Dangikrekar.com
وتار

ئایا وەزارەتی کار بەکردەوە مافی خانەنشینی بۆ کرێکاران دەستەبەر کردووە؟

وەستا مەهدی:   
لەلێدوانێکدا وەزیری کار لەبارەی خانەنشینی کرێکارانەوە ئاماژەی بەوەدا کە “زیاتر لە ١٣٠ هەزار كرێكار دەستەبەر دەكات”. هاوکات باسی لەوەشکرد کە حکومەت “سندووقی خانەنشینی داناوەو هەر کرێکارێک دەستەبەر کرابێت، پارەکەی دەچێتە ئەو سندووقەوە و پاشان کە تەمەن و ساڵانی خزمەتی بەپێی یاسا گەیشتە تەمەنی خانەنشینی، خانەنشین دەبێت”.. وەزیری کار گوتیشی: کە” کرێی کرێکاری ناکارامە لە ٢٨٥ هەزار دینارەوە زیاد کرد بۆ ٣٥٠ هەزار دینار وبڕیاریشماندا کەدەبی خاوەنکار لانی کەم بۆ هەر سەعاتکارێک دوو هەزارو پێنج سەد دینار کەمتر نەدات”… ئەمانەو گەلیک قسەی تر..
لێرەدا بالەوە بگڕێین کەتاچەند دەستەبەرکردنی ١٣٠ هەزار کرێکار راستی تێدایە، تەنانەت با باس لەوە نەکەین کە ئەو سندوقی خانەنشینیەی وەزارەتی کار دایناوە، چ دەستێکی گەندەڵی درێژبووە بۆسەری وتاچەند پارە کۆکراوەکان دەستی حکومەتی بۆ درێژ دەکرێ وبۆ مەرامو بەرژەوەندی تر بەکار دەبرێت، بەڵام وەختێک ئەم لێدوانو قسەوباسانەی وەزیری کارو تەنانەت بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی کار سەبارەت بە دەسەبەرکردنی کرێکاران دەبەینە ناو کرێکارانەوە و گوێیان لێدەگرێن، ئەوا هەقیقەتێکی پێچەوانە بەقسەکانی وەزیری کار دەبیستین:
بەشێك لەکرێکاران دەڵێن ئێمە ١٥ساڵ خزمەتمان هەیە وکاری ژینگەپارێزیمان کردوە لەگەڵ شارەوانیەکان ودواتریش دراوین بەکۆمپانیاکان. بەشێکیتر لەکرێکارانی ژینگەپارێز کەلەگەڵ کومپانیاکانی کەرتی تایبەت کاریان کردوە دەڵێن لەژێرناوی تازەکردنەوەی گرێبەستەکانماندا لەئێستادا لەکارەکەمان دابڕاوین یان دەرکراوین، کەچی خاوەنکارەکانمان پشگیریمان پێنادەن تابچین و بزانین ئەو چەند ساڵە کە پارەی زەمانمان لێوەرگیراوە دراوە بە سەندوقی زەمان یان نا!
هەندێكی تر دەڵێن لەگەڵ ئەوەدا کە هێشتا ١٥ ساڵ کارکردنمان تەوا نەکردوە چەند ساڵیکە کارمان بۆ کۆمپانیا کردوە ئێستا کارەکانمان لەدەست داوە وبێکارین، نەحکومەت ونە کۆمپانیاکان، حسابی دەورانی بێکاریمان لەو سوندقەی ناویان ناوە خانەنشینی، کەخۆمان پارەمان تێکردوە ناکەن. کاتێکیش چوینەتەوە سەرکار، دیسانیش پارەی زەمانمان لێوەردە گیرێ ولەکرێکانمان دەبڕدرێ، بەڵام ئێمە گومانمان لەوە هەیە کە لە دائیرەی زەمان ناومان هەبێت!.. ئەمە لەکاتێکدایە کە کومپانیاکان پشگیریمان نادەنێ تا برۆین و ئەو برە پارەیەی کە لێمان وەردەگرن ساغی بکەینەوەو دڵنیابین لەوەی دواڕۆژ دەتوانین خانەنشین بین!.
هەندێكی تر لەکرێکاران دەڵێن من چەند ساڵ پارەم داوە بەزەمان و ئێستا بێکارم و لێرە بیمەی خانە نشینی نییە، دەمەوێ هەر ئەو پارەیەی کە داومە بەزەمان وەری بگرمەوەو پێی بژیم، تا کارێکم چنگ دەکەوێ، بەڵام کە دەچمە زەمان ناوم دەنوسن و پێم دەڵێن برۆ دوای ساڵێك وەرەوە ئەوجا جواب وەردەگری!..
بەشیکیتر لە کرێکاری پرۆژە پیشەسازیەکان شکاتیان کردوە لەسەر ئەوەی دڵنیانین لەوەی زەمان کراون یان نا کەچی هەم خاوەنکارو هەم لایەنە پەیوەندارەکان ئیهمالیان دەکەن!.. ئەم قسانەی کرێکاران، قسەکانی وەزیری کار پێچەوانە دەکاتەوە وئەو ڕاستیە دەخاتەڕوو کەمەسەلەی خانەنشینی بۆتە مەیدانیك بەدەست حکومەتو کۆمپانیاکانەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی ڕەنجی کرێکاران و لێگرتنەوە لەموچەکانیان، ئەمەش گەندەڵیەکی ئاشکرایە. ئەم ڕاستیە کاتێک ڕۆشنتر خۆی دەردەخات کەلە موچەی کرێکاران بەناوی خانەنشینییەوە دەبڕدرێ وبەڵام هیچ کۆمپانیایەکیش ئامادەنیە کەوەرەقەی پشتگیری بەکرێکاران بدات. تەنانەت خودی ئەوەی کەکرێکارێک ٥ بۆ ٨، بۆ١٠ ساڵ کاری کردبێت بۆ کۆمپانیایەکی سەربە حکومەت وکاتێک دەکەوێتە دەورانی بێکاریەوەو دوای گێرانەوەی پارە لێبراوەکانی بکاتەوە، ئەوا دەبێ یەکساڵ چاوەروان بێت تا وەڵام وەردەگرێتەوە!!. لەکاتێکدا مەعلوم نیەو هیچ گرەتیەک نیە کەئاخۆ وەڵامی دلخوازی پێدەدەنەوە یان نا!
لایەنێکی تری مەسەلەی خانە نشینی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئاستی کرێیەوە. وەختێک وەزیری کار وەک شانازیەک باس لەوە دەکات کە لانی موچەی مانگانەیان کردوە بە٣٥٠ هەزار بەرامبەر بە٢٥٠٠ بۆ هەر سەعاتکارێک، ئێتر ئەوە بەڕۆشنی دەردەکەوێت کە کرێکار، چ لەسەردەمی کارکردنیداو چ لەدەورانی وازهێنان لەکارکردن بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە، دەبێ لەهەژاریو برسێتیو نەبوونیدا ژیان بگوزەرێنی. ئەمە بەومانایەی کەهیچ کرێکارێک هیچ مانگێک ٣٥٠ هەزار وەرناگرێ وبەناوی زەمانی خانەنشینیەوە ٢٥ هەزار بۆ ٥٠ وگەلێک جارێش زیاتری لێدەبڕدرێ، ئەمەش نەک هەر وەڵامدەرەوەی ژیانێکی ئاسایی کرێکار دابین ناکات وناتوانێ لەم گرانی ومەسرەف زۆریەدا، پێداویستیەکانی ژیانی خێزانێکی ٣کەسی دابین بکات، بەڵکو مانەوەی فیزیکی ژیانی کرێکارەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەم حاڵەوە ئەگەر کرێکارێک لەسەر موچە زیاد کراوەکەی وەزیری کار خانەنشین بکرێ وبێ کێشە دەمودەست مافی خۆی پێبدرێ، ئایا ئەو بڕە لەخانە نشینی کەبێگومان لە٣٥٠ هەزاری مانگانەی دەورانی کار کەمترە، بەشی بەڕیوەچوونی ژیان دەکات؟.. بەدڵنیایەوە وەڵام دەرەوە نابێت. هەربۆیە ئەو ئاستە لەکرێ کەوەزیریکار باسیکردوە جگەلە هەژارکردن و لەبرسێتیدا ڕاگرتنی کرێکاران شتێکیتری لێسەوز نابێت. ئەمەیە مافی خانەنشینی لەسایەی دەسەلات وحکومەتێکدا کەملیاردێرو ملیۆنەرەکانی دەوڵەمەند کردووە.
کرێکارانی کوردستان کاتێک لەبەردەم هەڕەشەی دەرکردندابن، کاتێک کە نوێنەرایەتی کرێکاران لەهێچ شوێنێک بەرەسمی نەناسرابێت وڕۆڵی چاودێری بەسەر سندوقی خانەنشینیدا نەبێ کاتێک ئازادی ڕێکخراوبون و مانگرتن لە پڕۆژەو دامەزراوەکاندا قەدەغەبێت، کاتێک کەلانی کەمی کرێی کرێکاران لەو ئاستە هەرەنزمەدا دیاری کرابێت، کاتێک سیستەمی بیمەکۆمەلایەتیەکان لائارادا نەبێت..ئیتر باسکردن لەمافی خانەنشینی و دەستەبەری کرێکاران چی لێدەمێنێتەوە؟..
١٦/٦/٢٠٢٢

Related posts

٨ی مارس ڕۆژی توندکردنەوەی کێشمەکێشی ئوردوی کارو سەرمایەیە!

admin

وتاری مەهدی ڕەسوڵ سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەمەراسیمی ئایاردا !

Dangi Krekar

بەڵێ بۆ یاسایەک کەمافی کرێکاران بەرامبەر بە ڕوداوەکانی شوێنی کاردا دەپارێزێت!

Dangi Krekar

Leave a Comment