Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

کرێکاران گوزارشت لەدۆخی خراپی کارەکانیان خۆیان دەکەن! 

کرێکاران گوزارشت لەدۆخی خراپی کارەکانیان خۆیان دەکەن! 

|  ڕاپۆرت :

مەحمود حەلاق:

لەچەند دیداری جیاوازی پەیامنێری دەنگی کرێکاردا، لەگەڵ ژمارەیەک لەکرێکاران کەلەناوەندەکانی کارادا کار دەکەن وپاش قسەوباس کردن لەسەر دۆخی کارەکانیان، بەباشمان زانی کورتەیەک لەقسەکانیان کەگوزارشت لەدۆخی خراپی کاری کرێکاران دەکات، لەم ژمارەیەی دەنگی کرێکاردا، بڵاوبکەینەوە:

کرێکارانی نەوت ترسی لەدەستدانی کارەکانیان هەیە!

کرێکارێک لەیەکێک لەپاڵاوگە نەوتیەکان ئەڵێت : بەهۆی ڕاوەستانی نەوتی هەرێمەوە وەزع لەلای ئێمە باش نیە ودەنگۆی ئەوە هەیە کرێکاران لەسەر کار دەربکرێت، بۆیە لەدڵەراوکێی لەدەستدانی کارەکانماندا ڕاگیراوین وحکومەتیش هیچ کاردانەوەیەکی نیە.

لەبەر بۆنی زبڵ ئۆقرەمان نیە!

ژینگەپارێزگارێک دەڵێت : هاوینان وەزعمان باش نیە لەبەر بۆنی زبڵ و خاشاک و ئۆقرەمان لەبەربڕاوە ، کەمامەمان پێنادەن، کرێکارەکانی دواوەی کابیسەکان (سەیارەی خۆڵ) تەنانەت کاتی کارکردنیشیان دیار نیەو ڕۆژانە ئەو شوێنانەی کەبۆیان دیاریکراوە دەبێت پاک بکەنەوە . بەم گەرمایەی هاوینیش کۆمپانیا ئاوی خواردنەوەمان بۆ دابین ناکات..

دیارنییە تائێوارە چیم بەسەردێت!

کرێکارێکی تەلارسازی دەڵێت : من لەبەرزایی٤٠ مەترەوە هەڵواسراووم بەحەبلێکەوە هیچ دیار نیە هەتا ئێوارە چیم بەسەر دێت . ئەو ڕۆژە تاوەرێک ڕووخاو چەند کرێکاری کوشت ..

هەتا دەگەینە جێگا ڕوحمان لەمشتماندایە!

شۆفێرێکی بارهەڵگر ئەڵێت : ڕێگاوبانەکان زۆر بێکەڵکن هەتا دەگەینە جێگا ڕۆحمان لەمشتماندایەو کرێکەشی زۆر کەمە..

دۆخی کار لەکارگەکەماندا یەکجار سەختە!

کرێکارێکی بەشی فڕنی کارگەی ئاسن دەڵێت : پلەکانی گەرما زۆر بەرزەو کرێکاران لەوەزعێکی تەواو ناڕەحەتدا کار دەکەن، ئەوەی کەڕوونە بۆ هەموان لەکارگەکاندا کارکردن بەردەوامە. لەناو زۆربەی کارگەکانداو بەتایبەت لەو شوێنانەی کەفڕنی گەرمکردن و تواندنەوە هەیە، تەنانەت نەک تەنها بەبێ کەمکردنەوەی سەعاتی کار ئیش بەکرێکاران دەکرێت و هاوکارییان ناکرێت هەم بەهۆی گەرمای زۆری هاوین و هەم بەهۆی گەرمای فڕنەکانەوە، بەڵکو مووچەیەکی کەمیشیان ئەدرێتێ بەبەراوورد بەکرێکارانی بیانی بۆ هەمان ئیش کەلەڕووی کارەوە هیچ جیاوازییەکیان نیە، هەرئەمەش خۆی لەخۆیدا پێشێلکردنی یاسای کارە.. کرێکارانی کارپێکەری بەشی فڕنەکان لەکارگەکاندا، لەتاو گەرمای تاقەت پڕوکێنی فڕنداو لەتاو ئەو زەخت و فشارەش کەلەسەریانە وسەرەڕای ئەوەی کەمەرجی سەلامەتی کاری تێدا نیە،  تووشی ناڕەحەتی و ئازارو نەخۆشی بوونەتەوەبەهۆی ئەو دوکەڵ و مادە زیانبەخشانەوە کەلەکاتی کاردا بەریان دەکەوێت. کرێکاران لەشوێنی کارەکەیان ئەگەر کەمترین هەڵە بکات ئەوا پڕیشکی ناو فڕنەکە بەری ئەکەوێت کەبەقەدەر فیشەکێک ئازاری ئەدات، ئیتر با گەرمیەکەشی لەولاوە بوەستێت. ئەمە زۆر سەختە و دەبێت ڕۆژانە ٦ کاژێر زیاتر کار بکەیت، بەڵام جاری واش هەیە لە ٨ کاژێریش تێدەپەڕێت .. داوا لەلایەنی پەیوەندیداریش دەکەن کە بچن سەردانیان بکەن و بەجددیەوە بچن بەهانایانەوەو ئەو جیاوازییە زۆرەش لە مووچەی نێوان کرێکارانی بیانی و ناوخۆییدا لاببرێت یان هیچ نەبێت زۆر کەمتر بکرێتەوە بەرامبەر بەو کارە قورسەی کەدەکرێت.

کرێکارێکی خزمەتگوزاری خەستەخانەش دەڵێت : سەرباری کارە ترسناکەکان، موچەکەشمان دوادەخەن ..

ناڕەزایەتی کرێکاران لەشوێنی کارەکانیاندا جمەی دێت و پەنگی خواردۆتەوە. هەندێک جار دەست لەکار دەکێشنەوەو داوا دەکەن خاوەنکار یان حکومەت وەڵامیان بداتەوەو کەمێک دۆخی کارەکەیان باش بکەن، کەچی دوای ماوەیەک لەسەرکار دەرئەکرێن. ئەم وەزعە بۆ کرێکارانی کوردستان لەلایەن خاوەنکارو حکومەتەوە کراوە بەسیستەمی کارکردن، باشکردنی بەندە بە هاتنە مەیدانی کرێکاران خۆیانەوە. ڕێگای گونجاو و کارساز، تەنها کۆبوونەوەی کرێکاران خۆیانە لەدەوری خواستەکانیان. ئەگەر ئەمە نەکرێت ئیتر کرێکار ناتوانێت وەزعی خۆی باش بکات.. کرێکاران ئەبێت جێگاو شوێنی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆیان بناسن، ئەبێت ئەوە بزانن کە لەهەر جێگایەک و بەهەر ئەندازەیەک هاودەنگ و هاوخەبات بن، بەو ئەندازەیەش وەزعیان دەگۆڕێت .. کرێکاران هاوبەشن لەگشت کێشەکانیاندا، هەربۆیەش پێوویستە هاوخەبات بن .. گرێدانەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران لەبەشە جیاجیاکانداو سەراسەری کردنەوەی لەدەوری داخوازیە هاوبەشەکانی کرێکاران، بەدڵنیایەوە هیزو توانایان دەگۆڕێ ودەتوانی ئەوخواستانەش بەسەر خاوەنکارەکاندا داسەپێنێ کەبەهۆیانەوە دۆخی کارو ژیانی کرێکاران باشتردەکات.

Related posts

بۆ سەلماندنی مافەکانیان، کرێکاران پێویستە گرێبەستی کاریان هەبێت

Dangi Krekar

یە کەم قوربانی شوێنی کار لە ٢٠٢٤ ڕویدا .

Dangi Krekar

Support for Kurdistan teachers

Dangi Krekar

Leave a Comment