Dangikrekar.com
بابەتی هەڵبژاردە

دەنگی کرێکارو وۆرکەر تریبوون، هاوپشتی لەپێناوی بەرگریکردن لەژیان و مافی کرێکاراندا

دەنگی کرێکارو وۆرکەر تریبوون، هاوپشتی لەپێناوی بەرگریکردن لەژیان و مافی کرێکاراندا

 

دەنگی کرێکار 

لەناوجەرگەی ململانێ چینایەتییەکان و لەسەردەمێکدا کەچەوساندنەوەی هێزیکار سنوورەکان دەبەزێنێت، هاوکاری نێودەوڵەتی لەنێوان بڵاوکراوە کرێکارییەکاندا دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی. لەم چوارچێوەیەدا، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو ڕۆژنامەی Worker Tribuneی فەرەنسی، پێکەوە وەک دومیدیای هاوسەنگەر بۆ گەیاندنی دەنگی کپکراوی کرێکارانی کوردستان کاردەکەن. ئەم پەیوەندییە تەنها پەیوەندییەکی میدیایی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی یەکێتی ئامانجەکانە لەپێناوی داکۆکیکردن لەماف و خواستەکانی کرێکاران لەئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا.

وەک بەشێک لەم هەماهەنگییە پتەوە، دیار بەرزنجی، ئەندامی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار, لەڕێگەی ئامادەکردنی دوو ڕاپۆرتی وردو تێروتەسەلەلەوە بۆ ڕۆژنامەی وۆرکەر تریبوون، بانگهێشتێکی فەرمی بۆ وڵاتی فەرەنسای پێگەیشتووە کەبڕیارە لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. ئەم بانگهێشتە فەرمییە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەنگی کرێکار وەک مینبەرێکی کرێکاری، کەزیاتر لەشەش ساڵ و نیوە بێوچان و خۆبەخشانە لەسەنگەری بەرگریکردن لەکرێکارانی کوردستان تێکۆشاوەو توانیویەتی پێگەیەکی جەماوەری کرێکاری بۆ خۆی بنیاد بنێت. پەیام و ئەجێندا ڕاستەقینە کرێکارییەکانی خۆی بۆ ئەو کۆڕبەندە گەورەیە ڕوونبکاتەوە کەسەدان ناوەندو ڕێکخراوەی کرێکاری جیهانی تێیدا بەشدار ئەبن لەفەرەنسا.

دیار بەرزنجی لەڕاپۆرتەکانیدا، پەنجە دەخاتە سەر دوو تەوەری سەرەکی و چارەنووسساز کەژیانی کرێکارانی ناوچەکەو جیهانیان تەنیووە. لەلایەکەوە، تیشکدەخاتە سەر جەنگە کاولکارییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەداو ئەو کارەساتە مرۆییانەی کەلێکەوتەی ئەم سیاسەتە ئیمپریالیستییانەن. ئەو ڕوونیدەکاتەوە کەچۆن ئەم جەنگانە بزووتنەوەی کرێکارییان تووشی پاشەکشە کردووەو باری بژێوی و ئاسایشی کرێکارانیان گەیاندووەتە لێواری مەرگ. ئەم شیکارییە نەک تەنها لایەنە سیاسییەکە، بەڵکو کاریگەرییە قووڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ لەسەر چینی کرێکار لەئاستی جیهانیدا دەخاتە ڕوو.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕاپۆرتەکان گوزارشتێکی ڕاستگۆیانەو بەئازارن لەدۆخی کۆیلەکاری کرێکارانی کوردستان. بەرزنجی ئاماژە بەوە دەدات کەسەرەڕای بوونی هەندێک بڕگەو ماددەی یاسایی کە لەبەرژەوەندی کرێکارانن، بەڵام ئەو نوزەیەش لەیاساکە تەنها لەسەر کاغەز ماوەتەوە جاروبار نەبێت بۆسڕینەوەی عارەقەی شەرمی حکومەت ویاسا.. خاوەنکاران، کۆمپانیا زەبەلاحەکان و خاوەن کارگەکان بەئاشکرا ئەم مافانە پێشێلدەکەن و لەهەمانکاتدا دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت چاوی خۆیان لەم چەوساندنەوەیە دەپۆشن. ئەم بێدەنگییەی حکومەت تەنها لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و کۆکردنەوەی قازانجی زیاتردایە، کەتێیدا کرێکار دەبێتە قوربانی یەکەمی سیستەمی سەرمایەداری بێبەزەیی.

لەکۆتاییدا، ئەم هەنگاوەی دەنگی کرێکار لەلایەن بەرزنجیەوەو ناردنی ئەم ڕاپۆرتانە بۆ وۆرکەر تریبوون، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ گەیاندنی مەینەتی و داواکارییەکانی کرێکارانی کوردستان بۆ ناو جەرگەی ئەوروپا. دیار بەرزنجی توانیویەتی دیوارەکان بشکێنێت و بێمافی وکۆیلەکاری و زوڵمی چینی کرێکاری کوردستان بگەیەنێتە جیهانی دەرەوە، هەتا بیسەلمێنێت کەخەباتی کرێکاری لەهەر شوێنێکی ئەم زەمینەدا بێت، یەک پەیام و یەک ئامانجی هەیە، ئەویش دادپەروەری و ژیان وئایندەیەکی باشترو کۆتاییهێنانە بەچەوساندەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە.

Related posts

کرێکارێک لەکاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

مانگرتنی نانەواخانەکانی هەولێر بڕیارێکی حکومەتی ڕاگرت!

Dangi Krekar

ڕانیە: لەنەورۆزدا، مامۆستایان و کارمەندان، لەدژی نەدانی موچە گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێخست!

Dangi Krekar

Leave a Comment