Dangikrekar.com
وتار

لەدەستەوە بۆ دەم ژیان!

لەدەستەوە بۆ دەم ژیان!

  کاوە کەریم 

مارکس بۆ وەسفکردنی بارودۆخێکی نائەمنی ئابوری لەژێر سەرمایەداریدا، دەستەواژەی”لەدەستەوە بۆ دەم دەژین”ی بۆ ژیانی کرێکاران بەکارهێنا. بەڵام بەکارهێنانی ئەم چەمکە تەنها بۆ وەسفکردنی سوڕانەوەی سەرمایە لەڕێگەی بەکارهێنانی کرێکارەوە نیە،  بەڵکو دەرخستنی میکانیزمی دەروونی و ماددی ئیستغلالکردن و نائەمنیی کرێکارانە.

بۆچی ژیانیکرێکاران ”لەدەست بۆ دەم”؟چونکە ئەو کرێیەی کەوەریدەگرن هێندە کەم و ناڕێکە تەنیا پێداویستییە دەستبەجێیەکانی پێ فەراهەم دەکرێت، هیچ پاشەکەوتێک و هیچ ئاسایشێک بۆ بەردەوامبوونی ژیانی ئابوری کرێکاران ناهێڵێتەوە. لەڕێگای ئەمەشەوە سەرمایەداری چیتر بەتەنیا کۆنترۆڵی کارەکەیان ناکات، بەڵکو تێڕوانینی ئەوان بۆ ژیانیان کۆنتڕۆڵ دەکات.ئەمەش دۆخێکیان بۆ دروستدەکات کەئەوان نەتوانن لەڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تر گەرەنتی بژێوی ژیانی خۆیان بکەن. کارکردی ئەمەش، وەک شێوەیەک لەکوشتنی کۆمەڵایەتیمامەڵە دەکات، هێزی ژیانی کرێکاران تێکدەدات و بەهێواشی لەناویان دەبات، ئەوەش بەناچارکردنیان بۆ ژیان لەژێر بارودۆخێکدا کەمەترسی لەسەر تەندروستی و ژیانیان دروستدەکات.

”لەدەست بۆ دەم” ژیان بۆ کرێکاران، بەشێوەیەکە ئەوەی لەکرێکەیاندا وەریدەگرن و هەر کەهاتە دەستیان، دەبێت دەستبەجێ لەکاڵای بەکاربەردا خەرجیبکەن، ئەمەش وایان لێدەکات کە سەرقاڵی سوڕێکی بەردەوامی بەکاربردن بن، بەڵام هەموو بەکاربردنێکیش نا، بەڵکو بەکاربردنێک بۆ ئەو کاڵایانەی کەژیانێکی کولەمەرگی پێ ڕاییدەکەن و بتوانن ڕۆژانی دوایی بچنەوە سەر کارەکەیان.کەواتە ئەم کرێیە ئەوەندە نییە کەئەوان بتوانن سەقامگیری یان دڵنیایی ژیانی درێژخایەنیان لەسەر بنیات بنێن. کرێکە ئەوەندە نییە بتوانرێت شتێکی لێپاشەکەوت بکرێت، یان ئارەزوویەکی ڕۆژانەی کەسایەتی کرێکاران پێجێبەجێ بکرێت. ئەوەی وەریدەگرێت لەدەستەکانیەوە دەڕوات بۆ دەمی  لەپێناو مانەوەیدا.

لەم جیهانە نایەکسانەدا،بژێوی ژیانی کرێکارانیش بەتەواوی پەیوەستە بەفرۆشتنیبەردەوامی  هێزیکارەکانیانەوە، ئەگەر داهاتیان بوەستێت، یان ئەگەر بۆ ماوەیەک سەرمایەدار ئامادەی کڕینی هێزیکاری ئەوان نەبێت، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورت، توانای مانەوەیان دەستبەجێ دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە ئەم کرێییە بەمانای خەرجی بەرهەمهێنانی هێزیکاری سادە لەخەرجی بژێوی و دووبارە بەرهەمهێاننەوەی کرێکاران پێکدێت. کەواتە کرێکە نرخی ئەو خەرجیانەی ژیانی سادەی کرێکارانە بۆ دووبارە بەرەهمهێنانەوەیان و وەچەخستنەوەیان.

سەرمایەدارو کرێکاران وەک کڕیارو فرۆشیار لەبازاڕدا ڕووبەڕووی یەکترببنەوە، کرێکار وەک فرۆشیار و سەرمایەداران وەک کڕیار.مەرجی پێویست و حەتمی بۆ ئەوەی کرێکار لەپێگەیەکی قبوڵکراودا بێت بۆ سەرمایەداران ئەوەیە، تا چ ڕادەیەک  سەرمایەی بەرهەمهێنانەکەی زیاتر گەشە بکات.کاتێک کاری بەکرێگرتە سامانی ئەوانی دیکە بەرهەمدەهێنێت، لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆلدەکرێن، واتە دەسەڵاتێک بەسەر خۆیدا دەسەپەنێت کەدژایەتیان دەکات.

کەواتە سەرمایە پێشبینی کاری کرێگرتە وەردەگرێت، کاری کرێگرتەش پێشبینی سەرمایەیە، هەریەکەیان ئەوەی دیکە دروستدەکەن. سەرمایە ناتوانێت کەڵەکە ببێت مەگەر بەهێزی کار نەگۆڕدرێتەوە، یان کاری کرێگرتە دروستنەکات. هێزیکاری کرێکاری کرێگرتەش ناتوانی بگۆڕێتەوە بەسەرمایە ئەگەر سەرمایەی زیادی پێنەکرێت، ئەمەش ڕێک ئەو هۆکارە بەهێز دەکات کەدەیکات بەکۆیلە.

سەرمایەدارەکەشبەگوریسە نەبینرەوەکانەوە هەمیشە کرێکارەکە بەخۆیەوە دەبەستێتەوە. کرێکار هەرکاتێک بیەوێت ئەو سەرمایەدارەی بەکرێ گرتووە بەجێ دەهێڵێت و سەرمایەداریش هەرکاتێک بیەوێت دەستی لێهەڵدەگرێت، کاتێک قازانجی چاوەڕوانکراو لێی دەستناکەوێت.

بەڵام ئەو کرێکارەی کەتاکە سەرچاوەی داهاتەکەی فرۆشتنی هێزیکاری خۆیەتی ناتوانێت بەتەواوی چینی سەرمایەداری بەجێ بهێڵێت، چونکە لەبرساندا دەمرێت. ئەو بەتەنها هی کەسێکی تایبەتی سەرمایەدارێ نییە، بەڵکوو هی چینی سەرمایەدارییە بەگشتی و دەبێت خاوەنی خۆی تێدا بدۆزێتەوە، واتە کڕیارێک لەم چینە سەرمایەدارەدا بدۆزێتەوە.

ئەوەی شایەنی باسە، ژیان ”لە دەست بۆ دەم”، ڕووداوێک نییە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی پێکهاتەیی سەرمایەدارییە کەپێگەی کرێکاران لاواز دەکات و ئازادییان بەمانایەکی قووڵتر سنووردار دەکات. بەو پێیەی  ئەوان پارێزگاری داراییان نییە، دەسەڵاتی کەمتریان هەیە بۆ ڕەتکردنەوەی بارودۆخی خراپی کارکردن یان داوای کرێی باشتر.

پێویستی بەردەوام بۆ دابینکردنی پێداویستییە دەستبەجێیەکان، دەتوانێت هەمیشە ئەوان لەدۆخێکی ناجێگیردا بهێلەتەوە، کەپلاندانانی درێژخایەن- وەک پەروەردە، تەندروستی، پلانێکی ژیان، یان بەشداریکردنی سیاسی- زۆر قورستر دەبێت.

.

 

Related posts

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، خواستەکانی کرێکارانی ژینگەپارێز دەخاتە بەردەم هۆبەی بەڕێوەبەرایەتی کار لەسلێمانی

Dangi Krekar

کرێکارێک لە پڕۆژەی دووسایدی نێوان (کۆیە – هەولێر) گیانی لەدەستدا،

Dangi Krekar

کاسبکارێک لە داخی شارەوانی عەرەبانە و کەرەڤانە کەی  سووتاند و دەستگیرکرا

Dangi Krekar

Leave a Comment