپێچەوانەی یاسایکاری هەرێم بەڕێوە ئەچێت لەیەن کارگەو کۆمپانیاوە. لەدوو توێی نامەیەکدا بۆ وەزارەتیکار لەلایەن دەنگی کرێکارەوە لەسەر جەوهەری دەرکردنی دووکرێکارەکە، وەزیر دێتە سەرخەت و دەستبەجێ ڕادەسپێرێت کەلیژنەیەک لەنوێنەرێکی ئەو لەگەڵ نوێنەری هۆبەی کارو سەندیکا سەردانی کارگە بکەن و لێکۆڵینەوەی پێوویست ئەنجام بدەن. دوای یەک ڕۆژ سەردانی لێژنەکە بۆکارگەو دانیشتن لەگەڵ ئیدارەی کارگەدا، دەستبەتاڵ بە بەرچاوی کرێکارانەوە دێنەدەرەوە بەبێئەوەی هەتا ئێستاش وەڵامێک بەکرێکاران بدەنەوە.

لەڕاستیدا هۆکاری دەرکردنی ئەم دوو کرێکارە پێشینەیەکی هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی سەختی کارکردن لەناوکارگەدا، بۆنمونە کوژاندنەوەی چەندین ئیەرکۆندیشن لەشەواندا کەگەرما تین و تاو دەهێنیت بۆکرێکار، دەگەڕێتەوە بۆسورعەت یان خێرایی ١١٠ دەرەجەی ئەو ئامێرانەی کەبەرهەم ئامادە دەکەن و بەم هۆیەوە کرێکار فریا ناکەوێت و هیلاکدەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ بەهەند وەرنەگرتن و گوێنەگرتنی ئیدارەی کارگە بۆ خواستی زۆر سادەی کرێکاران، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی کرێکاران و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان هەتا بتوانن لەڕێگای نوێنەرەکانیانەوە دەنگیان بگات بەکارگەو ئاوڕێک لەسەختیکارو موعاناتەکانیان بدەنەوە. بەڵام ئیدارەی کارگە لەجیاتی بەهاناوەچوون بۆکێشەکانیان، دێت و بێدەربەستانە کرێکاران دەرئەکات. یەکەمین پەلامارەکانیشی ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کەقسە ئەکەن، چوست وچالاکن و دیفاع لەخۆیان و هاوڕێکانیان ئەکەن، ئیدارەش نەک هەرئەوەی ناوێت، بەڵکو هەموو ئەو نوزەو دەنگانەش کپدەکاتەوە کەبەرز ئەبنەوە لەناوکرێکاراندا، بۆئەوەی لەم ڕێگایەوە کۆنترۆڵی هەموو کرێکاران بکات و ڕاستەوخۆ بیانکات بە کۆیلەی کارو ئیتر نقەیان لەدەم نەیەتە دەرەوە.

لەدواییدا، دەنگی کرێکار هەروەکو عادەتی خۆی، لەگەڵ هەردوو کرێکارەکەداو لەدوو ڕۆژی جیاوازدا، لەسەر داوای خۆیان هەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆدادگای کار جێبەجێدەکات لەسەر مەسروفاتی خۆی و بەم شێوەیە یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ هەردوو کەیسەکە دیاریدەکرێت لەبەرواری ٣٠/٩/٢٠٢٤

Related posts

 کاتەکانی کاری کرێکار    لانیا ئەنوەر خوێندکاری بەشی یاسا

Dangi Krekar

کرێکارانی نەوت پانتایی مانگرتنەکانیان فراوانتر دەکەنەوە هەواڵی مانگرتنی زیاتر لە ٢٠ هەزار کرێکاری نەوت،

Dangi Krekar

بۆ یەکەم جار ژنانی ڕانیە ڕژانە ناو خۆپیشاندەرانەوە!

Dangi Krekar

Leave a Comment