Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

دۆخی ژنانی کرێکار لەهەرێمی کوردستاندا/راپۆرت

دۆخی ژنانی کرێکار لەهەرێمی کوردستاندا

شاباز مەحمود، لەڕاپۆرتێکدا ڕەوشی ژنانی کارێکار و ئەو توندوتیژی و بێمافیانەی بەرەوڕویان دەبێتەوە، دەخاتەڕوو.

|  ئامادەکردنی ڕاپۆرت  شاباز مەحمود:

 

ئەم ڕاپۆرتە ڕۆشنایی دەخاتەسەر ڕەوشی کرێکارانی ژن، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مافەکانی کرێکارانی ژن دەکات. ئەم ڕاپۆرتە ئامانجی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرو بەرفراوانە.

هێزیکاری ژنان:

جموجۆڵی بازاڕو ناوەندەکانی کار، ڕێژەیەکی بەرچاو لەژنانی هێناوەتە مەیدانی کارەوە لەکەرتە تایبەتەکاندا.  دیاردەی هاتنە بازاڕیکار بۆ ژنان، خۆی لەخۆیدا ئەرێنی و پۆزەتیڤە، نیشانەی پچڕاندنی زنجیری لەماڵەوە مانەوەیە، بەم هۆیەوە دەبێتە خاوەن ئابورییەکی سەربەخۆی خۆیان و لەم ڕاستایەشدا لەژێردەستەیی ئابوری ڕزگاریان دەبێت، چیتر ملکەچی ئابوری پیاوان نابن. سەربەخۆیی ئابوری بۆ ژنان بنەمایەکی گرنگە کەدەتوانێت کەسایەتی و بوونی ئەو بپارێزێت لەهەموو دۆخێکدا، هەر لەپرۆسەی زەواجەوە هەتا دەگاتە ژیانی خێزانی و دۆخی جیابوونەوەش.

کاری ناجێگیرو ناهەمیشەیی:

ئاماژەیە بۆ  نەبوونی سەقامگیری لەکاردا، بەمانای کارمەندو کرێکار دڵنیا نین لەبەردەوامی کارەکەی و  مافە بنەڕەتییەکانی بۆ دەستەبەر ناکرێت، کارێکی پچڕ پچڕو کورتخایەنەو لەهەر کاتێکدا دەکرێت کارەکە کۆتایی پێبێت.

بەشێوەیەکی گشتی، مووچەیەکی خراپ لەبەرامبەر کارێکی قورسدا دەدرێت. لەبنەڕەتدا زۆرجار ئەو زەمانەتە ئاساییانەی پەیوەستن بەکارێکی “ئاسایی”ەوە دابینناکرێت، لەگرنگترینیان: گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتیە. لەهەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێێژو کارمەندانی تەندروستی نموونەیەکی ئەم جۆرە کارانەیە کەزۆرینەیان ژنانن.

بە شێک لەکێشەکان:

لەمانگی نیسانی٢٠٢٣دا کۆمپانیایەک لەسلێمانی دامەزراندنی ١٤ کرێکاری هەڵوەشاندەوە کە بۆ ماوەی نزیک دووساڵ لەو کۆمپانیایەدا بوون. لەنێویاندا ژنان هەبوو کەبەناحەق وبەبێ هۆ دەرکرابوون. لەنیسانی ٢٠٢٤دا لەڕێگای تیمی یاسایی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە کەیسەکانیان برایەوەو شایستە یاساییەکانیان وەرگرتەوە.  بەشێک لەژنان لەکۆمپانیا ئەمنیە تایبەتەکاندا دامەزراوون، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە. ئەوان باس لەوە دەکەن کە مووچەی کەمیان پێدەدرێت، لەکۆی ٨٠٠ هەزار هەتا ملیۆنێک دینار کە لەلایەن کڕیارەکانەوە دەدرێت بەکۆمپانیاکان بۆ هەر کارمەندێکی پیاو، بەڵام کارمەندە ژنەکان تەنیا ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگرن. جگە لەوەش کارمەندان تێچووی جلوبەرگی کارەکانیان لەئەستۆ خۆیانە، لەوانەش جلوبەرگ و پێڵاو. زۆرجار ١٠٠ هەزار دینار لەگیرفانی خۆیان خەرجدەکەن. مەرجەکانی کارکردن بریتین لەکاتژمێری درێژ لەگەڵ کەمترین پشوو، نەبوونی پشتیوانی لەکاتی باری نائاساییدا، سەرەڕای مەترسی، ئەم کارمەندانە کەرەستەی پێویست و پاراستنی یاساییان نیە بۆ کار، کاری  ژنانی سەر بەسکیۆریتیەکان تاقەت پڕوکێنە .

نەبوونی دڵنیایی دەستەبەری:

گرنگترین پرسی کرێکار نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتییە، بەهۆی دوودڵی کرێکارو خاوەنکارەکان بۆ بەشداریکردن لەسیستەمەکەدا لەبەر پابەندییە داراییەکان بۆ هەردولا، هەروەها کەمی چاودێریکردنی شوێنیکار لە دامەزراوەکاندا  وای کردوە کەمترین کرێکار لەم مافە سوودمەند بن

 نەبوونی دەوراتی پێگەیاندن:

پێشخستنی دامەزراندنی ژنان و گەنجان: پەرەپێدانی بەرنامەی ئامانجدار بۆ زیادکردنی بەشداری ژنان و گەنجان لەهێزیکاردا. ئەمەش بریتیە لەجێبەجێکردنی یاساکانی دژی جیاکاری لە شوێنیکاردا، دابینکردنی دەرفەتی ڕاهێنانی پیشەیی و خوێندن، ڕەخساندنی هەلیکار لەکەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

پێشێلکاری مافی ژنانی کرێکار، کرێکارانی کشتووکاڵین:

باشترکردنی بارودۆخی کەرتی کشتوکاڵ: چڕکردنەوەی پشکنینیکار لەناوچە کشتوکاڵییە دوورەکان، پێدانی ڕاهێنان لەسەر مامەڵەکردنی سەلامەت لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان و جێبەجێکردنی یاساکانی کار بۆ پاراستن لەئیستغلالکردن بەتایبەتی لەسەر ژنان. هەڵمەتی هوشیاری سەبارەت بەمافی کرێکاران و کەناڵە بەردەستەکانی سکاڵا لەناوچە گوندنشینەکان ئەنجامبدرێت، چونکە دەیان کە یسی دەستدرێژی و توندو تیژی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە .

لاوازی میكانیزمه‌كانی چاودێریكردن و به‌دوداچوون بۆ مافی كرێكارانی بیانی:

نزمی ئاستی هوشیاری خودی كرێكارانی بیانی زۆرجار ده‌رفه‌تی ڕه‌خساندووه‌ كه‌ كرێكاران ڕووبەڕووی  پێشێلكارییه‌كانی وه‌ك نەبوونی گرێبەستیکار، نه‌بوونی سەلامەتی ژینگەیکار، پێنەدان و دواخستنی کرێی کارو زیاد کارپێکردن، جیاوازی کلتوری و پێشێلکردنی مافە کەسیەکان، بازرگانی پێوه‌كردن، نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، توندوتیژی سێکسی و دەستبەسەردا گرتنی دۆکیومێنت ده‌بنه‌وه‌.

كرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان كه‌ له‌ڕه‌گه‌زی مێینەن له‌زۆر لایەنەوە لاوازترین جۆری ئه‌و كرێكارانه‌ن كه‌تووشی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ده‌بنەوە‌. له‌كاتێكدا كرێكارانی بیانی و كۆچبه‌ر ته‌نها به‌ یه‌ك ڕێگا ناگه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها یه‌ك داموده‌زگای دیاریكراویش چاودێری و سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هاتن و چوونه‌وه‌یان ناكات، بۆیه‌ كێشه‌ له‌ڕێكخستن و ئیداره‌دانی كه‌یسی كرێكارانی بیانیدا هه‌یه‌، بۆ نمونه‌: هاتنی كرێكارانی بیانی به‌نایاسایی بۆ ناو خاكی هه‌رێم ڕێگا‌ خۆش ده‌كات بۆئه‌وه‌ی كرێكاران تووشی پێشێلكردنی مافه‌كانیان ببنه‌وه‌. لەحاڵەتێکدا ئه‌گه‌ر تووشی هەر کێشەیەکیش بن لەگەڵ خاوەنکاردا، ئەوا لەڕووی یاساییەوە پاڵپشتییەکی بەهێزی یاساییان نابێت هەتا داوای مافەکانیان بکەنەوە لە خاوەنکار. كرێکارانی بیانی، ئەوانەی کەخزمەتگوزاری ماڵانن زۆرینەیان له‌ڕه‌گه‌زی مێینەن له‌زۆر لایەنەوە لاوازترین جۆری كرێكارانن، هه‌ندێك له‌وان جگه‌ له‌وه‌ی له‌ وڵاتانی خۆیان و له‌ڕێگای كۆمپانیاكانی ده‌ستیكاری بیانیه‌وه‌ بازرگانیان پێوه‌ كراوه‌و به‌ناوی وڵاتی ترو بۆ ئه‌نجامدانی كاریتر گه‌یه‌‌ندراونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستانەوە، ته‌نانه‌ت پێش گه‌یشتنیان به‌و ماڵه‌ی كه‌ بڕیاره‌ وه‌ك خزمه‌تگوزارێک كاری تێدابكه‌ن، تووشی پێشێلكاری ده‌بنه‌وه‌و شوێنی مانه‌وه‌و حه‌وانه‌وه‌ی گونجاویان بۆ دابین ناكرێت. هەركه‌ ده‌گه‌نه‌‌ ئه‌و ماڵه‌ی کە کاری تێدا دەکەن، زۆرجار بەدواداچوونیان بۆ ناکرێت، یاخود میکانیزم و ڕێکاره‌كان به‌پێی پێویست كاریگه‌رنین بۆ گەیشتن بەم جۆرە کرێکارانە بۆ ئەوەی بزانرێت هەتا چەند مافەکانیان پارێزراوه.‌ هەروەها ئامارێکی ڕاستەقینەش لەهەرێمی کوردستاندا بەردەست نیە لەبارەی ڕێژەی ژنانی کرێکارەوە.

دەربارەی یاسایکار:

دەربارەی یاسایکارو مافەکانی کرێکار کەیاسایەکی عێراقییە، لەساڵی ١٩٨٧ دەرکراوەو لەساڵی ٢٠١٥ هەموار کراوەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهەمان یاسا کار دەکات. لەمادەەی ٨٥ی یاساکەدا باس لەمافەکانی ژنان دەکات، بەڵام ئەو ژنانە ناگرێتەوە کە لەکەرتی حکومیدا کار دەکەن، ئەگەر بەگرێبەستیش بێت، بەڵکو کرێکارانی کەرتی ناحکومی دەگرێتەوە، واتە کەرتی ئەهلی. بەپێی ئەو یاسایە هەردوو ڕەگەز لەژێر دەستی خاوەنکارێکدا کار بکات بەبڕێک پارە، ئەوا دەبێتە کرێکار، بۆیە پێویستە کرێکارەکە بەگرێبەستێکی نوسراو کار بکات بۆ سەلامەتی خۆی لەکاتی توشبوون بەهەر ڕووداوێک لەکاتی کارکردندا. هەروەها لەناو گرێبەستەکەدا، کاتیکارکردن و موچە پێویستە تۆمار بکرێت.

له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ئێستاشه‌وه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت نییه‌ بۆ ڕێکخستنی کار، بەمانایەک یاسایکار بوونی نیە، به‌ڵام لەجێگای ئەو یاسایەدا، کار بە‌یاسایكاری عێراقی ژماره‌ (٧١)ی ساڵی ١٩٨٧ دەکرێت كه‌ هێشتا تاكه‌ یاسای به‌ركاره‌ بۆ ڕێكخستنی كارو مافی كرێكاران له‌هه‌رێمی كوردستاندا. لەم یاسایەشدا خانەنشینی ژنان بە ٥٥ ساڵ دیاریکراوە بەمەرجێک ۲۰ ساڵ کاری کردبێت.

نەبوونی سەلامەتی تەندروستی:

نەبوونی سەلامەتی تەندروستی، ژنانی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە کردۆتەوە. بۆنمونە: ئەو ژنانەی کە کاری پاککردنەوە ئەکەن لەکۆمپانیاو هۆتێلەکاندا، ڕۆژانە لەگەڵ مەوادی کیمیایی جۆراوجۆر ڕووبەڕوون بەبێئەوەی هیچ سەلامەتیەک یاخود پارێزگارییەکیان هەبێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هۆڕمۆنەکانی ژنان هەیە. زۆرجار بەکارهێنانی ئەم مەوادانە دەبێتە هۆکاری توشبوون بەنەخۆشی شێرپەنجە یاخود ڕێگە لەدوو گیانبوون دەگرێت، بۆ ژنانی دوو گیانیش کاریگەری لەسەر سەلامەتی منداڵەکە دادەنێت، جگە لەوەش کاریگەری لەسەر قوڕگ و سیەکان هەیەو لەهەمانکاتدا هۆکاری چەندین نەخۆشی جۆراو جۆری ترن.

ئاماری نافەرمی:

بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، زیاتر لە٨٢ هەزار کرێکاری بیانی هێنراوونەتە هەرێمی کوردستانەوە لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا کە لەسەدا ٦٧کرێکارانی خزمەتگوزاری ماڵانن و لەسەدا ٣٣ کرێکارانی پڕۆژەکانن. ئەمانە لەوڵاتانی ئەفریقاو نیپاڵ، ئەثیوبیا، فلیپین… هێنراوون. سێ هەزارو ٦٨٨ کرێکاری بیانی لەڕێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوونەتە کوردستانەوە. لەساڵی ٢٠٢٢یشدا حەوت هەزارو ١٤٨ کرێکاری بیانی بەمۆڵەتدانی وەزارەتیکار هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. لەسەرەتای ٢٠٢٣دا، ٩٢٠ کرێکاری بیانی هاتوون کەسەرجەمیان کرێکاری خزمەتگوزاری ماڵانن و لەو ڕێژەیەش لەسەدا ٩٠ ئافرەتن .

زانیاری ڕاپۆرت:

داتاو زانیاریه‌كانی ئه‌م ڕاپۆرته‌ پشتبه‌ستووه‌ به‌شه‌نوکەو كردنی دۆكیومێنتی یاسایی. ڕاپۆرتی ده‌زگا فه‌رمیه‌كان وڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، دەنگی کرێکاریش وەک تاکە دەزگای میدیایی کرێکاران. ئه‌مه‌ جگه‌له‌چاودێریكردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی كرێكاران لەلایەن خودی ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتەوە کە خۆی ماوەی ١٥ ساڵە لەم بوارەدا کاردە کات..

Related posts

 ئیسرائیل: مانگرتنی کرێکاران، بۆخواستی ڕاگرتنی جەنگ و ئازادکردنی بارەمتەکان!

Dangi Krekar

کرێکارێك لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبون لەسلێمانی کەتوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا

Dangi Krekar

ژمارە ٥٠ رۆژنامە ی دە نگی کرێکار چاپکرا

Dangi Krekar

Leave a Comment