لەبارەی “ماوەی تێست”کارکردن وگرێبەستی کارەوە
بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وەڵامی پرسیارەکانی کرێکاران دەداتەوە
شابازمەحمود وەڵام بەپرسیارەکان دەداتەوە
لێرەدا وەڵام بەچەند پرسیاری کرێکاران ئەدەینەوە کەناردوویانە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار
کرێکارێکی کارگەیەک: ئایا بەپێی یاسا، تێستکردنی کرێکار چەند مانگە، یان کاتەکەی چەندە؟
دەنگی کرێکار: کاتی تێستکردنی کرێکاران نابێت لە ٣ مانگ زیاتر بێت.
کرێکارەکە: ئەی باشە کرێکارمان هەیە زیاتر لە٤ مانگ و بەرەو ساڵێکیش دەڕوات و پێی نەووتراوە بۆنمونە تۆ تێستەکەت کاتەکەی تەواو بووەو فەرموو ئیش بکە، چاوەڕێی ئەوەشە کەپێی بووترێت کاکە تۆ لەتێستدا سەرکەوتووبوویت یان نا هەتا کرێکارەکە یەکلایی بێتەوە، ئەمە چۆنە؟
دەنگی کرێکار: خاوەنکار مافی خۆیەتی کەکرێکار تێست بکات لەسەر ئەو کارەی کەپێی دەسپێردرێت، بەڵام بەپێی یاسا دەبێت ماوەی تێستەکەی لە ٣ مانگ زیاتر نەبێت. وە بۆ زانیاری بەڕێزتان کەدەبێت بیزانیت، لەیەکەم ڕۆژی کارکردنەوە دەبێت دەستەبەریشت”ضمان” بکرێت هەتا ئەو ماوەیەی کەواز لەکار دەهێنێت یان بەهەر هۆکارێکەوە کارەکەت بەجێدەهێڵیت..
خاوەنکار یان کارگە بەناوی تێستەوە ماوەیەکی زۆر زیاتر کار بەکرێکارەکە دەکات چونکە قازانج دەکات لەبەر دوو هۆکار:
یەکەم لەماوەی تێستەکەیدا بەڕۆژانەکار حەقدەست ئەدات بەکرێکارەکە کەجیاوازی زۆری دەبێت لەگەڵ موچەی مانگانەدا، وە دووەم لەهەوڵی ئەوەدایە کەبەحسابی خۆی، خۆی بدزێتەوە لەدەستەبەر کردنی کرێکارەکەو ئەگەر تووشی لێپرسینەوەی یاسایی بوو بتوانێت بەناوی تێست وکرێکاری ڕۆژانەوە پاساوەکانی بخاتەڕوو.. بەڵام هەموو ئەو پاساوانەش پێچەوانەی یاسایکاری هەرێمە..
کرێکارێک لەکارگەیەکی تردا دەپرسێت: کاتێک ئیدارەی کارگە گرێبەستێک دەهێنیت و دەڵێت واژۆی بکە، ئەی چۆن بزانین گرێبەستەکە یاساییەو بەپێی یاسایکاری هەرێمە؟
دەنگی کرێکار: لەم حاڵەتەدا کرێکار دەبێت داوای نوسخەیەک لەگرێبەستەکە بکات کەمافی خۆیەتی و دەبێت لەکورترین ماوەدا بیگەیەنیتە دەستی بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەتا دڵنیابێتەوە لەیاسایی بوونەوەی گرێبەستەکە. یان لانیکەم بچیتە سەر پەیجی وەزارەتی کار لەسەر بڕگەو بابەتەکانی یاسای کار، هەتا ئاگادارببێتەوە لەڕاستی و دروستی لایەنی یاسایی گرێبەستەکەی. ئەگەر کارگەو ئیدارەکەی نەچووە پای ئەوەی کەنوسخەی گرێبەستەکە بدات بەکرێکارەکە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکات، ئەوا ئیتر جگەلە ڕێکەووتنی دوولایەنە لەنێوان کرێکارەکەو کارگەکەدا هیچ ڕێگایەکی تری لەبەردەممدا نیە، بەڵام هێشتاش ئەو ڕیکەووتنە نایاساییە.. بەڵام لەئەنجامی بێکارییەوە کرێکاران ناچارن ملبدەن بەو جۆرە کۆنتراکتە نایاساییە کەدواتر مافە یاساییشەکانیشی ئەفەوتێت، چونکە کرێکار کاتێک واژۆی ئەو گرێبەستە نایاساییە دەکات، لەبەردەم دادگای کاردا ئەکەوێتە ناو گێژاوەوە هەر لەبەر ئەوەی کە واژکراوە لەلایەن کرێکارەکەوە، بەکورتی و کوردیەکەی چونکە ڕازی بووە بەو گرێبەستە بۆیە واژۆی کردووە.
کرێکارێکی تر لەناوەندێکی کاردا: کاکە ئێوە دەڵێن داوای نوسخەی گرێبەستەکەتان بکەن، بەڵام ئەگەر داوای بکەین و بڵێین ئەیبەین بۆ فەرمانگەی ضمان، یەکسەر لەوانەیە دەرمان بکەن، لەم حاڵەتەدا چی بکەین باشە؟
دەنگی کرێکار: ئەوە ڕاستە، بەڵام هیچ ڕێگا چارەیەک نیە لەبەردەم کرێکاردا ئەگەر نەیەوێت کارەکەی لەدەستنەدات.. سەرەڕای ئەوەی کەئەبێت گرێبەست بەپێی یاساو بڕگەی یاسایکاری بەرکاری هەرێم جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەگەر کرێکارەکە ئەو گرێبەستە واژۆ بکات کەلەوانەیە بڕگە، یان دەربڕینی ووشە یان بەجۆرێک لایەنی نایاسایی تێدابێت، ئەوا کۆمپانیا یان خاوەنکار پاساوێکی هەیە لەسەر ئەوەی کرێکارەکە خۆی ڕازی بووە بەو گرێبەستەو واژۆشی کردووە. ئەم بابەتە ئیتر ئەکەوێتە ناوگیروگازی دادگای کارو پارێزەرەوەو کاتێکی زۆر بخایەنێت..
بەڵام هەرچۆن بێت، ئەگەر کرێکاران بتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژیرن لەناو خۆیانداو بەکۆی گشتی لەنزیکترین کاتدا بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاگاداربکەنەوە بۆئەوەی ئەوان بەدواداچوون بکەن، ئەوا ئەو کاتە ئەتوانن لەدادگای کار دۆسیەکەیان یەکلایی بکەنەوە.. ئەم هەنگاوە باشە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نایەکگرتوویی و پەرتەوازەیی کرێکاران خۆیانەوە، هەروەها بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بڕگەو بابەتەکانی یاسای کارەوە کەحکومەت بەجۆرێک دەستی ئەوانی کردۆتەوە، خاوەنکارو کۆمپانیاکان قازانجی گەورەیان کردووە لەم دۆخەی کرێکاران و بەوجۆرەی کەئەیانەوێت بەناوی یاساوە بەرژەوەندییەکانیان ئەبەنە پێشەوە