Dangikrekar.com
وتار

هوشیاری چینایەتی چی دەگەیەنێت بۆ کرێکاران!

هوشیاری چینایەتی چی دەگەیەنێت بۆ کرێکاران!

|وەستا مەهدی

لەناو کۆمەڵگادا واباوە هەرکەس بخوێنێتەوە، یان پلەو پایەی خۆێندەواری لەئاستێکی بەرزدا بێت و بڕوانامەی هەبێت ..تاد.. ئیتر پێی دەووترێت ڕۆشنبیرو بەمجۆرە ئەبێتە توێژێکی کۆمەڵایەتی و خەڵک چاو لەقسەو گوتارو لێکۆڵینەوەکانی ئەوان دەکات .. بێگومان  خوێندنەوە یەکێکە لەئامرازە کاراکان بۆچوونەسەری ئاستی بیرکردنەوە، بەڵام هێشتاش ناتوانێت هەموو شتێک بێت. جیهانی ئەمڕۆ ملیار کتێب و بابەتی لێکۆڵینەوەو دیراساتی  گەورەی تێدایەو ملیۆنان کتێبخانەی بۆکراوەتەوە.. بەڵام ڕیشەی مەسەلەکە لەوێدایە کە مرۆڤ کام نوسراوو کتێبانە بخوێنێتەوە کە  ئامرازێک بێت بۆ ناسینی هەلومەرجەکانی ژیان و بەچ میکانیزمێک ئەیخاتە سەر سکەی ژیان و چارەنوس و ئایندەیەکی باشتر.. چۆن ئەتوانێت ئامادەی بکات لەپێناوی گۆڕینی هەلومەرجەکانی ژیانی بەقازانجی خۆی.. کرێکاران، بەپێچەوانەی دانیشتوانی کۆمەڵگایەکەوە، تاکە یەک هوشیارییان هەیە کەپێی دەووترێت هوشیاری چینایەتی، کەواتە بابزانین هوشیاری چینایەتی چیەو چۆن کرێکاران ئەتوانن بەدەستی بهێنن؟

کاتێک کرێکار  لەسەر بنەمای قازانجی هاوبەشی سەرجەم کرێکاران بیربکاتەوە و هاوپشتی کرێکاران بەجیا لەوەی سەر بەچ ڕەگەزو نەتەوەو مەزهەب و ئاینێکبن، وەک بنەمای خۆیان بیناسن و  هەستی ئەوەیان هەبێت کەکرێکاران یەک گرفت و کێشەو چەوساندنەوەیان هەیە لەلایەن خاوەنکارو کۆمپانیاو سەرمایەدارانەوەو کێشەکانیان لەگەڵ یەکتریدا هاوبەشە، چونکە خاوەنکارو سەرمایەدارانیش هەموو هاوبەشن لەچەوساندنەوەی ئەوان هەر لەحەقدەستی ڕۆژانەوە، هەتا دەگاتە کاری زۆر و زیادە و دەرکردن لەسەر کارو سەپاندنی بێکاری وژیانی کوللەمەرگی و دەستڕانەگەیشتن بە ئامرازەکانی بژێوی و ئیمکاناتە تەکنۆلۆژیاکان کەهەموویان خۆی بەرهەمیهێنانەوەو خۆیشی لێی بێبەشە، هەتا دەگاتە شوێن و مەسکەن و حەوانەوەو سەفەر.. کاتێک کرێکار تێدەگات لەوەی کە لەسەر ڕەنج و خوێنی ئەو کەڵەکەی سەرمایە دەکرێت وژیان و گوزەران و زیندوو مانەوەشی دەکرێت بەکاڵا لەلایەن خاوەنکارو کۆمپانیاکانەوە.. کاتێک کرێکار تێدەگات کەجگە لەهێزی کارەکەی کەڕۆژانە هەزرانفرۆشی دەکات شتێکی تری نییە، تێدەگات ئەگەر ئەو نەبێت سەرمایەدارو خاوەنکارو کۆمپانیاش نابێت و تەنها لەبەری ڕەنجی ئەوە ئەم هەموو نازو نیعمەتە بەرهەمهاتوە و کەچی خۆی لێــــبیبەشە.. کاتێک کرێکار تێدەگات لەوەی کەتەفرەقەو دووبەرەکی ئەخرێتە نێوانیانەوە لەلایەن سەرمایەداران و حکومەت و حزبەکانیانەوەو کرێکاران دابەش دەکات بەئاین ومەزهەبگەرایی و نیشتمان و نەتەوەوەو تقدیسیشی دەکات و بەم هۆیەوە کرێکاران ئەخاتە سەنگەری دژی یەکترییەوە بۆئەوەی دژایەتی یەکتری بکەن، چینی کرێکار پەرتەوازە بکەن و لەناو ڕق و کینەی بەردەوامدا بیانهێڵنەوە لەپێناوی دەستکەوت و کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەو هێشتنەوەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا.. بەمشێوەیە، هەموو ئەوانەو چەندینی تریش هوشیاری کرێکاران پێکدەهێنیت کەڕاستەوخۆ ئامرازێکی کارایە بەدەست ئەوانەوە بۆ خۆکۆکردنەوەی خۆیان کەچۆن بتوانێت یەکگرتوویان بکات و لەپێناوی ئامانج و خواستەکانیان کۆیان بکاتەوە، تا لەم ڕاستایەشەوە ئیرادەی مەزنی خۆیان بۆگۆڕانکاری ڕیشەیی بهێننە پێشەوە کەدەتوانێت نەک هەر خۆی، بەڵکو سەرتاپای کۆمەڵگاش ڕزگار بکات..

Related posts

کارگەی گرین عێراق دوو کرێکاری لەسەر کاردەردەکات

Dangi Krekar

کرێکارێک لە کاتی کارکردندا لە کارگەی چیمەنتۆی (لاڤارج) گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

دوا ستوون /قسەیەک لەبارەی سەلامەتی شوێنی کارەوە

Dangi Krekar

Leave a Comment