هاووڵاتیان لەسەر نەدانی موچە چی دەڵین!
بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار بۆچونی فەرمانبەران لەبارەی موچەوە بڵاودەکاتەوە
| دەنگی کرێکار:
ڕاو بۆچونتان لەسەر کێشەی مووچە چییە؟
عومەرچاوشین کارمەند لەڕانیە: باوەڕبکە خەڵک جوقەی لێوەنایەو بێدەنگن، نازانم بۆ وایە سەرم ئەستوربوە لەداخانیان، هەرچی قسەی لەگەڵ دەکەی دەڵێت هەرچیەک بکەین سودی نیەوهیچ ناگۆڕێت، دەسەڵات ئەوەی بیەوێت دەیکات وبۆی دەچێتەسەر… زۆربەداخەوە
اسماعیل سالح هاوڵاتی: هیچی تازە نیە، بەڵام بەهۆی لێدانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی شەڕی ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەگەر هەیە عێراق موچە بنێرێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ڕێباز بەرزنجی، کرێکاری کارگەی ئاسن: خەڵكی بێهیوان لەچاكبوونی كێشەی مووچە بەگشتی..وە پێیان وایە ئەوان كوشتەی دەستی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم حکومەتی عێراقن، هەر دوولا بێباكن لەئاستی قوت و ژیانی خەڵكی ئەم هەرێمە، بەجۆرێك لەجۆرەكان لەگەڵ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ باكی بەخەڵك نیە، دەسەڵاتدارانی خۆشمان مل بۆ خواست و داوای خەڵك نادەن ئامادە نین لەو ملێونان دۆلارەی لەداهات و نەوتی ئەم وڵاتە دەستیان ئەكەوێت بەشێك لەو پارە دزاراوانە بدەنە كەم و كوڕییەكانی خەڵك، موچەی لانیكەم مانگێكی خەڵك بدەن. بەكوردی بێهیوان لە هەردوو حوكمەت..
عەلی مەولود کارمەند لەسڵیمانی: خەڵک زۆر بێزارو تووڕەیە بەڵام هەوڵەکان لاوازن.
کەیوان لەحاجیاوا ئەڵێت: وەڵا خەڵک خشەی لێوە نایەت، گشتی لێفەی بەخۆدا داوە، چی گەنج هەیە بەڕێیانکرد بۆ ووڵاتان، ئەوەشی کەماوەتەوە چڵکاوخۆرو ماستاو چین، کەمینەیەکیش هەیە کەپێیان قبوڵناکرێ، بەڵام وەک دڵۆپە ئاوێکە لەدەریادا بێت.
سیروان ڕەمەزان کرێکار لەکارگەی گرین عێراق ئەڵێت: ئەو خەڵکە وادەمی بەستراوە لەلایەن حکومەتەوە ئەگەر ساڵی یەک مووچەش بدەن ئەڵێ خوا نەیبڕێ ،، ئێستا لەیەک کاتدا دەنگی ناڕازی هەیە ئەویش بۆ زیادکردنی پاسەوانەکان… سڵاو ڕێز بۆ ئەوانەی تێگەشتن.
پشتیوان خەلیل، هاوڵاتی ئەڵێت: بێزار هیچی پارەی پێ نیەو هەر بۆڵەی دێت و بێ دەسەڵاتە لە ئاست بێ موچەیی و ژیانێکی قورس بەرۆکی تاک بەتاکی گرتوەو هیچیشی نوقەی لێوە نایەت وە کەس نازانێت مەسیری ئەم حکومەتە شکست خواردووە چی لێدێت..
