Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

دەنگی کرێکار، خواست و ناڕەزایەتی کرێکارانی کۆمپانیایەک دەگەیەنێتە دەستی وەزیری کار!

دەنگی کرێکار، خواست و ناڕەزایەتی کرێکارانی کۆمپانیایەک دەگەیەنێتە دەستی وەزیری کار!

|  دەنگی کرێکار

سەرەڕای ئەوەی من نوێنەری کرێکاران نیم، بەڵام ئەتوانم بەناوی ئەوانەوە قسەبکەم..هێشتا ماویەتی کرێکار بگاتە ئەو عەقڵ و بیرکردنەوەیە کە فێر ببێت نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت و هەر خۆیشی بچێتە پشتی و لەنیوەی ڕێگاشدا بەجێینەهێڵــــێت.. بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموومان یەک ناڕەحەتی و کێشەو گرفتمان هەیە، ناچار بووم کە ڕووبکەمە دەنگی کرێکاری خۆمان، هەتا ئەم زوڵمە بڵاوبکاتەوەو بەهۆیەوە لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر خەت..

کاتێک کەپێشتر قسەم لەگەڵ ئێوەدا کرد، ئەوەتان ووت کە چەند کرێکار لەئێمە بێینە خزمەتتان و لەنزیکەوە قسەکانمان پیکەوە بکەین و پێکەوە لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکەینەوە هەتا هەرچی زووترە بەدواداچوون بکەن و ئێمە لەم میحنەتە ڕزگار بکەن.. بەڵام بەداخەوە!  سەرەڕای ئەوەی کە بەدوو برادەری خۆمم ووت و قبوڵیان نەکرد، ئیتر لەوە تێگەیشتم ئەم میللەتە لەبنەرەتەوە فێرو پەروەردەکراوی ئەوەیە کەناحەقی و زوڵم قبوڵدەکات وئامادە نیە لەپێناوی ماف و حەقی خۆیدا هەڵوێستی هەبیت و دیفاع لەخۆی و لەمافەکانی بکات ودەنگ لەدژی ناحەقی هەڵبڕێت.. هەربۆیە خۆم بڕیارمدا کە بەتەنها ئەم کەیسە لەڕێگای ئێوەوە ڕووەو کۆمەڵگا دەنگی بەرز بێتەوەو بتوانیت ئاورێکی جددی لەئێمە بدرێتەوە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە..

ئێمە دەیان کارمەندو کرێکارین لەکۆمپانیایەکی بەرهەمهێناندا، کاتیکارکردنمان لەکاژێر ٨ بەیانیانەوە دەست پێدەکات هەتا کاژێر ٤.. کاژێر چواری تەواو بەبێ زیادو کەم دەستلەکار هەڵدەگرین.. لەم کۆمپانیایەدا شتێک نیە بەناوی مۆڵەتەوە، ئەگەر بشمانەوێت مۆڵەت وەربگرین، ئەوا دەبیت یەکیک لەجێگای خۆمان دابنێین.. ئینجا وەرە بەو حاڵەوە کاروباری فەرمی و حکومیت هەبیت، ئەبێت چیت بەسەر نەیەت کاتێک کە نەتوانی کارە فەرمیەکانت ڕاپەڕێنیت؟!

ئەگەر شەوکاری بکەین، ئەوا بەپێچەوانەی هەندێک کارگەو کۆمپانیاوە، نەک هەر پارەی زیادە نادەن، نەک هەر  ئیستراحەتێکیش نیە، بەڵکو هەرئەوەندەی باوێشک یان چاوی خەواڵوت دابخەیت، یەکسەر غرامە دەکرێیت..

سەرەڕای ئەوەی کەخواردنمان زۆر خراپە، وەکو تریش کاتی نانخواردنمان نییەو کە نانمان خوارد ناتوانین یەک دەقیقەش بحەوێینەوە.. کەس بۆی نیە تانەو تەعن لەجۆری خواردن بدات، چونکە لێپیـــچینەوەت لەگەڵدا دەکرێت وئەشکێتەوە بەسەریدا.. ئیتر باسی نەخۆشیش ناکەم کە ئەگەر وەرەقەی دکتۆریش بهێنیت و ئەگەر دکتۆر چەند ڕۆژیش ئیستراحەتت بۆ بنوسێت، ئەوا پارەی هەموو ئەو ڕۆژانەت لیئەبڕێتەوە..

مەسەلەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش نیوەیە، پێموایە زۆرینەی کارگەو کۆمپانیاکانیش هەروایە.. وەک بڵێیت خاوەنکارەکانیان ڕێکەوتبێتن لەسەر ئەم بڕیارەی خۆیان.. بۆنموونە ئەگەر مووچەکەمان ٨ سەد هەزار بیت، ئەوا ئۆتۆماتیکی دەستەبەرییەکەت بەنیوەی ئەو مووچەیە دیاریدەکەن.. بۆئەوەی ئەگەر دووربا کرێکارێک تەقاعدبوو، لانیکەمی موچەیەکی هەبێت و خۆیشیان لەوبڕە پارەیەی کەدەستبەری ئێمەی پێدەکرێت، قازانجی مانگانەی چەند ملیۆنی بگەڕێتەوە بۆیان..

ئێمە وەک کرێکارو کارمەندانی کۆمپانیاکەمان، بەجدی کێشەو گرفتی زۆرمان هەیە، هەربۆیە داواکارین لەڕێگای ڕۆژنامەکەی خۆمانەوە دەنگمان بگەیەنن بەڕای گشتی و لایەنی پەیوەندیدارو بەتایبەتیش جەنابی وەزیریکار.. پاڵپشتیمان بکەن لەبەرامبەر ئەو کارانەی بەرامبەرمان ئەکرێت.. هیچ مامەڵەیەکی دروست ناکرێت لەگەڵمان لەڕوی نەفسی و جەستەیی زۆر نامورتاحین ڕۆژێکمان بەمانگێک لێئەڕوات..

دەنگی کرێکار، گەرماو گەرم نامەی کرێکارەکەی گەیاندە لای وەزیریکارو لەسلێمانیش گەیاندییە لای بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.. وەزیریکار پێیڕاگەیاندین کە لەڕۆژی یەکشەممەوە، بەرواری ٢٧/٧/٢٠٢٥ بەدواداچوونی جددی دەکەین و دەستخۆشانەی لەدەنگی کرێکار کرد بۆ دەربەستبوون و بەتەنگەوە هاتنی کرێکاران..

Related posts

لەناوچەی پیشەسازی ڕانیە بەهۆی تەقینی بتڵی کاربۆن پیشەوەرێ گیانی لە دەستدا

Dangi Krekar

“بێکاری دەبێتە مایەی ئەوەی کەخاوەنکار زۆرترین هەلومەرجی چەوسانەوە و بێمافی بەسەر کرێکاراندا داسەپێنێت”

Dangi Krekar

کرێکارێک گیانی لەدەستدا لە کاتی کاردا …..

Dangi Krekar

Leave a Comment