هەلومەرجی ئێستای کریکارانی کوردستان، دەخوازێت کرێکاران خۆیان خاوەندارێتی لەمافەکانیان بکەن!
وەستا مەهدی
لەهەرێمی کوردستاندا هەزاران کریکار لەناوەندە جیاجیاکاندا کاردەکەن و سەدان هەزاریش بێکارن، سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتیکار، یاسایکار، دادگایکارو یەکیتی سەندیکاکانی کوردستانیش هەیە، لەهەمانکاتدا حزبەکانی کورستان هەریەکەیان بەشێوازی تایبەتی خۆیان ئیدعای ئەوەدەکەن کەدیفاع لەچینی کرێکاردەکەن! بەڵام بەردەوام کرێکاران زوڵمیان لێدەکرێت و ئەوانەشی کەلەسەرکارن هێشتا ناوێرن داوای مافەکانیان بکەن لەترسی ئەوەی نەوەک کارەکانیان لەدەستبدەن و بەم هۆیەوە کاری زۆریان پێدەکرێت بەرامبەر بەکرێیەکی کەم کە وایکردووە زۆرینەیان هەوڵی چنگەکڕێیەکی تریش بدەن بەڵکو لەلای لابەلاوە دوو هەزاریان دەستبکەوێت بۆئەوەی بتوانن ژیانێکی کولەمەرگی بۆخۆیان و منداڵەکانیان دەستەبەربکەن. ئەوانەش کەبێکارن، ناچارن بەهەرزانتر یان بەهەر نرخێك بووە کار بکەن..
بێکارەکان بوونەتە بارگرانییەکی سەخت بەسەرشانی ئەوانەی کە وا کار دەکەن، چونکە فرسەتێکی باشیان بۆخاوەنکارەکان ڕەخساندووە هەتا بەئارەزوی خۆیان چۆن بیانەوێت بەوجۆرە کار بەکرێکاران بکەن و مەرجی خۆیان بەسەر کرێکاراندا فەرزبکەن. سەدان بێکار لەبەردەم دەرگای کارگەکان لەسەرەدا ڕاوەستاوون بۆئەوەی خاوەنکارەکان بیانخەنە سەرکار. بەشێکی زۆر لەگەنجان بەقەرزوقۆڵەوە پارەیەک پەیدا دەکەن بۆ ڕێگای هات و نەهات بەرەوە ئەوروپا بەوهیوایەی ژیان و کارێکیان دەستبکەوێت.. هەتا ئێستا سەدان گەنج وخێزانی هەژار لەو ڕێگایەدا گیانیان سپاردووە..
لەماوەی زیاتر لە سی ساڵە کرێکارانی لەسەرکار بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان هەبووە بەرامبەر بەم هەلومەرجە سەختەی کەبەسەریاندا سەپێنراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پەرش و بڵاوو ناڕێکخراوون، نەتوانراوە کەمێك ژیانیان باش بکەن. ئەوان هۆکاری خراپی بارودۆخیان دەگێڕنەوە بۆئەوەی کە کەس پشگیرییان ناکات، حزبێک، شوێنێک شکنابەن ڕێگا لەخاوەنکار بگرن کە چیتر زوڵمیان لێنەکات. بەشێك لەکرێکاران درکیان بەوەکردووە کەپەرشوبڵاوو ناڕێکخراوبوونی خۆیان، سەرەکی ترین گرفتە کەرێگرە لەبەردەم باشتر کردنی هەلومەرجی کارو ژیانیان دەگرێت .
ئەم هەلومەرجەی ئێستای کریکارانی هەرێمی کوردستانی تێدایە ئەوە دەخوازێت کەکرێکاران خۆیان دەبێت خاوەنداریەتی لەمافەکانی خۆیان بکەن و چیتر چاوەڕوانی حکومەت ودادگاو سەندیکاو حزبەکان نەکەن کە لەپشتیانەوە ڕاوەستن.. ئەوان بەهیچ جۆرێک بەرژەوەندییان لەوەدانییە کرێکاران خۆشگوزەران بکەن، بەپێچەوانەوە, بەشێک لەوان خۆیان ڕاستەوخۆ هۆکارن لەداسەپاندنی ئەم هەلومەرجە سەختەی ئێستا کەکرێکارانی تێدا ڕاگیراوە.
کەواتە کرێکارانی کوردستان تاکە ڕێگایەکیان لەبەردەمدایە، ئەویش ڕێکخراوبوونی خۆیانە لەدەوری خواستەکانیان.. بەڵام چۆن؟ کرێکاران چۆن بتوانن ڕێکخراوبن لەکاتێکدا هەڕەشەی دەرکردنیان لەسەربێت؟ چون بتوانن ڕێکخراوبن لەکاتێکدا خاوەنکارو هاوپەیمانی خاوەنکارەکان، ڕیزی کرێکارانیان بەجۆرێكی وەها تێکدابێت کە پرسی ڕێکخراوبوونی سەخت کردبێت؟ بێگومان دەیان ڕێگری لەبەردەم ڕێکخرابووندا هەیە؟ ئایا کریکاران دەتوانن چ جۆرە ڕێکخراوێك دابمەزرێنن و لەکوێوە دەست پێبکەن؟
لەماوەی سێ دەیە لەچەوساندنەوەو بێمافی بەکریکارانی کوردستان، بەشیکی زۆر لەوان بوون بەخاوەنی تەجربەو دەیان هەڵسوڕاوی کریکاری ڕابەرایەتی ناڕەزایەتیە کریکاریەکانیان کردووە. هەرئێستا لەکارگەکان و ناوەندە جۆراجۆرەکانی کار، سەدان کریکاری بەئیرادەو خاوەن ئەزمونمان هەیە، لەناوەندەکانی خۆیاندا درێژەیانداوە بەناڕەزایەتیەکانیان. لەبەشێکی زۆری ناوەندەکانی کاردا بەشێوەی جۆراوجۆر لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گروپی تایبەت بەخۆیانیان دامەزاراندووە، کەواتە دەتوانین بڵێین کرێکارانی کوردستان هەنگاوێکیان ناوەو هەستیشیان بەوەکردووە کەدەبێت خۆیان ببنە خاوەنی داواکارییەکانی خۆیان. ئەم ڕێگایە هەرچەند سەخت بێت، هەرچەندە تاڵ بێت و هەرچەند زەرەروزیانی تێدابکەن، بەڵام لەمە زیاتر ڕێگایەکی تریان نییە.. ئەوەش کە هەتا ئێستا هەیە دیفاعێکی زۆرلاوازو پچڕپچڕو کاتیەو ناتوانێت نمایشی هێزی چینایەتی ئەوان بکات هەتا دەخالەتی خۆی هەبێت و بتوانێت خۆی ڕێکخراو بکات بەئاراستەی هاوسەنگی هێز تا بەقازانجی خۆیان بشکێنێتەوە.
کەواتە ڕێگا چارە چیە؟
هەنگاونان و لابردنی بەربەستەکان لەبەردەم ڕێکخراوبوونی کرێکارانی کوردستان، تەنها دەستبردنە بۆدامەزراندنی ڕێکخراوێکی کرێکاری خەباتکاری جەماوەری کەبتوانێت دیفاع لەمافە یاساییەکانی کرێکاران، لەخواست و مافەکانیان بکات. ڕێکخراویك کەکرێکاران بتوانن خاوەنداریەتی بکەن لەتەواوی پرسە کرێکاریەکانداو نوێنەرایەتی ئەوان بکەن. ڕێکخراوێكی جەماوەری، واتە تایبەت نەبێت بەگروپێکی دیاریکراوی کرێکاران، جەماوەری بەو مانایەی کە لەسەر تەواوی کێشە کرێکارییەکان بەهەموو بەشە جیاوازەکانیەوە بێتە دەنگ ودیفاعیان لێبکات، هەرکرێکارێك و هەرهەڵسوڕاوێك لەهەرناوەندێکی کارە بتوانێت پەیوەست بێت پێیەوە ،ڕێکخراوێک بێت بەومانایەی بتوانێت لەسەر مافە یاساییەکانی کرێکاران بێتە دەنگ ویەخەی حکومەت و کۆمپانیاو خاوەنکار بگرێت لەسەر مافەکانی کرێکاران، نوێنەرایەتی یاسایی سەرجەم کرێکاران بکات. هەوڵی جددی بدات بۆ پەیوەستبوونی هەرچی زیاتری ژمارەی کرێکاران بۆئەوەی بتوانێت باڵانس و هێزی کرێکاران بەقازانجیان بگۆڕێت و ئیتر لەخەمی مووچەی پچڕپچڕ، لێبڕین، بێمافی و ترسی دەرکردن لەئیش و بێکاری نەمێنیت.
ئێمە وەك گروپی دەنگی کرێکار هەمیشە خۆمان بەخەباتکارێکی چینی کرێکار دەزانین و یەکەمین گروپ دەبین لەهەنگاونان بەرەو دامەزراندنی ڕێکخراوێکی جەماوەری کرێکاری لەپێناوی بەرژەوەندی کرێکارانی کوردستاندا.