Dangikrekar.com
گفتوگۆ

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی سلێمانی

“حکومەت حەز ناکات بزووتنەوەی کرێکاری بەهێز ببیت، چونکە حکومەتێکی سەرمایەدارییە”

چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی سلێمانی

 

 سازدانی محمود حەلاق

 

دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش هاوڕێ عوسمان، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە

عوسمان زیندانی: زۆر سوپاس بۆ دەنگی کرێکار

دەنگی کرێکار: ئەگەر زۆر بەکورتی پێمان بڵێیت مێژووی دروستبوونی سەندیکای کرێکاران لەعێراقدا چۆنە، وە ئایا کرێکاران هەتا چەند بەشداربوون لەدروستکردنیدا؟

عوسمان زیندانی: مێژووی کاری سەندیکاو بزووتنەوەی کرێکاری مێژوویەکی کۆنە.. لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا پیشەوەرە بچوکەکان وهێزیکاری دەستی لەگەڵ کرێکاراندا، لەهێڵی ئاسنین و بەندەرەکانی شاری بصرەو کارگەی ڕۆنی گیایی لەگەڵ کۆمەڵێک کارگەی بچوک وپڕۆژەدا، دەستیانپێکرد، یەکێک لەڕێگاکان بەهۆی کێشەی زۆری کرێکارانەوە، دروستکردنی سەندیکا بووەو تا لەڕێگایەوە خەباتی کرێکاران برەو پێبدەن. ئەم خەباتەش بەقۆناغی جیاوازدا ڕۆیشتووە: لەسەردەمی مەلەکیدا جۆرێک و لەسەردەمی عبدالکریم قاسم جۆرێک کراوەتر بووە، یاسایان هەبووە، ئازادییان هەبووە. لەسەردەمی بەعسیشدا نەقابەیەکی شکڵییان دروستکردووە، بەڵام بەبەردەوامی بزووتنەوەی نەقابی و کرێکاری هەبووەو خەباتیان کردووە، خۆپیشاندانیان کردووە فۆرمی تایبەت بەخۆیان هەبووە هەتا دوای ڕاپەڕین. لەهەرێمی کوردستانیش لەڕێگای بەرەی کوردستانیەوەو لەپێکهاتەی ئەو بەرەیەدا، نەقابەی کۆنی پڕکردەوە. ئەم سەندیکایە ئێستا لەکوردستاندا ئیشدەکات، بەڵام بەیاسای ژمارە ٥٢ ساڵی ١٩٨٧

دەنگی کرێکار: بەڵام هەتا چەند کرێکاران ڕۆڵیان هەبووەو بەشدارییان پێکراوە لەم یاسایەدا کەئێستا بەردەستە؟

عوسمان زیندانی: ئەم یاسایەی ئێستا درێژکراوەی یاسای کاری چەندین دەیەی پێشترە، هەتا ئێستا چوارجار هەموارکراوەتەوە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٥ یاسایکارێکی تازە دەرچووە کە یاسای ژمارە ٣٩. ئەم یاسایانە لەکاتی خۆیدا ڕۆڵی نەقابات، ڕۆڵی چەپەکان و ڕۆڵی کرێکارانیش هەبووە تێێدا. بەڵام ئەم یاسایە ئێستاو بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت، بۆنموونە لەجیهاندا لەڕێگای خەباتی کرێکاران خۆیانەوەو لەڕێگای ڕۆڵی چەپەکانەوە دوو ڕۆژ پشو لەهەفتەیەکدا فەرمیکرایەوە، بەڵام لەعێراقدا یەکڕۆژە

دەنگی کرێکار: باشە بۆچی هەتا ئێستا سەندیکا لەکوردستاندا کۆنگرەیەکیان نەبەستووە بەتایبەتی لەسلێمانیدا؟ ئایا پێتوانیە پێکهاتەی ئەم سەندیکایە لەبەرەی کوردستانی ئەچێت زیاتر لەوەی کرێکاری بێت؟ بەمانایەکی دیکە سەندیکایەکە تایبەت بەئەحزابەکان نەک هی کرێکاران؟

عوسمان زیندانی: ئەمە یەکێکە لەلاوازییەکانی بزووتنەوەی سەندیکاییلەکوردستان. باشتروابوووە یاسایی تر دەبوو وە کاری سەندیکایی سەرکەوتووتر دەبوو ئەگەر کۆنگرەی خۆی ببەستایە. بەشبەحاڵی خۆمان هەمیشەو ساڵانە داوامانکردووە بەنوسراوی فەرمی کەهەڵبژاردن بکرێت و کۆنگرە بگیرێت بۆ هاتنە پێشەوەی کەسانی ترو پسپۆڕ. لەگەڵ ئەوەشدا لەبەش و لقەکانی سەندیکادا هەڵبژاردن هەیە. بەڵام هۆکارێکی تر ئەوەیە کە بزووتنەوەی سیاسی لەکوردستاندا فرسەت ناخوڵقێنیت بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە ناڕازییەکان، بۆنموونە پارێزەران، یەکێتی مامۆستایان کە دەو دوانزە ساڵیش زیاتر دەبێت کۆنگرەیەکیان نەبەستووە. هەڵبژاردن لەکورستان تەنها بۆ پەرلەمانی هەیەو تەواو.

دەنگی کرێکار: هەتا چەند حکومەت ڕێگرە لەم بابەتە؟

عوسمان زیندانی: حکومەت هۆکاری سەرەکیە. حکومەت حەز ناکات بزووتنەوەی کرێکاری بەهێز ببیت، چونکە حکومەتێکی سەرمایەدارییە. حکومەت ئەزانێت کەکێشەی چینایەتی هەیە لەکۆمەڵگادا. زۆرینەی خاوەنکارەکان شەریکن لەگەڵ لێپرسراوانی حزبە گەورەکان، شەریکن لەگەڵ لێپرسراوانی حکومیدا، تەنانەت هەندێک پڕۆژە هەیە هەر هی خۆیانە. ئەمەش تایبەت نابێتەوە بەکوردستان، بەڵکو لەئاستی جیهانیشدا هەروایە.

دەنگی کرێکار: کەواتە مادام حکومەتی کوردستان سەرمایەدارییەو لێپرسراوانیش خۆیان شەریکن لەپڕۆژە گەورەو بچوکەکاندا، ئیتر ئەو نوزەیەش لەیاسایکاری بەرکاری هەرێم کەهەیەو بڕیک بەقازانجی کرێکاران شکاوەتەوە، ئەوانن کەنایەڵن یان ڕێگری ئەکەن لەجێبەجێکردنی؟

عوسمان زیندانی: من باسی یاسا دەکەم، لەیاساشدا لێپێچینەوە هەیە. دەزگای چاودێری هەیە بۆجێبەجێکردن، بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڕیوەبەرایەتی ڕاهێنانی پیشەیی، بەڕێوەبەرایەتی کار. بەبڕوای من ئەم دەستگایانە باشن کەهەبن بەڵام لاوازن. بۆ نمونە سەدان هەزار کۆمپانیا هەیە، چەند سەد هەزار کرێکار هەیە لەکوردستاندا، چەند سەد هەزار کرێکار هەیە لەدەرەوەی حکومەتدا، بەڵام ڕێژەیەکی کەم لیژنەی پشکنین هەیە. بزووتنەوە سیاسیەکە لەکوردستان زاڵە، بزووتنەوەی نەقابی و کرێکاری لەکورستاندا بەحزبە چەکانیەوە بێهزو لاوازن سەرەڕای ئەوەی هەمیشە لەملاملانێی بەردەوامدان.

دەنگی کرێکار: بەڵام لانیکەم سەندیکا لەئەوروپا ساڵانە دانیشتن لەگەڵ حکومەت و کۆمپانیاکاندا ئەکەن، کێشمەکێشی قورسیش هەیە لەنێوانیاندا لەسەر دەیان و دەیان ماف و خواستەکانی کرێکاران، ئەگەر نەیکەن، سەدان هەزار کرێکار دەهێنرێتە سەر شەقام، بۆچی ئەمە ڕوو نادات لەلایەن سەندیکاوەو هێزی کرێکاران ناجوڵینن ؟

عوسمان زیندانی: سەندیکا هەتا سەربەخۆتر بێت، هەتا کاراتر بێت، تا بەبەرنامەوە کار بکات، کاریگەری زیاتری دەبێت، لەڕاستیدا سەندیکاکان کاریانکردووە. بەڵام جیاوازی بزووتنەوەی سەندیکایی لەکوردستان و ئەوروپا دووخاڵە: لەکوردستان حکومەت و دام ودەزگاکانی وەکو پێوویست بەدەم ئەم داخوازییانەوە نایەن، بەڵام لەئەوروپا( هەمووی نا) کە فشارێک دروستدەکرێت حسابی بۆ ئەکرێت، وە دووەم: لەکوردستان سەندیکا ئەو ململانێ تووندە ناکات وەک ئەوەی لەبەشیک لەووڵاتانی ئەوروپادا ئەیکات. کێشەی کرێکار لەکوردستاندا، كێشەی نێوان کرێکاروخاوەنکارە، کێشەی کرێکارو حکومەتە نەک کێشەی کرێکاروسەندیکا.

دەنگی کرێکار: کۆتا پرسیارم لەسەر بابەتی دەستەبەری(ضمان) کرێکارانی بیناسازییە، ئایا کارێک کراوە لەسەر ئەوەی کەکرێکارانی بیناسازیش دەستەبەری بیانگرێتەوە؟

عوسمانی زیندانی: کرێکارانی بیناسازی دووبەشن، ئەو کرێکارانەی کەلەپڕۆژەکانی بیناسازیدا کاردەکەن و خاوەنکاریان دیارە، ئەوا ئەوانیش دەستەبەری دەیانگرێتەوە. بەڵام ئەو کرێکارانەی کەڕۆژانە کاردەکەن و خاوەنکارێکی جێگیریان نیە، بەمشێوەیە ڕوونیدکەمەوە:  لەسەندیکای بیناسازی و سەندیکاش بەگشتی، هەوڵی جددی درالە ٢٠١٢ و چواردەدا،تا دواجار وەزارەتی کار کۆنفرانسێکی بەست و تێێدا پڕۆژە یاسایەکمان پێشکەشی پەرلەمان کرد کە یاسای دەستەبەری بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە کە هەموو کرێکاران بەبێجیاوازی بگرێتەوە. پەرلەمانیش بڕیارێکی دەرکردو داوای کرد کەحکومەتی هەرێم ناچارە پەیڕەوێک دەربکات کە کرێکارانی بیناسازیش بگرێتەوە، بەڵام کابینەی پێشترو ئەم کابینەیەش هەتا ئێستا ئەو پەیڕەوەی دەرنەکرد، بەڵام لەعێراقدا یاسای ژمارە ١٨ ساڵی ٢٠٢٣  یاسای دەستەبەری دەرچوو کەکرێکاری بیناسازی، ڕۆژانەو خاوەنکاری بچوکیش بەئیختیاری خۆی دەستەبەر بکات.. بەواتایەکی تر، کرێکارەکە یان شۆفێری تەکسی و..تاد.. دەچێت خۆی بڕی بەشداری دەستەبەرییەکەی لەفەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار دەکات.

Related posts

ڕێنمایی بۆ کرێکاران هەرگیز دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەیاد مەکەن .

Dangi Krekar

هەڵەبجەی کۆن: ئەگەر شایستە داراییەکانمان وەرنەگرینەوە، ڕێگای ترمان هەیە!

Dangi Krekar

دەربەندیخان؛ کارەبا گیانی لە کرێکارێکی پڕۆژەی ڕووناکی سەند

Dangi Krekar

Leave a Comment