Dangikrekar.com
وتار

منداڵانی ناوکار بێبەش لەجیهانی منداڵ

منداڵانی ناوکار بێبەش لەجیهانی منداڵ

ئامادەکردنی شاباز محمود

 . بەچاوگێڕانێکی خێرا بەناو بازاڕی کارو شوێنەکانی کاردا, ئەوە دەبینن چەندین منداڵ بێبەشن لەجیهانی منداڵی خۆیان وەک کەسێکی کامڵ وگەورەساڵ شانیان داوەتە بەرکار. لەنێو بازاڕی بێڕەحمی کارداو گیرۆدەی دەیان ڕوداو دەبنەوە. کاری منداڵان بەشێکە لەو سیما نامرۆییە کە لەجیهاندا بوونی هەیە.. مەبەست لە کاری منداڵان، بەشداریکردنی منداڵانە لەو چالاکییەکە ئابوورییانەی کەڕێگە دەگرێت لەخوێندن،

پەروەردەو بارهێنان و هەروەها گەشەی فەردی و کۆمەڵایەتییان.. هەر بەم پێیە ڕۆژی ٦/١٢ وەکو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان ڕاگەیاندراوە.

ئەمڕۆکە لەسەرانسەری جیهاندا نزیکەی ٢١٥ ملیۆن منداڵی ناو کار بوونی هەیە. کارکردنی منداڵان بەواتای ئەو ئیش و کارەیە کە بۆ منداڵان لەتەمەنێکی دیاریکراودا قەدەغەیە. زۆربەی ئەو ٢١٥ ملیۆن منداڵەی کەبەشێوەیەکی کاتی کارکردنی باو خەریکی ئیشن و بێبەشن لەڕۆیشتن بۆ قوتابخانە.

هەروەها زۆربەیان لەخۆراک و ئاگاداری پێویست بێبەشن و بەگشتی لەهەل ومەرجی گەشەو هەڵدانی قۆناغی منداڵانەی خۆیان دوورن. پتر لەنیوەی ئەو منداڵانە بەرەوڕووی خراپترین و قورسترین کارەکانی وەک:: کارکردن لەشوێنی پڕمەترسی، کۆیلەیەتی یان شێوەکانی دیکەی کاری زۆرەملی، چالاکی نایاسایی وەکوو قاچاخی مادەسڕکەرەکان و گەندەڵی و هەروەها بەشداری لەشەڕی چەکدارانەو لەزۆرینەی حاڵەتیشدا دەستدرێژی سێکیسی .

بەپێی داتایەکی ڕێکخراوی جیهانی ڕزگارکردنی منداڵان، یەک لەسەر چواری منداڵانی جیهان قۆناغی منداڵی تێپەڕ ناکەن، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە،٦٩٠ ملیۆن لەمنداڵانی جیهان بەهۆکاری جیاواز چێژ لەقۆناغی منداڵی خۆیان نابینن. ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کەئەم ڕێژەیە لەمنداڵانی جیهان،

لەگەڵ شادی و خۆشی سەردەمی منداڵی خۆیان نامۆن. ڕاپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە شەڕ، بەریەککەوتنی سەربازی، هاوسەرگیریی پێشوەختەو نەچوون بۆ قوتابخانە، بەشێک لەو هۆکارانەن کە ئەم منداڵانە چێژو خۆشی لەسەردەمی منداڵی خۆیان نەبینن. ڕاپۆرتەکە لەئەنجامی لێکۆڵێنەوە لە ١٧٣ وڵاتی جیهان ئامادە کراوە و تێیدا دۆخی منداڵان تاوتوێ کراوە. بە گوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەڵێن لەهەر چوار منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، یەک منداڵ لەسەرەتاییترین مافەکانی منداڵی بێبەشە.

منداڵانی کار ئەو دەستەیە لەقوربانیانی سیستەمی سەرمایەدارین کە بەشێوازی جۆراوجۆر کەڵکی نابەجێیان لێوەردەگیرێت و وەک بێمافترین کرێکاران دەچەوسێنەوە. لەناوبازاڕی بێڕەحمی کوردستاندا، لەکۆمەڵگایەکدا کەڕێژەی فەرمی هێڵی هەژاری ڕۆژبەڕۆژ دەڕواتە سەرێ، دەبێت منداڵان لەجیاتی خۆشی و فێربوون و پشکوتنی تواناکانیان، هەژارو بێبەش و بێکار بن و بۆ گۆڕانکارییەکی بچکۆلە لەژیانی مەمرەو مەژییاندا ناچار بن دەست بدەنە هەموو کارێک. ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لەملیۆنێک منداڵ لەتەمەنێکی بچووکدا کاردەکەن، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ڕێژەی بەرزی هەژاری و بەردەوامی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و نەبوونی دەرفەتی خوێندن، کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن. نزیکەی یەک ملیۆن منداڵی عێراقی لەتەمەنی خوێندندا ئەمڕۆ لەبازاڕی کاردان و ئەوەش کە نزیکەی ٣٠%ی خێزانە عێراقییەکان منداڵیان هەیە کە لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن. دیارده‌ی كاركردنی منداڵان له‌عێراقدا له‌دوای ساڵی ٢٠٠٣ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌،

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عيراقیش ده‌ڵێت له‌هه‌ر پێنج منداڵ یه‌كێكیان له‌خوار ته‌مه‌نی یاساییه‌وه‌ كار ده‌كات بۆ په‌یداكردنی بژێوی خۆی‌و خێزانه‌كه‌ی، به‌پێی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵانه‌ی بۆ ڕكابه‌ری گه‌وره‌كان به‌زوویی ده‌خرێنه‌ بازاڕی كاركردنه‌وه‌، له‌نێوان (٥ بۆ ١٤) ساڵدایه‌ به‌شی بنبڕكردنی كاری منداڵان له‌وه‌زاره‌تی کاری عێراقدا دەڵێت: “به‌شه‌كه‌ بۆچوونێكی ڕوونی هه‌یه‌ به‌گوێره‌ی یاسای كاری‌ ژماره‌ ٣٧ ساڵی ٢٠١٥ كه‌ پێویست ده‌كات چاودێری كاركردنی منداڵان بكه‌ین. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ ”ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی له‌كاتی بوونی سه‌رپێچیه‌كدا ده‌گیرێنه‌به‌ر به‌ئاگاداركردنه‌وه‌ی خاوه‌نكاره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن به‌پێی مادده‌ی (٩٥/ دووه‌م) له‌یاسای كار، له‌كاتێكیشدا ئه‌گه‌ر خاوه‌نكاره‌كان پابه‌ند نه‌بوون ئه‌وا سه‌رپێچییه‌كه‌یان به‌رزده‌كرێته‌وه‌ بۆ دادگای كار تا حوكمیان بۆ ده‌ربكات. جێگای وەبیر هێنانەوەیە عێراق دوو ڕێككەوتننامەی سەرەكی پەسەند كردووە كە منداڵان لەهەموو جۆرەكانی كاری منداڵان دەپارێزن، ئەوانیش ڕێككەوتننامەی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار ژمارە ١٣٨ و ڕێككەوتننامەی كاری منداڵانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار ژمارە ١٨٢ كە لەساڵانی ١٩٨٥ و ٢٠٠١ەوە كاری پێدەكرێت ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی منداڵ.

بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینن لەعێراق وکوردستان ئەویاسایانە تەنها بڕیارەو کاری پێناکرێت. بەپێی ماددەکانی ٩٠ تا ٩٨ لەیاسای کاری عێراقی، ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧ خاوەنکار بەهیچ شێوازێک نابێت کار بەمنداڵان بکات، خۆ ئەگەر کار بەمنداڵان بکات، ئەوا خاوەنکارەکە دەدرێتە دادگا. لەماددەی ٩١ بوار بەو منداڵانە دراوە کەتەمەنیان لە ١٥ بۆ ١٨ ساڵە، بەڵام ئەوەش مەرجدارە بەوەی دەبێت هەندێک کاری سووک بکەن.

بەبڕوای من بۆ ئەوەی منداڵان چێژ لەدونیای منداڵانەی خۆیان ببینن.. بۆئەوەی شان نەدەنە بەر بەخێوکردنی خێزانەکانیان بەناچاری.. بۆئەوەی دوور بن لەهەر چەوساندنەوەو ئیستغلالکردنێک لەلایەن بازرگانانی  چاوچنۆکی کەڵەکەی سەرمایەو سەرمایەسازی بازاڕی سەرمایەداران.. بۆئەوەی دووربن لەژێرباری سەختی جەستەیی و هێزی کاری بەناحەق داگیرکراوی ئەوان بەکەمترین حەقدەستەوەو..تاد.. دەبێت دەورو دووکانی سیستەمی سەرمایە بەخۆی و یاساو بڕیارەکانیەوە لەڕیشەوە کۆتایی پێ بهێنرێت..     

            

 

Related posts

گۆڕینی ئەم هەلومەرجە سەختە لەگرەوی یەکریزی مووچە خۆراندایە”گفتو گۆ

Dangi Krekar

سەبارەت بەخراپی ژەمە خۆراکی ڕۆژانە، کرێکارێکی شەریکەی نەوت نامەیەکی کراوە بۆ دەنگی کرێکار دەنێێرێت

Dangi Krekar

ڕێگری لەگردبوونەوەی دەستفرۆشانی بازاڕی ڕانیە دەکرێت

Dangi Krekar

Leave a Comment