Dangikrekar.com
وتار

یەکی ئایار، لەنێوان شکۆی کرێکار و “کۆیلایەتییەکی نوێ”دا لەکوردستان

یەکی ئایار، لەنێوان شکۆی کرێکار و “کۆیلایەتییەکی نوێ”دا لەکوردستان

دیلان سیروان 

​ساڵانە لەیەکی ئایاردا، جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دەکاتەوە وەک هێمایەک بۆ تێکۆشان لەپێناوی ماف و دادپەروەریدا. بەڵام لەهەرێمی کوردستان، ئەم یادە لەکاتێکدا دەکرێتەوە، کەچینی کرێکار لەناو قەیرانێکی قووڵی بژێوی، بێ بیمەیی ونادادییەکی گەورەی مووچەدا دەتلێتەوە. کرێکار لەکوردستان تەنها ماندوونییە، بەڵکو لەزۆرلایەنەوە مافخوراوی دەستی کۆمپانیا وسیستەمێکی چەقەبەستووە.​نادادی لەمووچەدا، کرێکاری ژینگەپارێز وەک نموونەیەک ​هەرچەندە بەپێی یاساو ڕێنماییەکان، دەبێت کەمترین مووچەی کرێکارێکی ناکارامە لەکوردستان بڕی٤٥٠هەزار دینار بێت، بەڵام واقیعەکە شتێکیترە. جێگەی شەرمەزارییە کەئێستا کرێکارانی ژینگەپارێز، کەپیرۆزترین ئەرکیان لەسەرشانە، تەنها٣٠٠هەزار دینار مووچەیان پێدەدرێت. ئەمە نەک هەر پێشێلکردنی یاسایە، بەڵکو بێڕێزی کردنە بەشکۆی ئەو مرۆڤانەی شارەکانمان لەوێران بوون دەپارێزن. چۆن دەکرێت خێزانێک لەم گرانییەی بازاڕدا بە٣٠٠هەزار دینار ژیان بگوزەرێنێت؟

​گۆڕستانی شوێنی کار

کێ بەرپرسیارە لەوخوێنە؟ ​یەکێک لەخەمناکترین لایەنەکانی ژیانی کرێکار لەکوردستاندا، “نەبوونی سەلامەتی پیشەیی”یە. ساڵانە دەیان کرێکار لەکاتیکارکردن لەپڕۆژە نیشتەجێبوونەکان وکارگەکاندا، بەهۆی کەمتەرخەمیی کۆمپانیاکان لەدابینکردنی کڵاو، پشتێنەی دڵنیایی ومەرجەکانیتری سەلامەتی، گیان لەدەستدەدەن. شوێنیکار بۆ کرێکاری کوردستان بووەتە “سەنگەری بێبەرگری” ؛ بۆ نان دەچن وبەکفنەوە دەگەڕێنەوە. جێگەی پرسیارە، چەند لەو کۆمپانیایانەی کرێکاریان تێدا دەمرێت، ڕووبەڕووی یاساو قەرەبووی قورسکراونەتەوە؟

​پشوو و بیمەی تەندروستی؛ مافە فەرامۆشکراوەکان ​

کێشەکە تەنها لەمووچەدا نییە. زۆربەی کرێکارانی کەرتی تایبەت لەژێر فشارێکی دەروونی وجەستەیی بەردەوامدان؛ کاتژمێرەکانی کارکردن زۆرجار ١٠ بۆ ١٢کاتژمێر تێدەپەڕێنن بێئەوەی مافی پشووی هەفتانەیان بۆ هەژماربکرێت. هەروەها، نەبوونی بیمەی تەندروستی ودڵنیایی ژیان گەورەترین مەترسییە؛ کاتێک کرێکارێک تووشی کەمئەندامی دەبێت، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی داهاتوو وبژێویی خێزانەکەی ناگرێتە ئەستۆ.

​چۆن ئەم دۆخە بگۆڕدرێت؟

​١/ جێبەجێکردنی یاسای کار: پێویستە حکومەت چاودێرییەکی توند بخاتە سەر کۆمپانیاکان تاوەکو کەمترین مووچە لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت.

٢/ ڕێکخستنی کاتەکانی کار: سنووردارکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن و چاودێریکردنی مافی پشوو و پشووە فەرمییەکان

٣/ بیمەی ناچاری: دەبێت هەموو کرێکارێک بیمەی تەندروستی و دڵنیایی ژیانی هەبێت بۆ پاراستنی نەوەکانی لەکاتی ڕووداوەکاندا. یەکی ئایار نابێت تەنها بەپێشکەشکردنی چەند چەپکە گوڵێک کۆتایی بێت. شکۆی کرێکار بەیاسا، مووچەی شایستە و دابینکردنی سەلامەتی دەپارێزرێت… کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم نادادییە بهێنرێت و کرێکار لەکوردستان هەست بکات خاوەن مافە، نەک تەنها ئامرازێک بێت بۆ     دەوڵەمەندکردنی سەرمایەداران

Related posts

كرێكارێك له‌ گه‌رمیان له‌كاتی كاركردندا گیانی له‌ده‌ستدا

Dangi Krekar

ژمارە ٥٩ دە نگی کرێکار ببینن

Dangi Krekar

سێ ڕووداوی کارو سێ قوربانی لەسێ شوێنی جیاجیادا

Dangi Krekar

Leave a Comment