سەروتار
بەرەو ئایار، بەرەو گەڵاڵەکردنەوەی خواستەکان و هێنانە مەیدانی ڕیزی یەکگرتومان، بەڕووی خاوەنکارو دەسەڵاتداراندا.
یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکار، بەڕێوەیە. کرێکاران لەسەراسەری جیهاندا، هەموو ساڵێک بۆ شکۆدارکردنی ئەم ڕۆژە، لەهەوڵی خۆئامادەکردن وهێنانەمەیدانی هێزی چینایەتی وخستنەڕوی داخوازیەکاندیاندان.. بێگومان ئێمە کرێکارانی کوردستان دوای یەکساڵ لەخەبات بۆ باشکردنی کارو ژیانمان، دوای ئەوەی یەکساڵی تەواو ڕەنج و شەونخونیمان بەگەرماو سارما کێشاوە وسەرمایەی خاوەنکارەکانمان زیاترو زیاتر کردوە، کەچی ئەوە چینی دەسەڵاتدارو خاوەن کۆمپانیاکانن، کەژیانی ئێمەیان، لەهەژاری ونەبونیدا خنکاندوەو هێشتا ئەو موچەیەی پێمان دەدەن بەشی ژیانمان ناکات. یەک ساڵ تێپەڕیوە و داوا دەکەین خواستەکانمان جێ بەجێ بکەن، کاتێکش ماندەگرین و ناڕەزایەتی دەردەبڕین، کەچی ئەوان دارودەستەی چەکدارو ئاسایش دەکەنە سەرمان. ئەگەر ئەمەش نەکەن شمشێری لەسەرکار دەرکردنمان بەسەرسەرەوە ڕادەگرن و لەگەڵ بێکاری وژیانێکی کولەمەرگی بەرەو ڕوومان دەکەنەوە. ئێمە کرێکارانی کوردستان لە ئایاری پارساڵەوە تا ئەمڕۆ چەندین ناڕەزایەتی وخۆپێشاندانمان بەرێ خستوە، کرێکارانی ژینگەپارێز کرێکارانی کارگەکانی چیمەنتۆ وئاسن و چپس و کارمەندانی خۆبەخشی سەربەوەزارەتی تەندورستی و مامۆستا و موچەخۆرانی سەر بەدەوڵەت و کەرتی تایبەت و دەرچوانی خاوەن شەهادەی دانەمەزراو .. هەموو ئەمانە نیشانی ئەدا کە کرێکارانی کوردستان خەریکە سنوری بێدەنگی تێپەر دەکاو چیتر ناتوانیت لەئاست مافە سەرەتاییەکانی بەجواب نەیەت. یەکی ئایار فرسەتیکی زێڕینە و نابێ ئەم هەلە لەدەست بدەین. بەڵکو دەبێ ئەمڕۆژە بکەینە ڕۆژی کۆکردنەوەی هێزی جەماوەریمان، ڕۆژی یەکگرتویی ڕیزەکانمان، ڕۆژی گەڵالەکردنەوە داخوازیەکانمان ودانەوەی بەڕوی دەسەڵاتو خاوەنکاردا.
یەکی ئایار بەخەبات و تێکۆشانی هاوچینەکانمان جێکەوتووە و ڕۆژێکە نیزامی هارودڕندەی سەرمایەداری لەسەر کاربێت، ئەم یادەش هەر زیندوە. بۆیە دەبێ ئێمەی کرێکاران هەمووساڵیک خۆمانی بۆ ئامادەبکەین وگشت ئەو خواستانەی کەیەک ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین دوبارە ڕێزیان بکەین و لەدووتوێی یاداشتێکدا بیخەینەوە بەردەستی خاوەنکار و دەسەڵاتداران. پێویستە لەگشت کارخانەو ناوەندەکانی کار، هەڵسوراوانی کرێکاریی خۆیان ئامادەبکەن و لەدەستەو گروپ و هەر جۆرێک کەبۆیان دەکرێ لەدەورێ یەك کۆبنەوەو ئامادەکاری بکەن بۆ ڕۆژی یەکی ئایار تا کرێکاران بتوانن ئەمڕۆژە شکۆدار ڕابگرن. دەکرێ لەڕۆژی یەکی ئایاردا کار ڕابگرین، تەنانەت بۆیەک سەعاتیش بێت، بۆ ئەوەی کرێکار بزانێت جێگا و ڕێگای ئەم چینە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، چەندە کاریگەرە. ئەگەر نەشتوانین کار ڕابگرن بە هەرشێوەک بۆمان دەکرێ تەعبیر لەیەکی ئایار بکەین ونابێت بیەڵین یەکی ئایار تێپەرێ و هچمان نەکردبێ یان هیچمان نەوتبێ. ئێمە لە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە بانگەوازتان دەکەین بۆ بەرپاکردنی مەراسیم و سازدانی کۆڕو کۆبوونەوە کرێکاریەکان لەناوەندەکانی کاردا. بانگەوازتان دەکەین تاپێکەوە یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی نیشاندانی هێزی یەکگرتوانەی چینایەتیمان.
بانگەوازتان دەکەین یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی دادگایی کردنی نەزم ونیزامی زالڵمانەی سەرمایەداری، ڕۆژێک بۆ گەشانەوەی خەباتمان لەپێناو ئازادیو یەکسانی وکۆمەلگایەکی خۆشگوزەراندا. با هەرلەئستاوە، وەک بەشێک لەئۆردوی کار وبەشێک لەکرێکارانی جیهان، لەهەوڵی خۆئامادەکردن وپەیوەستبونمانەوەبین بەمارشی جیهانیو چینایەتیمانەوە. بەرزو بەڕیز بێت یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار.