کۆمپانیاکان و دەنگۆی زیادكردنی مووچەی ژینگەپارێزان!
سەربەست ڕەسوڵ
بەپێویستمزانی ڕونكردنەوەیەكی تێروتەسەل بدەم لەسەر ئەو دەنگۆیەی کەتایبەتە بەزیادکردنی مووچەی ژینگەپاریزان لەدەڤەری ڕاپەڕین.
كاتێک خۆپیشاندانەكانی ساڵی ٢٠١٨ و ساڵانی دواتریش بەهۆكاری كەمی پێداویستیەكان و نەبوونی مووچەو كەمی مووچەی ژینگەپارێزانی ئیدارەی ڕاپەڕینەوە، دەیانجار لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی شارەوانیەكان و لیژنەی باڵاو ئیدارەی ڕاپەڕین دانیشتنمان كردووەو داواكارییەكانی كرێكارانمان گەیاندۆتە شوێنی خۆی، بەڵام هەروەکو عادەتی کۆمپانیاکان، بەبیانووی نەبوونی داهات و كەمی بودجەوە، داواكاری ومافی ڕەوای کرێکارانیش کەوتۆتە ناو یارییەکانی کۆمپانیاو حکومەتەوەو بەردەوام دەستی دەستی پێوە كراوە.
هەروەها لەو كاتەشەوە پێکەوە لەگەڵ دەنگی کرێکاردا ئیش لەسەر زیادكردنی مووچەی كریكاران و بەرزكردنەوەی ناڕەزایەتی كریكاران دەكەین و لەم پێناوەشدا دەیان خۆپیشاندانمان بۆكردووە. نەک هەرئەوەش، بەڵکو لەگەڵ ستافێكی ڕۆژنامەی دەنگی كرێكاریش دیسانەوە سەردانی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیمان كردوە بۆ ئاگاداربوونیان لەدۆخی كریكاران و كەمی مووچەكانیان. هەروەها ستافی دەنگی کرێکار بەردەوام لەڕێگای پەیوەندییە تەلەفۆنەکانی خۆیەوە لەگەڵ وەزیری کارو چەندین دانیشتن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی کارو لەگەڵ خودی بەڕێوەبەری کار خۆیدا لەسلێمانی و ئاگادارکردنەوەی ئەوان لەسەر کەیسی کرێکارانی ژینگەپارێز بەگشتی لەپێناوی گێڕاندنەوەی مافی خوراوی کرێکاراندا. هەموو ئەم هەوڵانە دراوە لەپێناوی باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران وگێڕاندنەوەی مافەکانیان..
سەرەڕای هەموو ئەوانەش بەپێی زانیارییەكانم، ئەم زیادكردنی مووچەیە بۆ ئەوەیە کەكۆمپانیای جێبەجێكار كرێكاری دەستناكەوێت بەم نرخ و مووچە کەمەی ئێستاو بەو پچڕپچڕیەی مووچەوە، بۆیە ناچاربوون بۆ بردنەوەی تەندەر لەگەڵ كۆمپانیای ڕكابەردا بەناوی كۆمپانیای بیڤان کە٤٠٠ هەزاری پێشنیار كردووەو كۆمپانیا ڕكابەرەكەشی ٣٨٠ هەزار، هەتا ئێستاش ڕوون نیە ئەم تەندەرە كارەكانی تەواو بووە یاخود نا، چونكە كێشە لەكوالێتی و جۆری ئامێرەكاندا هەبووەو بەڕێزێكیش لەلاوە هاتووە تازە بەتازە دەڵێت ئێمە مووچەی ژینگەپارێزانمان زیادكردووە، کەچی خۆیشی ئامادەنەبووە بۆیەک ڕۆژیش لەگەڵ کرێکاراندا دەنگێک بەرز بکاتەوەو داوای مافی ئەوان بکات