Dangikrekar.com
سەرنوسەر

پـاراستنی ئەمنیـەت و مـەدەنیـەتی کۆمـەڵـگا، ئـەرکی کرێکـاران و هـەمـوو هـاوڵاتیـانــــە!

پـاراستنی ئەمنیـەت و مـەدەنیـەتی کۆمـەڵـگا، ئـەرکی کرێکـاران و هـەمـوو هـاوڵاتیـانــــە!

شەڕو پێکدادانەکەی ئوتێلی لالەزار، هەرلێکدانەوەیەکی بۆ بکرێ، وەیا هەرهۆکارو ئامانجێکی بۆ لایەنەکان لەپشتەوە بێت، مادام لە جەرگەی شارو لەشوینی کارو ژیانی خەڵکدا دەستی بۆبراو ژیان و ئارامی  خەڵکی ڕاپێچی نێو تونێلێک لەترس و دڵەراوکێ  کرد، مادام کوشتار و تەقەی جۆرەها چەکی سوکو قورس وجوڵەی هامەرو تانک وبۆردومانی درون، کوێچەکەی خەڵکی مەدەنی شاری کەرکرد و هەناسەی هاولاتیانی لەنیو ئاگرو بۆنی باروتدا خنکاند، ئیتر هیچ پاساوێک ناهێڵیتەوە بۆ هەر ئینسانێک کەلەگۆشەی داکۆکی کردن لەمەدەنیەت وئەمنیەتی کۆمەلایەتیەوە، سەرکۆنەی نەکاو دەنگی ناڕەزایەتی لەدژ بەرنەکاتەوە.

بەدڵناییەوە ئەوەی ڕوویدا شەری نیوان دوو گوروپی چەکداربو لەسەر یەکلاکردنەوەی کێشە ناوخۆیەکانی حێزبێک کەساڵانێکە بۆ تەقەیرانێک، سەبارەت بەوەی کەکام نەوە وکام یەک لەکورانی بنەماڵە، بالادەست و بەشی شێر لەسەروەتو دەسەڵات دەپچڕێ. لەسەرێکی ترەوە ئەم شەڕ وئەم کوشتار ولەشکرکێشی و هێزنواندنە، بۆ جێگیرکردنەوەی پێگەی حێزبێکی دەسەڵات بوو کە لەژێرکاریگەری وگۆڕانکاریەکانی ناوخۆی عێراق و ناوچەکەدا، کەتبوە ژێر پرسیارەوە، هاوکات ئەم شەڕە پەلامارێک بوو بۆ سەرکوتی خواست ودەنگی نارەزایەتی جەماوەرێکی بەرین لەکرێکارانو خەلکی زەحمەتکێش، شەرێک بوو بۆ بەرگرتن بەهاتنەمەیدانی فراوانی جەماوەر بەڕوی ئەو دۆخە خراپە ئابوری وسیاسی ومەینەتیانەدا، کەزیاتر لەسێ دەیەیە ژیانیان دەهاڕێت. هەربۆیە ئەم شەڕە دورونزیک نەک هەر پەیوەندی بەخواست و بەرژەوەندیەکانی خەلکی بەشمەینەتی کوردستانەوە نیە، بەلكو ڕێک لەبەرامبەر ئیرادەو هەوڵی ئەواندایە بۆ گۆڕانکاری وگەیشتن بەژیانێکی ئاسودەو شایستە بەئینسانی ئەمڕۆ.

ئەم شەڕە هەروەک ئەوەی لەنیوان دوگروپی چەکداری بزوتنەوەی کوردایەتی کەبەکردەوە ناوەڕۆکی دژی ئینسانیو دژە خەلكی خۆیان سەدبار سەلماندووە وبەرهەمی پڕۆژەی ئەمریکاو دەولەتانی ناوچەکەن، بەدلنیایەوە دەبێ سەرکۆنە ولەقاوبدرێت. خەڵکی کوردستان کاتێک لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە وینەی کاولکاریەکانی غەززە، لوبنان، سوریاو سودانو.. دەبینن کاتێک برسێتی گیانی لەمناڵان سەندووە، کاتێک داڕمانی شیرازەی کۆمەڵگا ئینسانەکانی لەژێر داروپەردوو و ڕەحمەتی گوللەی تۆپ و کوشتاری بەکۆمەلدا یەخسیر کردووە، ئیتر هەقایانە لەتوڕەییو بێازای خۆیان بگاتە سەرلوتیان، بەتایبەتی کاتێک شەر وکوشتارو کاولکاری لەنیو جەرگەی شاردا بەردەرگای مالەکانی پێگرتون. بێگومان لەدۆخێکی ئاوادا کەئیتر گیانی ئینسانەکان دەکەوێتە بەردەم مەترسیەکی ئەکیدەوە، ئیتر قسەیەک لەخواستی موچەو باشکردنی ژیان و گوزەران نامێنێتەوە. هەربۆیە داکۆکیکردن لەمەدەنیەت وئەمنیەتی کۆمەلگاو خەباتکردن بۆ بەرگری لەتێکچونی شیرازەی کۆمەڵگا دەبێتە ئەرکو خواستی هەر کرێکارو هاوولاتیەکی کوردستان.

بەواتایەکیتر خەڵکی کرێکار وزەحمەت کێش بۆ ئەوەی  بەخواستەکانیان بگەن دەبێ لەپێشەوە دورخستنەوەی هەرەشەکانی سەر تێکچونی ژیان و ئەمنەیەتیان لەڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ گەیشتن بەخواستەکانیان دابنێن.

 

Related posts

 سندوقی خانەنشینی، فەرمانبەران دەخاتە ژێر قەرزی چەندین ساڵەوە!

Dangi Krekar

بەپێچەوانەی یاساوە، کۆمپانیایەکی خاشاک، سزای کرێکاران دەدات!

Dangi Krekar

 شەڕی بودجە، شەڕی ئێمەی کرێکاران نییە!

Dangi Krekar

Leave a Comment