Dangikrekar.com
وتار

ترسی بێکاری و شێواندنی مافەکانی کرێکار لەهەرێمی کوردستاندا!

ترسی بێکاری و شێواندنی مافەکانی کرێکار لەهەرێمی کوردستاندا!

  وەستا مەهدی

لەهەرێمی کوردستاندا، پرسی بێکاری تەنها نەبوونی هەلیکار نییە، بەڵکو ترسی بێکاربوون بووەتە ئامرازێکی فشار کەکرێکارانی خستووەتە دۆخێکی ئێجگار سەخت وناهەموارەوە… ئەگەرچی یاسایکار هەیە، بەڵام لەنێوان دەقە یاساییەکان و واقیعی مەیدانیدا درزێکی گەورەتر هەیە.

یاسایکاری هەرێم، چەندین بڕگەی باشی تێدایە سەبارەت بەکاتژمێرەکانی کار، مافی مۆڵەت و خانەنشینی. بەڵام کێشە گەورەکە لەوجێگایەوە دەستپێدەکات کەوەزارەتیکار بەشێوەیەکی کاریگەر ڕێکار بەرامبەر ئەو خاوەنکارانە ناگرێتەبەر کەیاساکە دەبەزێنن، هەتا لێرەوە کارگەو کۆمپانیاکانی تر نەوێرن هەروا ئاسان کرێکار لەسەر کار دەربکەن.

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان ئەوەیە کەزۆرینەی کارگە گەورەکان، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و پڕۆژە ستراتیژییەکان، یان ڕاستەوخۆ موڵکی حیزبن، یان بەرپرسانی باڵا پشکی سەرەکییان تێدا هەیە.ئەم تێکەڵاوبوونەی سەرمایەو دەسەڵات وایکردووە کەخاوەنکار خۆی لەسەرووی یاساوە ببینێتەوە. کاتێک حیزب خاوەنی کارگەکە بێت، نەوەزارەت دەوێرێت لێپێچینەوە بکات و نەدادگاکانیش دەتوانن مافی کرێکار وەک خۆی بسێننەوە.

ترسی بێکاری، هەمیشە وەک سێبەرێک بەسەر سەری کرێکارانەوەیە. ئەم ترسەش وایکردووە لەکرێکاران کەکۆیلایەتییەکی ناچاری قبوڵبکەن، بێدەنگ بن بەرامبەر هەر خواست و مافێک کەهەیانە، بێدەنگ بن لەسەر ڕۆژانەی دەو دوانزە سەعات کارکردن بەبێ ئۆڤەرتایم کەخاوەنکار گەورەترین قازانجی لێدەکات و ئیتر پێوویست ناکات کرێکارێکی تر لەدەرەوە بهێنێت. بێدەنگ بن هەرلەبەرئەوەی نانی ژەمێکیان هەبێت.

نەبوونی گرێبەستیکاری فەرمی و یاسایی، کەزۆربەی ناوەندەکانیکار نەک هەر خۆیان لەواژۆکردنی دەدزنەوە، بەڵکو چەند بڕگەو بابەت یان تەعبیراتی خۆیانیان فڕێداوەتە ناویەوە کەئەگەر کەسێکی یاسایی نەبێت، وائەزانرێت ئەم تەعبیرو بڕگانە یاسایین بۆئەوەی هەر کاتێک ویستیان، بەبێقەرەبووکردنەوەی کرێکارەکە لەکار دەریبکەن. هەربۆیە هەمیشە هەڕەشەی: ئەگەر بەدڵت نییە بڕۆ، سەد کەس لەدەرگای دەرەوەداڕاوەستاوە، بووەتە مۆتەکەیەک ونەک هەر دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی کپکردووەتەوە، بەڵکو ناشتوانێت سادەترین خواستێک کەهەیبێت باسی بکات.ئەم دۆخەش نەک هەر زیان بەبژێوی کرێکار دەگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوە. بێکاری تەنها نەبوونی مووچە نییە، بەڵکو شکاندنی شکۆی مرۆڤە لەناو وڵاتی خۆیدا کاتێک کەدەبێتە بارەمتەی بەرژەوەندییەکانی خاوەنکار.

کەواتە چارە چیە؟!

یەکەمین هەنگاو ئەوەیە کەپێویستە سەندیکاکانی کرێکاران لەپاشکۆیەتی حیزب ڕزگار بکرێن بۆ ئەوەی ببنە بەرگریكارێکی ڕاستەقینە لەمافی کرێکار. ئەگەر کرێکاران پێیانوایە کەسەندیکا هیچیان بۆناکات، بێلایەن نیەو زیاتر حیزبیەو ناتوانێت بەتەواوەتی لەسەنگەری واقیعی ماف و خواستی ئەواندا بێت و بتوانێت لانیکەم دەرکردنی کرێکار بکات بەهێڵی سور، ئەوا ناچارن خۆیان بەدەستی خۆیان ڕێکخراوێکی واقیعی کرێکاری دروستبکەن بۆئەوەی بیکەن بەسەنگەرێکی بەهێزو کرێکارانی کارگەو کۆمپانیاو ناوەندەکانی کار بەخۆیانەوە پەیوەست بکەن، هەتا لێرەوە بتوانن بەفشاری یەکگرتوانەی خۆیانەوە ڕیگری بکەن لەلەسەرکار دەکردن و خواست ومافەکانیان مسۆگەر بکەن لەپێناوی ژیانێکی باشتر لەئێستایان.

هەنگاوی دووەم: یەکێکی تر لەو مەترسییانەی کەلەبەردەم کرێکاران لەکوردستاندا قوتبووەتەوە، بوونی جۆرێک لەهەماهەنگی نافەرمییە لەنێوان خاوەنکارە حیزبی و سێبەرەکانیاندا، بۆیە دەبێت حکومەت لێپرسراو بکرێت کەلەڕێگەی وەزارەتی کارەوە لیژنەکانی پشکنین هەم زیاد بکات بەهۆی زۆری کۆمپانیاو کارگەو ناوەندیکارەوە، هەم هەفتانە لیژنەکان لێپرسراو بکات بەدەرچوون  وبەجددی چاودێری کردنی شوێنکارەکان. هەروەها دادگایکار دوور بخاتەوە لەهەژموونی حیزبی ئەگەر هەبێت.

سێیەم هەنگاو: دەبێت حکومەت ووەزارەتیکار، بڕیارێک دەربکەن بۆخاوەنکارەکان ودەبێت لێپرسراو بکرێن لەدابینکردنی بژێوی بۆ ئەو کرێکارانەیکەبەنادادی دەردەکرێن، چونکە ئەگەر خاوەنکار بزانێت کەدەرکردنی کرێکار تێچوویەک یان قەرەبوویەکی گەورەی لەسەرە، ئیتر هەروا بەئاسانی ناتوانێت کرێکار دەربکات.

لەدواییشدا، پێویستە کرێکاران هەموو بڕگەکانی یاسایکار شارەزابن و هەر پێشێلکارییەک کەدەکرێت وەک نەبوونی مەرجی سەلامەتی یان بڕینی مووچە، یان هەر خواست و مافێک کەهەیانە بەبەڵگەی ڤیدیۆیی و دەنگی تۆمار بکەن. ئەمە دەبێتە فشارێکی گەورە لەسەر خاوەنکار لەسۆشیاڵ میدیاو ناوەندە ناوخۆیی ونێودەوڵەتییەکاندا

Related posts

ڕاهێنەرێک لەکاتی کارکردندا کەوتەخوارەوەو گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

کرێکارێ سووتا..

Dangi Krekar

ژمارە ٨٠ دە نگی کرێکار ببینن

Dangi Krekar

Leave a Comment