کۆمپانیایەکی دابەشکردن لەهەولێر، جگە لەزوڵم ناهەقی، تەهدیدی کرێکارانیش دەکات!
چاوپێکەتنی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی کۆمپانیایەکدا
سازدانی محمود حەلاق
دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش.. سەرەتا با پرسیاری ساڵانی کارکردنت لێببکەم لەو کۆمپانیایەدا، بەڕێزتان لەچ ساڵیکەوە کاریان لەگەلدا دەکەیت؟
کرێکارەکە: من لەمانگی شوباتی ٢٠٢١ لەو کۆمپانیایە کاردەکەم هەتا کۆتاییەکانی مانگی ٥ ئەمساڵ ٢٠٢٥..
دەنگی کرێکار: ئەو کۆمپانیا چ کاڵایەک بەرهەمدەهێنێت؟
کرێکارەکە: کۆمپانیاکەی ئێمە بەرهەمهێنان نیە، بەڵکو هەموو ئەو مادەو پێوویستیانەیە کەڕۆژانە خەڵک بەکاریئەهێنیت و ئێمەش دابەشی دوکاندارو مارکێت و مۆڵ مارکێتەکان، یان مارکێتی هەرزان بازاڕەکانی ئەکەین.
دەنگی کرێکار: چەند کرێکار کار لەو کۆمپانیایەدا کار ئەکات و موچەکانتان چەندە؟ ئایا حەوانەوەو نانخواردنتان هەیە؟!
کرێکارەکە: پانزە بۆ شانزە کرێکارین، موچەی مانگانەشمان ٧٥٠ هەزار دینارە، هەموو کاتی حەوانەوەی ئێمە تەنها نیو سەعاتە، دەبێت فریای هەموو شتێک بکەووین. خواردنمان لەفەو جاروباریش شلەو برنجە.
دەنگی کرێکار: کاتیکارکردنتان چەند سەعاتەو لەسەعات چەندەوە بۆچەند؟
کرێکارەکە: دەبیت بەیانیان سەعات ٨ ئامادەبین، بەڵام ڕۆشتنەوەمان بەدەست خۆمان نیە، زۆرینەیجار هەتا سەعات ٦ و نیو یان زیاتریش کاردەکەین.. بەهەموو شێوەیەک ئەچەوسێنرێینەوە ئیستغلال دەکرێین، بەناچاری قبوڵیدەکەین هەر تەنها لەبەرئەوەی بێکار نەکرێین. سەرەڕای ئەوەی کەبەشێک لەئێمە شۆفێرین، دەبێت خۆیشمان بارەکان باربکەین و دیسانەوە داشیبگیرینەەوە.. یەعنی هەموو کارێک دەکەین، هەم شۆفێری و هەم بارکردن و داگرتنی شتومەکەکانیش، وە ئەو کۆنتێنەرانەی کە شتومەکی ئەهێنا، دەبێت ئێمە دایانبگرین.
دەنگی کرێکار: زیادەکاری یان ئیزافەکاریتان پێدەکەن؟ ئایا پارەی زیادەکارییەکەتان پیئەدرێت؟
کرێکارەکە: بەڵێ بەدڵنیاییەوە کاری زیادەمان زۆرە، بەچەشنێکە بووە بەڕۆتیناتی ڕۆژانە، بەبێئەوەی یەک دینار حەقی زیادەکارییەکانمان وەربگرین. بۆنمونە: من لەماوەی ئەو چوارساڵ و نیوەی کارکردنمدا حساباتم کردووە کە ساڵ لەلای ئێمە لەجیاتی ١٢ مانگ چواردە مانگ زیاتر بووە، چونکە ئەگەر سەعاتکاری ئیزافەکارییەکان کۆبکەینەوە ڕۆژانەو مانگانە، ئەوا چەند سەد سەعات دەکات بۆهەر ساڵێک. کەواتە من هەموو ساڵیک دوو مانگ زیاتر بەبەلاش کارمکردووە.. ئینجا وەرە حسابی بکە بۆ ١٦ کرێکار بزانە لەسەر حسابی ژیان و خوێنی ئێمە خاوەن کۆمپانیا چەند ملیۆنی قازانج کردووە!
دەنگی کرێکار: ئایا پشوتان هەیە، ئەگەر هەیە چەند ڕۆژە لەهەفتە یان لەمانگێکدا؟
کرێکارەکە: پشوو لەلای ئیمە بوونی هەرنییە، چونکە هەر کرێکارێک ئەگەر پێوویستی بەڕۆژێک هەبیت بۆ پشوو یان پێویستی هەبێت بۆ کارو فرمانێک، ئەوا دەبێت سەد جار سویند بخوات بۆئەوەی مۆڵەتی پێبدرێت. من خۆم ڕۆژێک داوای پشوم کرد، ووتی ئەگەر نەیەیتەوە، ئەوا یەک هەفتە پارەکەت لێئەبڕم، ئایا ئەمە چۆن یاسایەکە، ئیستاش من لەسەر ئەو مافانە دەرکراوم.
دەنگی کرێکار: باسی دەرکردنت کرد لەسەر کارەکەت، بۆچی؟
کرێکارەکە: من وەکو کرێکارێکی ئەم ووڵاتە هەتا ئێستا دەستبەری کۆمەڵایەتیم بۆنەکراوە کەلە٢٧/٢/٢٠٢١ لەسەر کارم. ڕۆژێک کەلەسەر کاربووم لەکۆمپانیای المتسوق، کاژێر دوای ٥ ئێوارەبوو، ئافرەتێک هات ووتی ئێوە بۆ هەتا ئێستا لەسەرکارن؟ ووتمان وەڵلا ئیشەکەمان جاری واهەیە هەتا سەعات ٥ و نیوو زیاتریش دەڕوات. ئەو ووتی نابێت ئاوابێت، دەبێت خاوەنکار قەرەبووتان بکاتەوە، چونکە کاتیکار هەتا سەعات ٤.. ئێمەش ووتمان وەڵلا شتی وا بوونی نیە.
دوای ئەوەی لەگەڵ خاوەنکاردا قسەیکرد، ووتی وەرە بۆ ئۆفیس بۆلامان.. کاتێک خاوەنکار چوو بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەوێ پێیووترابوو کەدەبێت کرێکارەکان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکرێن.. ڕۆژی دواتر خاوەنکار ناردی بەشوینمداو پێی ووتم کارتی نیشتیمانیەکەتمان بەرێ بۆ ئاسایش ئەمانەوێت، منیش پێمنەداو خۆم چووم بۆ ئاسایش، هەربۆیە پێمڕاگەیەنرا کەهەتا ٢٥/٥/٢٠٢٥ لەلای ئێمە کاردەکەیت و لەو بەروارە بەدواوە نابێت بێیتەوە بۆ کۆمپانیا. منیش چەند ڕۆژێکە لەڕێگای سەندیکاو بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە خەریکی بەدواداچوونی کەیسەکەمم بۆئەوەی مافی خوراووم بگێڕمەوە..
ئێمە کریکارەکان کەژمارەمان ١٥ کەسە، یەک کەسیش ناوی تۆمار نەکراوەو لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.. یەکێک لەوان ڕەفیقی خۆمە کە ١٢ساڵە لەو کۆمپانیایەدایەو تاکو ئیستاش نازانیت دەستەبەری کۆمەلایەتی چیە.. هەربۆ زانیاریشتان بەتەلەفۆن هەڕەشەیان لێکردم کە وازبهێنم لەو کارەو داوای مافی سەرتایی خۆم نەکەم، پیم دەڵێن بڕۆ چیت نەکردووە بیکەو هیچ شتێکیشت بۆ ناکەن ئەگەر شکات بکەیت.
لێرەدا جێگای خۆیەتی کەسوپاسی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکارو بەتایبەتی بەڕێزتان بکەم کە لەسەرەتاوە لەگەڵ مندا هەوڵیانداو دەربەستانە ڕێنوێنیکرام کەچۆن دەستبەکاربم و بەڕێزیان جەختیکردەوە کەبەردەوام لەهەوڵی گێڕاندنەوەی مافەکەمدا بم و نەیەڵم هەروا ئاسان بەسەر کۆمپانیادا تێپەڕێت.. بەڕاستی جێگای تەقدیرن کەهێندە بەتەنگ کێشەو گرفت و مافی کرێکارانەوەن..سوپاستان ئەکەم
