Dangikrekar.com
سەرنوسەر

بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، دەستبردنە بۆ جیاکاری و چەواشەکردنی مامۆستایان!

سەروتار ژمارە ٦١

بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، دەستبردنە بۆ جیاکاری و چەواشەکردنی مامۆستایان!

 

بەدوای چەندین ساڵ لەدەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ودانی یاداشتنامەو دانوسان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ”گڕێبەستکردنی هەمیشەیی“ بۆ ٣٨ هەزار مامۆستای وانەبێژ لەسەر داهاتی ناوخۆ دەرکرد.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەت لەئێستادا کە پەنجا ڕۆژە موچە نەدراوە وبێبازاڕی و نەبوونی ڕووی لەژیانی خەڵککردووە وهەڵبژاردنێک بەڕێوەیە، ئەو ئامانجەی بەدواوەیە کەناڕەزایەتی و بێزاری خەڵک خاوبکاتەوەو وا نیشانبدرێت کە حکومەت خەمخۆری مامۆستایان و خەڵکە. لەکاتێکدا زۆر لەپێشتر مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندنیان کردبوو. لەلایەکی تریشەوە ئەوەی کەسەرۆکی حکومەت دانی پێداناوە بەگرێبەستکردنی ئەم ژمارەیە لەمامۆستایانی وانەبێژان لەسەر داهاتی ناوخۆ، ئەمەش دیسانەوە بەڵگەیە بۆئەوەی کە حوکمەت نەک هەر دەتوانێت موچەی کارمەندانی هەرێم بدات، بەڵکو دەتوانێت لەسەر ئەو داهاتە زۆرەی کەلەبەردەستیەتی کێشەی دامەزراندنی هەموو ئەو گەنجە بێکارو دەرچوانەی زانکۆکان چارەسەربکات کەساڵانە ژمارەیان ڕوولەزیادبوونە. ئەمە ئیتر پێمان دەڵێت کەحکومەت هەرکارێک بکات و هەر بڕیارێکیش بدات تەنها لەبەرژەوەندی خۆی و چینی دەسەڵاتدارو خاوەن سەرمایەو کۆمپانیاکان وئەو حزبانەدایە کەدۆخەکە بەڕێوەدەبەن. بەڵام بڕیارەکەی حکومەت تاچەند لەبەرژەوەندی خودی مامۆستایانی وانەبێژدایە؟ ئایا وەڵام بەداخوازییەکانی ئەوان دەداتەوە کەچەندین ساڵە یەخەی حکومەت و هەر ئەم ئەنجومەنی وەزیرانەیان گرتووە؟

ئەم بڕیارە تەنها عینوانی وەزیفی دەگۆڕێت ولە“وانەبێژەوە“ دەیکات ”بەگرێبەست“. بەلام گرێبەست ناتوانێت یەکسان بکرێت بەدامەزراندنی هەمیشەیی. واتە هەموو گریبەستێک کاتیەو بۆ ماوەیەکەو هەرکات حکومەت بخوازێت دەتوانێت هەلیبوەشێنیتەوە ومامۆستایان لەسەرکارەکانیان بەپاساوی خۆی دەربکات. لەمەش زیاتر گۆڕینی عینوانی وەزیفی و”بەگریبەستکردن“ی مامۆستایان، جیاکاری وقەڵشتێکی گەورە دەخاتە نێوان ئەم ژمارەیە لەمامۆستایان و ئەوانەی کە پێیان دەوترێت“مامۆستایانی میلاک“ واتە دامەزراوی هەمیشەیی. لێرەشەوە ئیتر مامۆستایانی وانەبێژ کەگرێبەستکراون، هەموو ئەو مافانەیان لێدەسەندرێتەوە کەمامۆستایانی میلاک هەیانەو جیاکاریان لەگەڵدا دەکرێت، لەکاتێکدا مامۆستا هەر مامۆستایەو کاری چونیەک دەکەن. واتە ئەم ژمارەیە لەمامۆستایان کەحکومەت بڕیاری گرێبەستی بۆ دەرکردون بێبەشدەکات لەمافی پلە بەزربونەوەی ساڵانە، هەقی هاتوچۆ وڕاهێنان، مافی خانەنشینی، زیادبونی موچەکانیان لەکاتی زەواج و مناڵبوندا، مافی مامۆستایانی ژنان وپشوەکانیان لەکاتی دوگیانی وزۆر بابەتی تر.. بۆیە ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەت هەرگیز وەڵامدەرەوەی ئەو خواستانە نیە کە مامۆستایانی وانەبێژ نزیکەی ١٠ ساڵە ناڕەزایەتی ودەنگیان بۆ هەڵبڕیوە، بەڵکو ئەمە بەفەرمیکردنی جیاکارییەکی پیشەیی و هەڵاواردنێکی ئاشکرایە لەمافەکەندا وپارچەپەرچەکردنی ڕیزی هەموو ئەو مامۆستایانەیە کە کاریان وەک یەکە وبەهیچ جۆرێک وەڵامدەرەوەی خواست و مافەکان وئەو ئەرکە نییە کەمامۆستایان ئەنجامی دەدەن، ئەمە فێڵێکە کەحکومەتی هەرێم لە مامۆستایانی وانەبێژی دەکات. ئەمە بەشێکە لەو سیاسەتەی کە کابینەکەی مەسروربارزانی لەسەرەتای دەست بەکاربوونی حکومەتەکەیەوە لەژێر ناوی چاکسازیدا دەستی بۆبردووە. سیاسەتێک کەدامەزراندنی مەرکەزی هەڵوەشاندەوەو سیستەمی گرێبەستی کاتی خستە جێگای و هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری، لەوانەش کەرتی پەروەردەو خوێندنی سپارد بەکۆمپانیاکان. بەم جۆرەش بەرپرسیارێتی خۆی لەسەلماندنی مافەکانی کرێکاران و کارمەندان دزییەوەو هیچ جێگایەکی بۆ گەرەنتی بوونی کاری هەمیشەیی نەهێشتەوە. ئەمانە جگەلە سەرانەسەندن و بەتاڵکردنەوەی گیرفانی هاوڵاتیان وکۆکردنەوەی داهات لەڕیگای سەپاندنی هەموو ئەو باج وڕسوماتانەوە کەهەم حوکمەت و هەم کۆمپانیاکان پەیڕەوی لیدەکەن، هیچی تر نیە. بەدڵنیایەوە بڕیارەکەی حکومەت هەرگیز وەڵامدەرەوەی ژیان و بژێوی ومافەکانی مامۆستایان نیە، بەڵکو فێلێکە کەحکومەت لەژێر سایەی گۆڕینی ”عینوانی وەزیفیدا“ دەستی بۆ بردوە. ئەمە ڕەسمیەتدانە بەجیاکاری و بێمافکردنی ٣٨ هەزار مامۆستا، لەمافە ڕەواکانی خۆیان. بۆیە مامۆستایان نابێت مل بەئەنجامەکانی ئەم بڕیارەبدەن، بەڵکو دەبێت بەخەباتی یەکگرتوانەو کۆکردنەوەی هێزی خۆیان، درێژە بەناڕەزایەتیەکانیان بدەن و لەدەوری خواستی دامەزراندنی هەمیشەیی وهەموو مافەکانیتریان، لەمەیداندا ڕاوەستن و حکومەت ناچار بکەن بەسەلماندنی.

Related posts

کرێکارێکی هیندی لەنێوان بەرداشی دوو زۆندا!

Dangi Krekar

سیمینارێك لەبارەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لەعێراق بەڕێوەچوو.

Dangi Krekar

سەبارەت بەخراپی ژەمە خۆراکی ڕۆژانە، کرێکارێکی شەریکەی نەوت نامەیەکی کراوە بۆ دەنگی کرێکار دەنێێرێت

Dangi Krekar

Leave a Comment