Dangikrekar.com
وتار

”کاری ژنانە“ و ژنانی کۆیلەی مۆدێرن

”کاری ژنانە“ و ژنانی کۆیلەی مۆدێرن

کورتە ڕاپۆرتێک  سەبارەت بە دۆخی ژنانی کرێکار لەکوردستان

 سەوسەن سەلیم

 

ئەگەرچی هێشتا ئامارێکی دەقیق لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە نەخراوەتە بەردەست بەڵام دەزگاکانی حکومەتی هەرێم ڕایانگەیاندووە کە ژنان ڕێژەی لە ٪١٤ی کرێکارانی کوردستان پێکدەهێنن. بێگومان ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ ئەوەدا کە ناهاوسەنگیەکی یەکجار گەورە لەنێوان بەردەست خستنی فرسەتی کار بۆ ژنانی ئامادەبەکارو بەهەرەمەندبونیان بەمافی کارکردن لەچاو پیاواندا، ئاشکرا دەکات، هاوکات ئەو ڕاستیەشمان پێدەڵێت، کە نایەکسانی نێوان ژن و پیاو لە سایەی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی کوردستاندا هەر لەبواری یاساکان ومافەکاندا نەماوەتەوەو بۆئاستی هەقی کارو بەردەست خستنی فرسەتی کاریش شۆڕبۆتەوە. لەلایەکی تریشەوە ژنانی کرێکار بەوجۆرەی لە یاساکانی حکومەتی هەرێمدا بە نانهێنەری ماڵ حساب ناکرێن ژنبونیان بۆتە مایەی پێدانی کرێ وموچەی کەمتر لەچاو پیاواندا، کەلەکاری هاوشێوەدا کاردەکەن. هەروەها بێبەش دەکرێن لە کۆمەڵیک ئیمتیازاتی تر وزیاتریش لەو بوارانەدا دەخرێنە بەرکارەوە کەبە”کاری ژنانە” دەناسرێت. واتە کارێک کە پیاوان نایانەوێت پێی هەستن ئەمەش جۆرێک بەسوک سەیرکردنی ئەم جۆرەکارانەیە و ئەنجامەکەشی بەپێدانی کرێیەکی کەم بۆ ژنانی کرێکار تەواودەبێت.

ژنانی کرێکاری هاتوو لەوڵاتانی ترەوە سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەو گرفتانەی کەڕووبەڕووی ژنانی کوردستانە، کەم تازۆر ڕوبەڕوی ئەوانیش دەبێتەوە، ئەمە جگەلەوەی کە دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سوکایەتی پێکردن، دەستبەسەردا گرتنی کرێ وبەڵگەنامەکانی سەفەر، کۆنترۆڵی ئازادیەکانیان وگەلێک دیاردەی نامرۆڤانەی تر بەرەوڕویان دەکرێتەوە. لەم بارەوە سەندیکاکانی سەربە حزبەکانی دەسەڵات، لەگەڵ ئەوەدا دان بەمدۆخەی ژنانی کرێکار لەکوردستاندا دەنێن ولە لێدوانەکانیاندا باس لە هەبوونی کەیسی دەستدرێژی و پێشێلکاری قبوڵنەکراو دەکەن بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان نییەو دۆخەکە بەشاراوەیی درێژە دەکێشێت.

بەم حاڵەشەوە ژنانی کرێکار بەگشتی کارکردنیان لە کەرتە حکومیەکاندا پێ باشترە تا کار لەگەڵ کۆمپانیا وکەرتی تایبەتدا. چونکە خاوەنکار وکۆمپانیاکان مافی ژنانی کرێکار پێشێلدەکەن ودەستیان ئاوەڵاترە بۆ لەخوارەوە ڕاگرتنی مافەکانی ژنانی کرێکار. بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی ئەوەی لەکوردستان هێشتا یاسای کار پەسەند نەکراوە وسەرچاوە یاساییەکان و دادگای کار ڕۆڵیکیان نییە لەجێگیرکردنی مافەکانی چینی کرێکاری کوردستاندا، لەوانەش مافەکانی ژنانی کرێکار، هەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، بەیەک چاو لە ژنان دەڕوانن و هەر دووکیان لەدەرەوەی یاسایەک کەتایبەت بێت بەمافەکانی ژنانی کرێکار دەڕوانن وتابۆیان بکرێ ژنانی کرێکار دەچەوسیننەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش وەک باقی ولاتانی تری سەرمایەداری، زەقترین کێشە کەڕووبەڕووی ژنانی کرێکار دەبێتەوە کێشەی گێچەڵی سێکسی و خراپ بەکارهێنانی مێینەبوونی ژنە بۆ مەبەستی بازرگانی، واتە بازرگانی کردن بە جەستەی ژنان و چەوساندنەوەی دەستی کاری ژنان، خۆی یەک پێشێلکاری جێندەریە کەژنانی کرێکار بەهۆی ژنبونیانەوە ڕوبەڕوی دەبنەوە،. “کاری ژنانە” کەبەهۆی کاردابەشکردن لە بنەمای ڕەگەزەوە لەکۆمەڵگای سەرمایەداری کوردستاندا بەڕیوەدەچێت، جۆرێک کاری تەحقیرکراوەو بەسوک تەماشادەکرێ. بەم جۆرەش ژنانی کرێکار زیاتر لەبوارەکانی خزمەتگوزاریی، پاکژکاری، پەروەردەو چاودێری وگەلێک کاری ڕۆتینیدا کاردەکەن وفرسەتی کەمیان لەشوێنە هەستیارو پڕدەرامەتەکاندا پێدەدرێت.

ژنانی کرێکاری هاتوو نمونەیەک لە کۆیلەیەتی مۆدێرن: 

ئەگەرچی میدیاکانی هەرێمی کوردستان زۆریەک لەڕاستیەکان و زانیاریەکانی دۆخی ژنانی کرێکاری هاتوو باس ناکەن، بەڵام لەژێر فشاری ڕۆداوەکاندا ناچارن هەندیك لەوکەیسانە بخەنەڕوو کەئاماژەن بۆ تاوانکاری وتراژیدیایەکی ئینسانی کەئەم ئینسانانە تێدا ئەکتەرن. کەیسی ئەو ژنە کرێکارە ئەندەنوزیەی کەپار ساڵ لەکەناڵی تەلەفزیۆنی ڕوداوەوە بڵاوکرایەوەو دوای سکپڕبون ولێدانو چەندین جار دەستدرێژی کردنە سەری، بەڵام هێشتا تاوانبار سەربەرزانە دەسوڕێتەوە، ئەمەش هێمایە بۆ دیاردەیەکی شەرمهێنەر کەتێیدا ژنی کرێکار بووەتە کویلەی خاوەنکارەکان. ئەم کەیسە ئەوە دەردەخات ژنانی کرێکاری هاتوو لە خراپترین بارودۆخدا دەژین و کاردەکەن و زۆربەیان ڕووبە ڕووی فشاری دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، کەیسی خۆکوشتنی چەند کرێکارێک بە بەهانەی هەبوونی کێشەی دەرونی داخراون و تاوانباران ئاشکرا نەکراون. دەنگۆش هەیە کە ئەو کرێکارە بیانیانەی کاری کارگوزاری دەکەن دەستدرێژیان دەکرێتەسەر و بە زۆر لەشفرۆشیان پێ دەکرێت. لە هەندێک لە هۆتێلەکان ناچاردەکرێن شەوانە لە دەرگای ژوورەکان بدەن و لە میوان بپرسن “کارتان بەمن نییە؟”.

سەعاتکاری ئەم ژنانە سنوری نیەو لەباشترین حالەتدا دەگات بە ١٦ کاتژمێر لەڕۆژێکدا. لێکۆڵینەوەی دام و دەزگاکانی پۆلیسی سلێمانی دەریخستووە کە لە ناوەندەکانی مەساژ کردن لەشفڕۆشی بە کرێکارە بیانییەکان دەکرێت و لە کاتی هەر جۆرە ناڕەزایەتیەکیش موچەکانیان دەبڕدرێت و هەڕەشەی لێسەندنی پەساپۆرتەکانیان لێ دەکرێت. ئەمە وێرای ئەوەی کە فرۆشتنی ژنانی کرێکار بە باندە لەشفرۆشیەکان بۆ خواروی عێراق لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم هەموو ئیهانەو سوکایەتی کردنەوە وبەم کویلەکرنەی ژنانی کرێکار، کەچی ئەوان هێشتا لەترسی لەدەست دانی کارەکانیان و دەستبەسەردا گرتنی موچە وپاسپۆرتەکانیان ئامادە نین ناڕەزاییەتیەکانیان ئاشکرا بکەن. ئەمەیە ئەو دۆخە ناهەموارەی کەژنانی کرێکار تێیدا کراونەتە کۆیلەی سەرمایەو خاوەن کارو کۆمپانیاکان..  ئەمە کۆیلەی مۆدێرنە.

Related posts

  پرسی بەهێزکردنی ژنان لەکەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا

Dangi Krekar

ئاستەنگەکانی بەردەم کۆنگرەی ئەمساڵی یەکێتی کرێکارانی ئینگلتەرا و وێڵز (TUC)

Dangi Krekar

سەروتار /٨ی مــارس ڕۆژی جیهـانی ژنـــــــــــان، ڕۆژی ژنـــانـی کرێکـارو کارمەنـدانـیشە

Dangi Krekar

Leave a Comment