دانی موچە لەکاتی خۆیدا و هاوتاکردنی لەگەڵ کارمەندانی عێراقدا، هەقێکی ڕەوای موچەخۆرانی کوردستانە!
بەبردنی خوپیشاندانی مامۆستیان بۆ بەغداو ڕێگەگرتن لێی، لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە، ناڕەزایەتیەکانی کارمەندانی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی موچەکانیان، لەکاتی خۆیدا وهاوتاکردنەوەی لەگەڵ موچەخۆرانی عیراقدا، بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کەخەڵکی ناڕازی نیشانەیان لەهەر دوو ئەم دەسەڵاتە گرتوەو ئەوان بەهۆکاری دواکەوتنی موچەکانیان دەزانن، بەم پێیەش ڕەوتی خەباتی چینایەتی پێی ناوەتە قوناغێکی هۆشیاریەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ئەوەدا کە هەموو سەرچاوەکانی داهات ودارایی کوردستانیان بۆخۆیان قۆرغ کردوەو توانای ئەوەیان هەیە کەموچەی مامۆستایان و کارمەندان بدەن، بەڵام بەئامانجی ئەوەی کەئەم بابەتە بخەنەوە سەر شانی حکومەتی عێراق، ڕیگری دەکەن لەوەی کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بچێتەبەغدادوپڕوپاگەندەی ئەوەش دەکەن کەپێدانی موچە لەبەغداوە ”قەوارەی هەرێم“ لاواز دەکات!. بەم جۆرەش دەسەڵاتدارانی هەرێم نەخۆیان موچە دابین دەکەن ونە ڕێگەش دەدەن مامۆستایان و کارمەندان بۆ خواستی بەرهەقی خۆیان یەخەی دەسەلاتداران لەبەغدا بگرن.
لەسەرێکی تریشەوە سودانی و حکومەتەکەی لەگەڵ ئەوەدا کە ئیداعای دەستورو بەرپرسیارێتی حکومەتی هەموو خەڵکی عێراق دەکات و دەڵیت، ”کوردستان بەشێکە لەعێراق“، کاتێک کە لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی نارازی کۆدەبێتەوە وبەڵێنی موچەکانیان پێدەدات، بەڵام بەکردەوەش مەرج دادەنێ و دەڵێت دەبێت حکومەتی هەرێم ڕازی بێت! سەرەنجام مەسەلەی موچەی مامۆستایان لەموزایەدەو کێشمەکێشی سیاسی نیوان بەغداو هەولێردا دەچەقێندرێت ودەخرێتە یاریەکی گڵاوی سیاسیەوە.
مامۆستایانی کوردستان هەقیانە بۆ بەدەست هێنانی خواستەکانیان یەخەی هەردوو حکومەت بگرن و هەرجۆرە ڕێگایەک لەم پێناوەدا بەگونجاو دەزانن بیگرنەبەر، ئەوان هەقیانە موچە لەکاتی خۆیدا وەربگرن ولەگەڵ موچەی کارمەندانی عێراقدا هاوتا بێت، چونکە موچە سەرچاوەی بژێویانە. هەربۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان پشتیوانی گەورەی مامۆستایان بێت وبەتەواوی توانایانەوە پپشگیریان بکەن وڕێگەنەدەن بە پڕوپاگەندەی نابەجێی قەومی هەوڵەکانیان لەکەدار بکەن.
مامۆستایانی کوردستان، مادام کەوتونەتە سەر ئەوەی یەخەی حکومەتی عێراق بگرن، دەبێت بۆ خۆشیان هەوڵ بدەن و دەست بۆ پشتیوانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی شارەکانی عێراق و ڕێکخراوەکانیان درێژبکەنن ولەدەرەوەی سیاسەتی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی ڕابوەستن. دەبێت پشت بەخۆیان و هاوچینەکانیان ببەستن و وەک ڕیزێکی سەربەخۆ ڕابوەستن وڕێگا نەدەن ناڕەزایەتی و خواستەکانیان ببێتە بابەتێک بۆ موزایەدەی سیاسی حیزبەکان و هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد. بەدڵنیایەوە ئەم کارەیان نەک هەر لەناوخۆدا، بەڵکو لەدەرەوەی وڵاتیش پشتیوانی فراوان بەدەست دەهێنێت وهەر ئەم هێزەش دەتوانێت لەکۆتا جاردا، خواستەکانیان بەسەر دەسەڵاتداراندا بسەپێنێ و بگەن بە خواستەکانیان.
ئەوەی کە هەم دەستورو هەم یاساکانی عێراق لەسەربنەمای بەش بەشێنەی قەومی و ئاینی و تیرەگەری داڕیژراوەو ژیانی هاوڵاتیانی چ لەعێراق وچ لەکوردستاندا بەڕۆڵی ئەحزابی قەومی و ئاینی و تیرەگەری و هێزە میلیشیایەکانیانەوە بەستۆتەوە، خودی مافی یەکسانی هاوڵاتیان ودەستڕاگەیشتنیان بەمافەکانیان، لەموچەو خزمەتگوزارییەکان پایماڵ کردووە، هۆکارێکە کەموچەی مامۆستاو کارمەندانی کوردستان لەکێشمەکێشی سیاسی حیزبەکاندا ڕابگرێت. کەوایە ئەوەتەنها خەباتی یەکگرتوانە و لێک گڕێدراوی کارمەندانی کوردستان وخەڵکی ناڕازی شارەکانی عێراقە کەدەتوانن بەخەباتی هاوبەشیان ئەم هاوکێشەیە بەقازانجی خۆیان بگۆڕن.