Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

چەند بابەت ولایەنی یاسایی بۆ کرێکاران وەستا مەهدی و مەحمودی حەلاق وەڵام بەپرسیارەکانی کرێکاران دەدەنەوە

چەند بابەت ولایەنی یاسایی بۆ کرێکاران

وەستا مەهدی و مەحمودی حەلاق وەڵام بەپرسیارەکانی کرێکاران دەدەنەوە

ئەم بابەتەی خوارەوە کە لێرەدا دەخرێتەڕوو، لەبەر ڕۆشنایی ئەو  پەیوەندییانە ئامادەکراوە کە کرێکارانی بەشە جیاجیاکانی  کار ناردویانە بۆسایت وبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو وەک بەدواداچونێک بۆ مافەکانیان لەیاسادا،  پرسیاریان ئاراستەکردووە.

 لەم ژمارەیەدا هەوڵدەدەین تەنها لەسەر دوو لایەنی پرسیارەکان ڕاوەستین. بەوهیوایەی زانیاری پێویستمان خستبێتە بەردەست:

 

١/ دەستەبەری کۆمەڵایەتی:

لەیاسای خانەنشینی ژمارە ٣٩ ساڵی ١٩٧١دا کە بەژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٢ هەموار کراوەتەوە،  هاتووە:

گرنگی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆکرێکار دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، خێزان و تاکی کۆمەڵگایە بەرامبەر بەنەخۆشی، مردن وبەرکەوتەی کار بەو مانایەی کەسەرچاوەیەکی بۆژیان دەبێت..

ئامانجەکانی ئەم یاسایە لەماددەی(٢)دا دیاریکراوە بەدابینکردنی سەلامەتی تەندروستی و داهاتووی ژیانی کرێکار بۆ ئاستێکی باشتر لەبژێوی. ئەگەر هاتوو کرێکار دەستەبەری بۆکرابێت، ئەوا:

ماوەی ٢٠ ساڵ خزمەتی کار بۆ ڕەگەزی نێر کەتەمەنی ٦٠ ساڵ بێت..بۆ ڕەگەزی مێینەش ٥٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەت..وە ئەگەر تەمەنی هیچیان نەگەیشتە ٦٠ ساڵ، بەڵام ڕەگەزی نێر ٣٠ساڵ خزمەت و ڕەگەزی مێینەش ٢٥ ساڵ خزمەتی هەبیت.. ئەوا دەتوانن سود لەخانەنشینی وەربگرن وەک هەر کارمەندێکی فەرمی و حکومی.

ئێمە وەک دەنگی کرێکار پێمان باشترە کرێکار بیر لەشایستە داراییەکەی نەکاتەوە، پاش چەند مانگ و ساڵ بەپەلەو خێرا بچێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و داوای بکاتەوە! بۆچی؟. لەبەرئەوەی ئەگەر بۆنمونە: ٦مانگ کرێکار لەشوێنێک کاری کردبێت، ٤ساڵ لەناوەندێکی تر، چەندین ساڵیش لەکۆمپانیا یان کارگەیەک و بەمجۆرە تێکرای ساڵی کارکردنی کۆبکاتەوە لەو شوێن و ناوەندانەی کەکاری کردووەو بەمەرجێک دەستەبەری بۆ کرابێت، ئەگەر هەمووی بگاتە ٢٠ ساڵ، ئەوا ئەتوانێت لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە مامەڵەی خانەنشین بوونەکەی بکات وەک هەر کارمەندێکی حکومی بۆداهاتووی خۆی و خێزانەکەی.. ئایا ئەمە باشتر نیە بۆ داهاتووی خۆی و منداڵەکانی؟! بۆیە باشتر وایە کرێکار جەخت بکاتەوە لەدەستەبەرییەکەی وبەهیچ جۆرێک باوەڕ بەدەستوپێوەندو لێپرسراوانی شوینیکارو کۆمپانیاو کارگەکان نەکەن ئەگەر ووتیان دەستەبەری(ضمان) گرنگ نیەو بەو شێوەیەش نیە کەکرێکار پشتی پێ ببەستێت.

هەروەها دەبێت کرێکار ئەمە بزانێت لەباری یاساییەوە کە: کاتێک کرێکار دەچێتە ناو کارەوە، لەیەکەمین ڕۆژی کاردا هەتا ٣ مانگ لەژێر تێست و تاقیکردنەوەدا دەبێت، دەبێت خاوەنکار هەر لەیەکەمین ڕۆژەوە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارەکە بکات. ئەم بڕگەیە یاساییەو هەر کۆمپانیاو کارگەو ناوەندێکی کار نەیکات، پێچەوانەی یاسایکار دەجوڵێتەوە.

 

٢/ گرێبەستیکار

پێش ئەوەی باسی گرێبەست بکەین، وەڵام بەم پرسیارانە ئەدەینەوە: دەورو دەخاڵەتی حکومەت لەگرێبەستیکاردا چۆنە؟ بۆچی ئەمڕۆ کرێکاران لەکاتی کارکردنیاندا لەلایەن خاوەنکارو کارگەو کۆمپانیاکانەوە گرێبەستیان پێ واژۆدەکرێت! کرێکاران چۆن مامەڵە بکەن لەگەڵ گرێبەستیکاردا؟ گرێبەستیکار هێشتا لەلایەن کرێکارانەوە تازەیە، پرسیار ئەوەیە کەگرێبەستیکار خۆی چیە؟

گرێبەستیکار لەو کاتەوە پەیدابووە کە کاری بەکرێ پەیدابووە..گرێبەست بریتیە لەمامەڵەی خاوەنکارو کرێکارێک بۆ کارێکی دیاریکراو، ڕیکەوتنێکە لەنێوان هێزیکاری کرێکارێک و خاوەنکارێکدا. گرێبەست لەیاسیکاریش گرنگترە، بۆچی؟ چونکە ئەگەر کرێکار ڕێکەوتن نامەیەکی لەگەڵ خاوەنکاردا نەبێت، دوایی ئەگەر گرفت و کێشەیەک بێتە پێشەوە، کرێکار ناتوانێت لەباری یاساییەوە دیفاع لەخۆی بکات و مافەکانی وەربگرێتەوە، بچێت بۆکوێ داوای مافی خوراوی بکاتەوە؟. پێشتر کەبازاڕی کەرتی تایبەت نەبووەو حکومەت خۆی خاوەنکاربووە، گرێبەستێک نەبووە، بەڵام بەهۆی کەرتی تایبەتەوە گرێبەستی کاریش هاتۆتە ناو ناوانەوە. ئەو سەردەمانەی پێش کەرتی تایبەت گرێبەست ناوەکەی (امر الادراي) بوو، لەمەدا بڕی پارەی دامەزراندنەکەی و حساباتی ژن و منداڵ و لایەنی خێزانداری تێدا ئەنوسرا. ئەو کاتە کرێکارەکە گرێبەستەکەی نەبینییایەو دەخاڵەتیشی تێدا نەبوایە، کێشەوگرفتی بۆ نەدەهاتە پێشەوە، چونکە حکومەت هەم یاسایکارێکی هەبوو، هەم خۆیشی جێبەجێکار بوو، هەم خۆیشی خاوەنکاربوو، بۆیە هەربڕیارێک هەبوایە خۆیشی جێبەجێی ئەکرد. بەڵام ئەو قۆناغە تەواوبوو وەلەجێگای ئەودا ئێستا بازاڕی ئازادو کۆمپانیاو کەرتی تایبەت هاتۆتە پێشەوەو لەسایەی ئەواندا تاعین مەرکەزی و دامەزراندن نەماوەو حکومەت هێواش هێواش تاعین مەرکەزی و شوێنەگشتی و خزمەتگوزارییەکان دەکات بەکەرتی تایبەت وکۆمپانیا.. ئالێرەدایە کە گرێبەستیکار گرنگی خۆی هەیەو دەبێت کرێکار هەیبێت.

بەپێی یاسایکاری ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧-دەروازەی سێیەم- کەباسی پەیوەندییەکانی کار دەکات، وە لەماددەی(٢٩)دا پێناسی گرێبەست دەکات بەوەی کە:

ڕێکەوتنیکە لەنێوان کرێکارو خاوەنکاردا کەکرێکار پابەند ئەبێت بەئەنجامدانی کرێیەکی دیاریکراو لەژێر چاودێری و ڕێنمایی خاوەنکاردا، دەبێت لەم گرێبەستەدا جۆری کارو بڕی کرێ دیاری کرابێت. گرێبەست بۆحاڵەتی یاسایی گرنگە بۆ هەردولا، خاوەنکارو کرێکار، بەبێ بەڵگەی پێوویست دادگای کار کێشەی هەردولا بەهەند وەرناگرێت..

بەڵام ئەوەی کەگرنگە کرێکار بیزانێت ولێی ئاگاداربێتەوە، ئەوەیە کەلەزۆرینەی گرێبەستەکاندا دەنوسرێت مووچەی بنەڕەتی، بۆنموونە: ئەگەر کرێکارێک ئەو مووچەیەی کەوەریدەگرێت ٥سەد هەزار دینار بیت، بەڵام مووچە بنەڕەتیەکەی ٣ سەد هەزار بێت لەسەر وەرەقەو کۆنتراکتەکەی، ئەو کاتە خاوەنکاریش ئەگەر دەستەبەری بۆ کرێکارەکە بکات، ئەوا لەسەر بنەمای موچەی بنەڕەتی بڕی پارەی دەستەبەرییەکەی دیاریدەکات، یەعنی لەسەر بڕی ٣ سەد هەزارەکە گرێبەستەکە دەکات نەک کۆی گشتی هەموو پارەکە کە ٥سەد هەزارە.. هەربۆیە ئەمجۆرە کۆنتراکتە فێڵکردنە لەکرێکارو نایاساییە، بۆیە بەپێی یاسایکاری بەرکاری هەرێم دەبێت ووشەی مووچەی بنەڕەتی لاببرێت و لەجێگای ئەو لەکۆنتراکتەکەدا بنوسرێت کۆی مووچە یان کۆی گشتی مووچەکە. زۆرینەی کرێکاران لەکارگەو ناوەندو کۆمپانیای کاردا ئەم کێشەیەیان هەیەو هەمیشە لەنێوان خۆیاندا بەشێوەی پرتەوبۆڵەو ناڕەایەتی داخراو دەریانبڕیوە لەنێوان خۆیاندا، بەڵام جێگای داخە نەهاتوون نوێنەرێک لەخۆیان هەڵبژێرن و ئەم مافخوراوییە نایاساییە بگەیەنن بەلایەنی پەیوەندیدار لەبەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەهەر شارێکداو نوێنەری ئەوان لەهەندێک شارۆچکەشدا. بەڵام بۆچی نایکەن، کۆمەڵێک تێڕوانین و بیرکردنەوەیە کە لەبابەتەکانی داهاتوودا ڕوونیدەکەینەوە..

Related posts

فەرمانبە را ن بایکۆتی کاریان راگە یاند لە گەرمیان

Dangi Krekar

ڕۆتینیاتی فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کرێکاران بێزاردەکات، تادەست لەمافەکانیان هەڵگرن!

Dangi Krekar

  لەمەراسیمـێکدا بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، لەقەزای بازیان، یەکی ئایاری ئەمساڵیان بەرز ڕاگرت!

Dangi Krekar

Leave a Comment