Dangikrekar.com
وتار

 هەڕەشەی لەسەر کاردەرکردن، ترسی هەمیشەیی کرێکار!

 هەڕەشەی لەسەر کاردەرکردن، ترسی هەمیشەیی کرێکار!

 شاباز محمود

لەناو هەموو ئەو  ململانێ ئابوری و سیاسییانەی کەبەرۆکی بە کرێکاران گرتووە، پرسی لەسەرکار دەرکردنە ئەمە بەتەنها سەپاندنی دۆخی کرێکارێک نییە لەوەی کە کارێکی هەیەو دەبی بەبێکار، بەڵکو ئەمە گوزارشتێکی قوڵە لەتێکچوونی هاوسەنگی هێزە لەنێوان کرێکاران و خاوەنکارو چینی سەرمایەداردا.

ئەمڕۆ دەرکردن لەکار، سەرەڕای ئەوەی کۆیلەکاری بەسەر کرێکاردا دادەسەپێنێ، وەکو تریش دەبێتە شمشێرێکی دوو سەر: لەلایەکەوە بۆ بڕینی نانی کرێکار و لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئامرازی ترس و تۆقاندن بۆ بێدەنگکردن وناچارکردنی کرێکاران وملدانیان بەمەرجی سەختی کارو کارکردن.​ئەو گرێبەستی کارانەی کە ئەمڕۆ لەزۆربەی پڕۆژەو کۆمپانیاکاندا واژۆدەکرێن، لەجیاتی ئەوەی بنەمایەک بن بۆ پاراستنی مافی هەردوولا، بوونەتە کۆت و زنجیر و لەدەست وقاچی کرێکارەوە ئاڵێنراوە.

زۆر جار خاوەنکار بەئارەزووی خۆی و لەسایەی نابەرپرسیاریەتی حکومەت و نەبوونی ئیجرائاتی پێوویست لەبەرامبەر خاوەنکارو کۆمپانیادا، مەرجی یەکلایەنە دەسەپێنێت بەسەر کرێکاراندا، کرێکارانیش بەهۆی پەرتەوازەیی نایەکگرتوویی خۆیانەوە، ناچارن مل بەکۆیلەکاری بدەن و بۆئەوەی بێکار نەکرێن.

هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن، کاریگەری دەروونی وکۆمەڵایەتی زۆر ترسناکتری هەیە لەخودی دەرکردنەکە، چونکە کاتێک کرێکار هەمیشە لەدڵەڕاوکێی ئەوەدایە کەسبەی ڕەنگە کارەکەی لەدەستبدات و وەکو هاوڕێکانی بکەوێتە سەر شەقامەوە، ئیتر ناچار دەبێت بەکرێی کەمتر، سەعاتکاری زیاتر، ئیزافەکاری و…مل بەکارکردن بدات. هەر بەم هۆیەشەوە ناچارە کەدەستبەرداری تەنانەت خواست و مافە هەرە سەرەتاییەکانیشی ببێت..

لەلایەکی دیکەشەوە بێدەنگی کرێکاران، کاریگەری نالەبارو نەرێنی دەخاتە سەر بردنەوە پێشەوەی هەموو ئەو سیاسەت و فێڵانەی کەخاوەنکارو کۆمپانیا، ڕۆژانە لەبەرامبەر کرێکاردا ئەیگرنەبەر. ئەم دۆخەش نەک هەر زیان بەکەرامەتی ئینسانی کرێکار دەگەیەنێت، بەڵکو کۆمەڵگە بەرەو لێکترازان و دروستبوونی جیاوازیی چینایەتی ترسناکتر لەمەی کەئێستا هەیە دەبات کەمرۆڤ تەنها وەک کەرەستەیەک دەبینرێت نەک وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف.

ئەو بۆشاییە گەورەیەی لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، ناتوانرێت تەنها بەنەبوونی یاسایەکی کاری کرێکاری پێشڕەوەوە ببەسترێتەوە ئەگەرچی زۆر باش و بەقازانجە، بەڵکو گرەوی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە لەوەدایە کەچۆن کرێکاران بەئیرادەی خۆیانەوە، بەدەوری ماف و خواستەکانی خۆیانەوە پەیوەستبن هەتا لەمڕێگایەوە هێزی پەرش وبڵاویان کۆبکەنەوەو کۆیلەکاری و دەرکردن بکەن بەخەتی سورو حکومەت وناوەندیکارو کارگەو کۆمپانیاکان پاشەکشە پێبکەن لەبەرامبەر ژیان و گوزەرانێکی باشتر لەئێستایان.

کاتێک دامەزراوە حکومییەکان وسەندیکاکان ناتوانن لەبەرەی کرێکاردا بوەستنەوە ورێگری لەدەرکردنی هەڕەمەکی بگرن، خاوەنکاریش دەبێتە حاکمی ڕەها. بەڵام ئەمەش هێشتا ناتوانێت وەڵامگۆی کرێکاران بێت، چونکە یاسایکارو سەندیکاو حکومەتیش هەیە، بەڵام کرێکاران بەردەوام لەکار دەرئەکرێن، بێکاری لەڕادەبەدەر هەیەو سەدان هەزار دەرچووی پەیمانگاو کۆلێژەکان لەسەر شەقامن.. کەواتە بۆئەوەی کرێکارانی لەسەرکار دەرنەکرێن، بۆئەوەی ڕێگا لەبێکاربوونی زیاتر بگیرێت، بۆئەوەی کۆیلەکاری و ئیزافەکاری فەرز نەکرێت، ئەبێت کرێکاران بیر بکەنەوەو هوشیار بن لەوەی کەتاکە چەکێکی کاریگەر ئەگەر هەبێت، تەنها خۆڕیکخراوکردنی خۆیانە لەژێر سایەو سێبەری خۆیاندا دوور لەهەژموونی فکری و ئیدیۆلۆژی هیچ لایەنێک..

Related posts

سە روتا ری ژمارە ٤٧پێدانی موچەی خانەنشینی تەسەل…کەپێداوویستیەکانی ژیانێکی هاوچەرخ بۆخانەنشینان دابین بکات ، خواستی کرێکاران و کارمەندانی کوردستانە

Dangi Krekar

ئایا وەزارەتی کار بەکردەوە مافی خانەنشینی بۆ کرێکاران دەستەبەر کردووە؟

admin

خه‌ڵكی فەلەستین پێویستی بە پشتگیری هەمەلایەنە هەیە، لەپێناو بەرگرتن بە کۆمەڵکوژی  و ئەو تاوانانەی کە بەردەوام بەرامبەری ئەنجام دەدرێن 

Dangi Krekar

Leave a Comment