کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ٦٠ساڵ، بەبێ زیادکردنی موچەی مانگانە، بڕیارێکی ناتەواوە!
ڕۆژی ١٥/١/٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا کەیاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی عێراقی سەبارەت بەخانەنشینی لەدوای ئەم بەروارە بخاتەبەرکارەوە. بەپێ یاسەکەش تەمەمەنی خانەنشینی لەهەرێم کەمدەبێتەوە بۆ ٦٠ ساڵی، واتە هەرفەرمانبەرێک ١٥ ساڵ خزمەتی هەبێت وتەمەنی گەیشتبێتە ٦٠ ساڵ دەتوانێت خۆی خانەنشین بکات. لەحاڵەتی جێبەجیکردنی ئەم بڕیارەدا، فەرمانبەرانی لەدایکبووی سێ ساڵ، واتە سێ موالید، پێکەوە خانەنشین دەکرێن. هەروەک وەزارەتی دارایی عێراقیش ئاشکرای کردوە، زیاتر لە ٢٩ هەزار فەرمانبەری هەرێم بەگوێرەی ئەم یاسایە خانەنشین دەکرێن. ئەگەرچی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەکەمبوونەوەی ماوەی خانەنشینی خۆشحاڵن وبەهەنگاویکی باشی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام لەبەشێکی زۆری بەڕێوەبەرایەتیەکانداو لەنێو فەرمانبەراندا، یاساکە بووەتە جێگای گومان و دڵەڕاوکێ وجێگای سەرنج و تانەلێدانە. لەمبارەیەوە فەرمانبەران گلەیی لەوەدەکەن کەئەم یاسایە لەکاتێکدا بڕیاری جێبەجی کردنی لێدراوە کەماوەی چەند ساڵیکە لەهەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی وەزیفی ڕاگیراوەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەیەک لەم بارەیەوە نادات، بۆیە فەرمانبەران لەجێبەجێکردنی یاساکەدا زوڵم و غەدرێک دەبینن. زوڵم و غەدرەکەش ئەوەیە کەئەو سێ موالیدەی فەرمانبەران کەئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، بەموچەی بنەڕەتی ئێستایان خانەنشین دەبن وهیچ حسابێک بۆ خزمەتی چەندین ساڵەیان ناکرێت، لەکاتێکدا پلەبەرزبونەوەیان ڕاگیراوەو ئاستی موچەکانیان ڕاگیراوە، بەمەش موچەی خانەنشینیان لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزاردا قەتیس دەکرێت کەهەرگیز لەبەرامبەر دۆخی ژیان و گوزاران و ئەوگرانیەدا نیە کەلەبازاڕدایە. بەواتایەکی دیکە حوکمەت بەپەلەیە لەخانەنشینکردنی فەرمانبەران، بەڵام بەبێئەوەی کەهیچ حسابێک بۆ بەڕێوەچوونی ژیانێکی شایستەو گونجاو کەلەگەڵ دۆخی سەختی ئابوری ئیستاو داهاوتوی فەرمانبەراندا بێەتەوە. ئەمەش سەرچاوەی ئەوگومان وگلەییەیە کەفەرمانبەران لەپەسەندکردنی یاساکەدا دەیبینن وبەدروست پێیان وایە کە حکومەت بەئاشکرا غەدریان لێدەکات.
لەڕاستیدا فەرمانبەران هەقیانە ڕەخنەوگلەیی بکەن، هەیانە تەنها بەکەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دڵخۆش نەبن، چونکە موچەیەک کەپێیان دەدرێت ژیانی ئەوان نەک هەرمسۆگەرناکات بەڵکو ڕوبەڕوی ئاستەنگی وهەژاری و نەبونیەکی ئاشکرادەکاتەوە. بێگومان ئەوەی ئامانج ومەبەستی حکومەتی هەرێمە لەپەسەندکردنی ئەم یاسایەدا، ئەوەیە کەکێشەی ئابوری و تەنگانەکانی خۆی لەسەرحسابی فەرمانبەران وڕاگرتیان لەئاستێکی نزمی گوزەرانی ژیاندا پێ پڕبکاتەوە. بەواتایەکی تر حکومەت دەیەویت بەدەستبردن بۆئەم یاسایە لەلایەک کەمهێنانی بودجە پڕبکاتەوەو لەلایەکی تریشەوە ئەوفشارەی کەلەلایەن کۆمەڵگاوە لەپەیوەند بەدامەزارندن و ئەوبیکاریە زۆرەی کەهەیە خاوبکاتەوە. ئەمەلەکاتێکدایە کە حکومەت یاسای دامەزراندنی مەرکەزی هەڵوەشاندۆتەوە نزیکەی ١٠ساڵ دەبێت نەدەرچوانی زانکۆو دادەمەزرێنی وەنە ئاوڕێک لەبێکاران دەداتەوە. پەنابردن بۆ گرێبەستیکاتی و وانەبێژی وناچارکردنی گەنجان بەکاری خۆبەخش، بۆ نمونە لەبواری تەندروستیدا زیاتر لەدەیان هەزار دەرچوی کۆلێژو پەیمانگای بواری تەندروستی، ئەم ڕاستیە دەخاتەڕوو. کەوایە فەرمانبەران نابێت نەک هەر بەیاساکە دڵخۆش ببن، بەڵکو دەبێت گومان و گلەییەکانیان بگۆڕن بەجوڵانەوەیەکی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. فەرمانبەرانی خانەنشین هەقیانە لەموچەیەکی شایستە بەهەرمەندبن کەوەڵامدەرەوەی ئاستێکی گونجاوی ئیستا وداهاتویان بێت. داواکردنی پلە بەرزبونەوەو گێڕانەوەی هەقی فەرمانبەران وقبوڵ نەکردنی زوڵم و غەدرێک کەحوکمەت لەپشتی ئەم یاسایەوە لەفەرمانبەرانی دەکات، دەبێت بگۆڕدرێت بەجولانەوەیەک کەدەسەلاتداران ناچاربکات بەبەرزکردنەوەی موچەی خانەنشینی بۆئاستێکی شایستە.