چۆن هێزی چینی کرێکار لەڕێکخراوبوونیدایە؟
محمود حەلاق
بۆ وەڵامی ئەو تایتڵەی سەرەوە، پێم باشبوو بۆچوونی زۆرینەی کرێکاران کەلەگەڵیاندا هەمیشە قسەوباسمان کردووەو ڕاو بۆچوونی خۆیان لەسەر دەربڕیوەو ئەم جۆرە بیرکردنەوانەیان هەیە، لەسێبەشدا بەکورتی وەڵامیان بدەینەوە تەنها بۆ بەرچاوڕوونی و چوونەسەری ئاستی هوشیاری خۆیان..
کرێکاران پەرش وبڵاوون..
یەکێک لەئامرازە هەرە کاریگەرەکان کەبەدەست سەرمایەدارو خاوەنکارو حکومەتەکانیەوەیەتی پەرتەوازەکردنی کرێکارانەو دابەشکردنی ئەوانە بەسەر ئاین و نەتەوەو ڕەنگ و..تاد، هەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێت کۆنترۆڵی ئەوان بکات و لەسەنگەری دژی یەکتریدا ڕایانبگرێت…
کرێکاران سەرفینەزەر لەوەی کە چ ئاین و نەتەوەو زمانێکیان هەیە، بەڵام خەباتیان هاوبەش و یەکجۆرو یەک چەوساندنەوەی هاوبەش، یەک کرێ و حەقدەستی هاوبەش و لەئاستێکی نزمیشدا، یەک سەعاتکارو زیادەکاری، یەک خواست، یەک ماف ویەک جۆر خاوەنکار، یەک بێکاری هاوبەش و یەک ژیانی سەخت گرێیان ئەداتەوە بەیەکەوە.. هەربۆیە باشترین ڕێگا بۆکۆکردنەوەی خۆیان لەپێناوی فەرزکردنی خواست و مافەکانیان، پێوویست دەکات تەنها ئەم لایەنە هاوبەشانەی خۆیان بەدەستەوە بگرن بەپێداگرییەوە بۆئەوەی بتوانن هەم لەدەوری کۆببنەوەو بەم هۆیەوە هێزیان کۆبکەنەوەو یەکگرتووبن، هەم بتوانن بەهێزەوە ڕێگری بکەن لەهەموو ئەو سیاسەتە دژە کرێکارییانەی کە ڕووبەڕویان دەکرێتەوە بۆئەوەی ناکام و مایەپوچی بکەنەوە..
ترسی بێکاری…
بێکاری شێرپەنجەی کرێکارانە. ترسی گەورەو گرانی کرێکارە، خاوەنکارو دەسەڵاتی سەرمایە هەتا پێیان بکرێت بێکاری ئەکەن بەدیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لەئاستێکی بەریندا لەپێناوی چەندین قازانجدا:
لەباری سیاسیەوە:
١/ کاتێک کەکرێکارێک بێکار دەبێت، یان کارێکی مەمرەومەژی کەناتوانێت بەچنگەکڕێش نانی ئێوارە پەیدا بکات، ئەوا ناچارە هێزی کارەکەی هەرزانفرۆش بکات بەحەقدەستێکی زۆر کەمتر لەچاو کرێی کرێکاریکی لەسەرکار هەر لەبەرئەوەی نانێک دوو نان پەیدا بکات، بەم هۆیەوە دژایەتی و ڕق ئەکەوێتە نێوان کرێکارانەوە. کرێکاری لەسەر کار وادەزانێت کە ئەو کرێکارەی بەو نرخە کەمە کاردەکات دژایەتی دەکات و زەربە لەبەرژەوەندی ئەو ئەدات کەلەڕواڵەتدا وا دەرئەکەوێت، ئەو تێناگات لەوەی کەکرێکارەکە بێکارەو ژیانی تێکشکاوەو بەناچاری کۆیلەکاری دەکات بەو نرخە کەمەوە تەنها لەپێناوی ئەوەی کەبتوانێت ژەمێک بخوات. هەر ئەمەش لەنێوان کرێکارانی هاتوو بیانیدا پانتاییەکی گەورە داگیر دەکات لەڕق و قین لەگەڵ یەکتریدا کاتێک کرێکارێکی هاتوو لەئەنجامی بێکاری، دابەزینی دراو، وەلەئەنجامی قەیرانی قورسی ناو ووڵاتەکەیەوە ناچاری دەکات بچێتە مەملەکەتێکی ترو بەپارەیەکی ئێجگار کەمتر کار بکات و هێزی کارەکەی تاڵانفرۆش بکات.
٢/ خەتەری ئەم بێکاربوونەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر ئەو کرێکارانەی کە لەسەر کارن، بۆچی وایە؟ چونکە کرێکاری لەسەر کار بۆئەوەی دەرنەکرێت و نەچێتە ڕیزی لەشکرێکی سەدان هەزاری بێکارانەوە، ناچارە کەملبدات بەکۆیلەکاری، سەعاتکاری زۆر، حەقدەستی کەم، ئیهانەو بۆڵەی خاوەنکار قبوڵبکات و بەکورتی بەهەموو خواستێکی کۆمپانیاو خاوەنکار ڕازی بێت تەنها هەر لەبەرئەوەی کەبێکار نەبێت، چونکە ژیان و تەنانەت زیندوومانەوەشی ئەکەوێتە خەتەرەوە.
جگەلەوانەش خاوەنکار هەمیشە دەنگی کرێکارانی لەسەرکار کپدەکەنەوە بەتایبەت ئەوانەی وەک نوێنەر یان قسەکەر دەرئەکەوون، بەدەرکردن بۆناو بێکاران ئەیان ترسێنن بۆئەوەی بتوانن هەم سەرکوتی ناڕەزایەتی و ماف و خواستەکانیان بکەن، هەم کرێکارێکی بێکار بەمەرج و خواستەکانی خاوەنکارەوە بەحەقدەستی کەمتریشەوە بخەنە جێگای و هەم بتوانن بەم سیاسەتەیان دەنگ و ناڕەزایەتی کرێکاران لەخۆیان دووربخەنەوە.
لەباری کۆمەڵایەتیەوە:
ئەگەر ژن وپیاوی کرێکار هوشیار نەبن، ئەوا ئەو دژایەتی و ڕق و کینە کۆمەڵایەتیەی کەلەنێوان سەرجەم کرێکاراندایە لەئاستی نەتەوەو ئاین وزمانی جیاوازتر لەکۆمەڵگادا، ڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی بچوک کراوەش دەکەوێتە ناو ژیانی خێزانی کرێکارانەوە. ژنی کرێکار ئەگەر تێنەگات لەوەی کە بێکاری و نەبوونی کارێکی گونجاو خەتای دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەو کۆمپانیاکانێتی، ئەوا پیاوەکەی تاوانبار دەکات بەتەمەڵ و هیچ لەبارا نەبووو کارنەکەر، بەم پێیە دژایەتی کارو سەرمایە کەهەمیشە لەنێوان کرێکارو سەرمایەداردایە، ئەکەوێتە نێوان ژن و مێردەوەوەو هەمیشەش لەمشتومڕی بەردەوامدا دەیانهێڵێتەوە، بەم شێوەیە دەسەڵاتی سەرمایە دژایەتی ئەخاتە نێوان ژنان و پیاوانەوەو نیوەی چینی کرێکار لەنیوەکەی تری کەژنانن ئەخاتە سەنگەری دژی یەکترییەوە..
سەرەڕای ئەوانەش، بێکاری کرێکار بەتەواوەتی مەئیوس و بێتاقەت دەکات بەجۆرێک بێئاسۆو بێهیوای دەکات، کەنەک هەر تاقەت و حەوسەڵەی بەسەر کردنەوەو گرێدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی دەمێنێت، بەڵکو بێئاسۆو بێهیواشە لەوەی کە بیر لەهەوڵ و خەباتێک بۆباشترکردنی ژیانی نەمێنیت و بەم پێیەش بەهەموو شتێک نامۆ ببێت و تەسلیمی جۆرەها قەدەری خراپ و کێشەی کۆمەڵایەتی و خراپەکاری ببێتەوە.
جاسوسیکردنی کرێکاران بەسەر هاوچینەکانیانەوە…
خاوەنکارو کۆمپانیا، بۆئەوەی لەهەر بۆچوون و هەڵس وکەوتێکی کرێکاران شارەزابن بەتایبەت لەسەر چالاکترینەکانیان، هەمیشە لەڕێگای مقاش و دەستوپێوەندەکانی خۆیانەوە لەهەوڵی کۆکردنەوەی ڕاپۆرتدان بۆئەوەی هەرچی زووتر لەسەرکار دەریبکەن و دووری بخەنەوە لەکرێکاران. ئەم هەوڵەش تەنها لەبەرئەوەیە کەچۆن بتوانن ئەو دەنگانە کپ بکەنەوە کەئەبێتە هۆی جوڵاندنی کرێکاران و ئاشناکردنیان بەماف و خواستەکانیان. خاوەنکار هەمیشە بەدوای ئەوەدایە کەنەهێڵێت کرێکاران فێرو پەروەردەی ئەوە ببن کەچۆن دەتوانن لەڕێگای هێزی خۆیانەوە فشارەکانیان یەکگرتوانە بهێننە پێشەوە، هەر بۆیە پێوویستی بەم جۆرە سیاسەتە هەیە بۆئەوەی خەتەر لەسەر بەرژەوەندییەکانی دوور بخاتەوەو ئەو دەنگانەش کپ بکاتەوە لەڕیگای مقاشەکانیەوە.
کرێکاران ئاسۆو ناوەندێک شک نابەن وەک پشت وپەناگایەک
کرێکارن بەنیازن یان بەوجۆرە بیردەکەنەوە کەدەبێت لایەنێک، شەخسییەتێک، حزبێک بێت و ڕزگاریان بکات لەم هەمووە نەهامەتیەی کەبەرۆکی پێگرتوون.. کەسێک بێت و دەستیان بگرێت لەسەر سەری ئەوانەوە بوەستێت و هەرچیەکی ووت بەگوێی بکەن بۆئەوەی ڕزگاریان ببێت!! ئەوان نازانن کەهێزی یەکگرتووی خۆیان تاقە پشت و پەناگایە کەدەتوانێت گەورەترین بەربەست بێت بۆدیفاع لەخواست و مافەکانیان. کەواتە بابزانین هێزی یەکگرتووی خۆیان وەک پشت و پەناگایەک چیە کەهێندە زەروورە بۆ کرێکار هەتا بەکەناری ئارامی بگەیەنێت و بەبێترس پاڵی لێبداتەوە؟
پێشتر ووتمان کرێکاران لەهیچ کەس و لەهیچ گروپ و نوخبەیەکی تری کۆمەڵگا ناچن، خواست و مافی ئەوان بەردەوام و ڕۆژانەیەو کێشەو گرفت و خواست و مافەکانیانیشیان وەکو یەکە جا لەهەر کوێرە دێیەک و مەملەکەتێکی پیشەسازی گەورەو بچوکی ئەم جیهانەداش بێت.. سەعاتکاری زۆر، مووچەو حەقدەستی کەم، بێکاری و بێکاربوون، ئیهانەو بێحورمەتی، کۆیلەکاری، نەبوونی جێگاو شوێنیکاری گونجاوو ژینگەی تەندروست..تاد..
کرێکاران کاتێک دەتوانن هێزو پێزی خۆیان درک پێبکەن، کەلەدەوری خواستەکانیان کۆببنەوە، خواست و ماف وداواکارییەکانیان لیست بکەن و هەوڵبدەن قسەوباسی لەسەر بکەن لەڕێگای کەناڵەکانی خۆیانەوە، کەناڵەکانی سۆشیال میدیاو نێت.. هەوڵبدەن کۆدەنگی لەسەر دروست بکەن و داوەتی کرێکارانی تریش بکەن کەپەیوەست بن پێیانەوە لەناو دەستەو گروپی خۆیانەوە..
سەرەتای ئەم کارە دەبێت لەوجێگایەوە بێت کەهاوڕێیان و کرێکارانیک کەجێگای متمانەن بەم کەناڵانەوە پەیوەست بکەن بۆئەوەی خۆیان بەدوور بگرن لەدەستوپێوەندەکانی خاوەنکار. ئەم کەناڵانە هێواش و ئارام گەورەو گەورەتر بکەنەوە هەتا ئاستی سەراسەری لەشوێن و ناوەندێکی کاردا.. هەرئەمەش خۆی لەخۆیدا میکانیزمێکی کاراو گونجاوە بۆلەدەوری یەکتری کۆکردنەوەی خۆیان کەخەریکن هێزی پەرش و بڵاویان کۆدەکەنەوە لەگروپێکی گەورەتردا لەپێناوی ئەوەی کەبتوانن بەژمارەیەکی سەدان کەسیەوە ئیرادە بهێننە مەیدانەوە لەپێناوی مافەکانیاندا..
ئەم ڕێگایە ئەو شەخسیەت و ناوەندانەیە کەکرێکاران هەتا ئێستا درکیان پێنەکردووە کەچەندە هێزی یەکگرتووی ئەوان کاریگەری جددی دەبێت بۆفەرزکردن و دیفاع لەمافەکانیان بەبیئەوەی سەربەهیچ لایەن و گروپیکی تر بن و ترسی بەلاڕیدا بردن و فرۆشتنی هێزەکەیان بەملاولادا بڕوات. ئەم کەناڵە کرێکارییانە، کرێکاران فێری ئەوە دەکات کەمیکانیزمەکانی خەباتی ڕۆژانەیان بدۆزنەوە لەپێناوی مافەکانیاندا.. لەپێناوی چونێتی دیفاع لەخۆیان و هەرئەوەش فێریان دەکات کەچۆن دەتوانن ڕێگری جددی بکەن لەدەرکردن لەسەرکارو زیادکردنی مووچەو کەمکردنەوەو سەعاتکاری زیاتر.. هەرئەمەش ووردە ووردە ئەیانگەیەنێتە ئەو قۆناغەی کەئیتر ئەو ناوەندو دەستەو گروپانە واپێوویست بکات بگۆڕن بەڕێکخراوێکی واقیعی کرێکارانەی خۆیان کەببێتە ئەو جێگاو پشت وپەنایەی کەهەموویان لەدەوری یەکتری کۆدەکاتەوە لەپێناوی خۆیاندا کەدەتوانێت بەگڕوتین و هێزێکی گەورەترەوە خواست و مافەکانی فەرز بکات.. ئەمە تەنها ڕێگایەکی گەورەو کاریگەرە لەڕاستای باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیانی کرێکاران ئەگەر بڕیار بدەن کەچۆن ژیانیان لەئێستا باشتر بکەن.