ڕانیە: خاوەن بارهەڵگرەکان کۆتاییان بەمانگرتنەکەیان هێنا!
| عمر چاوشین- پەیامنێری دەنگی کرێکار
لەکۆتاییەکانی مانگی ئەمساڵدا، شۆفێرە بارهەڵگرەکانی ڕانیە، دەستیاندایە مانگرتن و لەئەنجامی وەڵامنەدانەوەیاندا، ناچاربوون کەلەنزیک بازگەی سلێمانی-ڕانیە خێمە هەڵبدەن و بەردەوامبن هەتا ئەو کاتەی کەلایەنی پەیوەندیدار کێشەکە بەقازانجیان یەکلایی دەکاتەوە.
هەواڵنێری دەنگی کرێکارلەچاوپێکەووتنێکدا لەگەڵ یەکێک لەمانگرتووان بەناوی کاک فاروقەوە باسی ئەوەیکرد کەئێمەی خاوەن بارهەڵگرەکان کەزیاتر لە ٢٢٠ کەس دەبین لەحاجیئاواو چوارقوڕنەو ڕانیە، بەهۆی بێئیشی و بێکارییەوە، بەناچاری چەند ڕۆژە مانگرتنمان ڕاگەیاندووە بەهۆی ئەو سەیارانەی کە لەمەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان و پشتەو پێموایە شەش مەرزن، هاتوون و بەکرێیەکی فوولەوە باریان هێناوە بۆ ڕانیەو قەڵادزەو لێرەشەوە بار بۆهەولێرو دهۆک و بادینان دەبەن، دواتریش لەکۆتاییدا دێنەوە سەر وورگی ئێمەو بۆئەوەی بەبەتاڵی نەگەڕێنەوە، بەنیوە قیمەت بارێک لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە.. ئەو بارهەڵگرانە لەمەرزەکانەوە ٢٠ تۆن دەهێنن بە ٧ سەد هەزار هەتا یەک ملیۆن دیناریش، بەڵام لەڕانیەوە بارێک دەبەنەوە کەهێشتا چەند تۆن قورستریشە بەسەد هەزار یان کەمێک زیاتر، بەمهۆیەوە ئێمەش لێرە دەبێت بێکاربین و هەروا ژیانمان بکەوێتە ناو دۆخێکی سەختەوە.
یەکێکی تر لەمانگرەکان دەڵێت: ئێمە کۆنتاکتمان کردووە بەهەموو لایەنێکی پەیوەندیدارو حکومییەوە، چەندینجاریش لەگەڵ خاوەن کارگەی بلۆک دانیشتنمان کردووە، ئەوان و نوێنەری حکومەت پێشنیاری ئەوەیانکرد کەگەراجێک دروست بکرێت بۆ ئەم بارهەڵگرانە هەتا لەوێوە بتوانرێت بارەکان بەواندا بگوازرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کەئێمەش ڕازیبووین، بەڵام هەتا ئێستا ئەنجامی نەبووە. دۆخی ئێمە زۆر نالەبارەو دنیایەک کێشەیان بۆ هێناوینەتە پێشەوە. زیاتر لە٤ سەد خێزانیان بەهۆی ئەمەوە ماڵوێرانکردووە. بەهۆی بێکاری ئێمەوە، ڕۆنگۆرو پەنچەرچی و گازفرۆش و دەیان دوکانی یەدەگی سەیارە بێئیش ماونەتەوە…
لەکۆتاییدا، بەێی بەدواداچوونەکانی هەواڵنێری دەنگی کرێکار، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە دانیشتنیان کردووە لەگەل شۆفێرە بارهەڵگرەکان و پەیمانی ئەوەیان پێداوون کێشەکان چارەسەر بکەن
