Dangikrekar.com
گفتوگۆ

هەڵسوڕاوانی کەمپینی پشتیوانی لەکرێکارانی ژینگەپارێز بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێن!

ماوەیەکە کەمپینی دەنگی کرێکار بۆ پشتیوانی لە کرێکارانی ژینگە پارێز بەڕێخراوە ، ئەم کەمپینە بۆ چییەو ئامانجەکەی چییە ؟!
مەحمودی حەلاق: ئەگەر زۆر بەسادەیی و بەکورتی وەڵام بەوپرسیارە بدەمەوە ، دەبێت بڵیم ئامانجی سەرەکی وهەرە لەپێشینە لەو کەمپینە بۆ گێڕاندنەوەی ٢٠٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکراوی ژینگە پارێزانە کەبە ناڕەوا لەلایەن کۆمپانیای کارگێسەوە دەرکراوون و هەروا بێباکانە ژیان و گوزەرانی خێزانەکانی ئەوانیان خستۆتە حاڵەتێکی نا ئینسانی ئێجگار ناهەموارەوە…
لەڕاستیدا دەرکردنی ئەوان لەژێر بیانووی پڕوپوچدا ، نان بڕینێکی دەست ئەنقەستە کە دەست ئەخاتە بینەقاقای سەرجەم خێزانەکانیان بەتایبەتی منداڵان و ئەو نەخۆش و پەککەوتانەی کە ڕۆژانە موحتاجن بۆ دوو دەنک حەب و شیر بۆیان، هەربۆیە ئەمە تاوانکارییەکی گەورەیە بەرامبەریان و ئێمە دیسانەوە لەڕێگەی کەمپینەکەمانەوە بەرامبەر بەم تاوانکارییە هاتوینەتە دەنگ …
ئەم کەمپینە فشارو هەوڵ و تەقەللایەک بوو لەلایەن ئێمەوە وەک دەزگای میدیای دەنگی کرێکار کە بتوانین پشتیوانی و دیفاعی بێ سنوری خەڵکی کوردستانی بۆ بهێنینە پشتیەوە بۆ ئەو بەشە لەمەحرومترین چینی کرێکاری کوردستان لەپێناوی باشترکردنی وەزعی ژیان و گوزەرانی ئەوان …
دەنگی کرێکار: ئەو کارانەی کەکردوتانە لەم کەمپینەدا چیەو بەکوێ گەیشتوە؟
شاباز مەحمود: دیارە ئێمە وەک ستافی دەنگی کرێکار هەرلە سەرەتای ئاگاداربونمان لەدەرکردنی نزیک بە ٢٠٠ کرێکار لەسەر کارەکانیان و نان بڕاوکردنیان، هەوڵی تێگەشتن لەکێشەکەمان داو وەک تاکە بڵاوکراوەی کرێکاران چوینە سۆراخی کێشەکەو کرێکارانمان بینی و کۆبونەوەمان لەگەڵ کردن و پێکەوە مشاوەرەی ئەوەمان کرد چیمان پێدەکرێ وەک دەنگی کرێکار. ئەوە بوو لە ناوەڕاستی مانگی پێنج دا ئەم کەمپینەی پشتوانیەمان ڕاگەیاند بۆ کرێکارانی ژینگەپارێز. لە سەرەتادا نەخشەیەکی تۆکمەمان دانا چۆن دەست بکەین بە کەمپینەکە یەکەم هەنگاو بانگەوا و ڕاگەیاندنێکمان بڵاوکردەوە پاشان هەڵمەتی واژۆی ئەلکترۆنیمان ڕاگەیاندو هەرلەسەرەتای هەڵمەتەکەشەوە پشتوانیەکی زۆر کرا، لەلایەن خەڵکانی جیاجیاوە لەوانە، مامۆستای زانکۆ و پەڕلەمانتار ونوسەر و کەسایەتی سیاسی و پارێزەران و چالاکانی مەدەنی و دەیان کەسایەتی تر واژۆی پشتوانی خۆیان بەخشیە کەمپینەکە.
قۆناغی دواتر هەڵمەتی مەیدانیمان دەست پێکرد لەچەند شارێک و مەیدانی دەست کرا بەوەرگرتنی واژۆی خەڵک لە شارەکانی سلێمانی و ڕانیەو حاجیاوا و چەمچەماڵ و سەیدسادق و کارگەکانی سنوری بازیان و دەیان شوێنی تر پشتوانیەکی بێشومار کرا. هەڵمەتەکە درێژەی کێشاو نزیکەی ١٥٠٠ واژۆ کۆکرایەوە هەروەها بۆ بەدەمەوە چونی کارەکانی و بەدواداچونی کەیسی کرێکاران کۆبونەوەی گشتی کرێکاران کراو نوێنەرانێک لە خودی کرێکاران هەڵبژێدران بە هاوکاری تیمی دەنگی کرێکار لێژنەیەکی حەوت کەسیمان دروست کرد و کەوتینە ناو دانوستان و بەدواداچونی کێشەی کرێکاران بۆ ئەم مەبەستەش دیداری وەزیری کار لەشاری هەولێر کرا لەلایەن لیژنەکەمانەوە، تاکو ئیستاش کەمپینە کە بەردەوامە و وەزارەتی کاریش لەسەر داوای ئێمە لیژنەیەک دوست دەکات بۆ بەدواداچونی کێشەکەو گەڕاندنەوەی کرێکاران بۆ سەرکار
وەک لە ڕاگەیاندنی کەمپینەکەدا هاتووە، نوێنەرانی کرێکارانی ژینگە پارێز بەهاوبەشی لەگەڵ گروپێکی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار لەگەڵ وەزیری کار کۆبوونەتەوە، مەبەست لەم هەنگاوە چییە و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بەکوێ گەیشتووەو وەزیری کار چ بەڵێنێکی بەوان داوە ؟!
مەحمودی حەلاق:ئەم کۆبوونەوەیە کە نوێنەرانی کرێکارانی ژینگە پارێزو گروپێک لەڕۆژنامەی دەنگی کرێکار تێیدا بەشداربوون ، ئامانجەکەی تەنها ئەوە بوو کە وەزیری کار لێپرسراو بکەن کە مەرجەعێکە تایبەت بە کارو کرێکار وبیهێننە پای ئەوەی کە چۆن ئەتوانێت وەک وەزیری کار بێتە سەرخەت و بەهانای گێڕاندنەوەی ئەوانەوە بێت بۆسەر کارەکانیان .. بەڵام لەماوەی نزیک بە کاژێرێک گفتوو گۆ، وەزیری کار هیچ بەڵێنێکی نەدا ، بە دەلیلی ئەوەی کە ناتوانێت هەروا بەپەلە بڕیارێک دەربکات بۆگێڕاندنەوەی ئەوان .. بەڵام بەڵێنی ئەوەی دا کە لەماوەی یەک هەفتەدا، نوسراوی تایبەت بکات بۆ ئەنجومەنی کارگێڕی تایبەت بەو مەسەلەیە .. هەروەها بەڕێوەبەری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەسلێمانی ئیلزام دەکات و ڕادەسپێرێت کەدەبێت لەماوەی ئەو هەفتەیەدا لیژنەیەکی تایبەت بەو مەسەلەیە پێک بهێنێت و ڕاستەوخۆ خۆی بەدواداچوون بکات و ئەوە ڕۆشن بکاتەوە ، هاوکات داوای لەگروپی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار کرد کە ئەوانیش بەشدار بن و ناوو ناونیشانی کرێکارە دەرکراوەکان بدەن بە بەڕێوەبەری ناوبراو بۆئەوەی وەزیری کار ڕێگایەکی بۆ ئاوەڵا ببێتەوە کەبتوانێت چۆن ئیجرائات بکات …
لەکۆتاییدا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە : کۆمپانیای کارگێس فێڵ و زیکزاک و حیللەی ڕێوی ئاسای هەیە بۆ خۆ دەربازکردن بەحەقی ئینسانی کرێکارانی لەسەر کار دەرکراو، ئەویش ئەوەیە کە ئەو کرێکارانەی دەرکراوون، عەقدیان بۆ تازە نەکراوەتەوە ، چونکە ئەوانە ئەو کرێکارانەن کە ئاودێری دەکەن، یەعنی ئەو کرێکارانەی کە ئاوی باخچەکان و دارو درەخت ئەدەن! ئاودانی باخچەو دارودرەخت لەقاموسی چاوچنۆکی و دژی کرێکاری ئەواندا ، ناچێتە خانەی ژینگەو ژینگەپارێزییەوە ، بەم هۆیەوە هەروا ئاسان کرێکاران ئەنێرێنەوە بۆماڵەوە ..
دەنگی کرێکار: کاری دواترتان لەبردنەپێشەوەی ئەم کەمپینەدا چیەو چیدەکەن بۆ کرێکاران؟
شاباز مەحمود: دیارە کەمپینەکەمان لەپێناوی گێڕانەوەی نانی سفرەی خاڵی کرێکاران ڕاگەیاندووە لەو پێناوەشدا چی لەتوانماندابێ دەیکەین بۆ خزمەتی کرێکارانی ژینگە پارێز وخۆمان بەبەشێک لەکێشەکانیان دەزانین ئەوەش بڵێم کەخۆشبەختانە لەدرێژی هدوڵەکانماندا بۆ هێنانی پشتوانی بۆ ژینگەپارێزان توانیمان لەڕێگای تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیەوە سەبەتەی خۆراکی بگەیەنینە نزیک بە ٧٠ خانەوادەی کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو کەجێگای سوپاسو ستایشە بۆ تۆڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی. دیارە ئەم هەنگاوە سەرەتای کارەکانمانە بەڵام کاری تری بەدواوە دەبێت و ئەگەر پێویست کات دەچینە دادگای کار و هەوڵدەدەین پارێزەی خۆبەخش بۆ ئەم کەیسە دەستەبەر بکەین هەتا وەرگرتنی هەقوو مافی کرێکارانی وەردەگرین.
دیارە دەبێت کرێکاران خۆشیان لەسەر مافەکانی خۆیان راوەستاو ویەکگرتوبن وهەڵی خۆڕێکخراوکردنی خۆیان بدەن و ئیعتماد بە نوێنەرەکانیان بکەن وپشتیان بەرنەدەن.
دووباتی دەکەمەوە.. هەرکارێک بە ئێمە بکرێ درێغی ناکەین. چونکە ئەم کەمپینەی ئێمە بەشێکە لەشەڕی چینایەتی مان لە پێناو زیندومانوە و گێڕانەوەی هەق بۆ کرێکاران، بەدڵنیایەوە کەیسی ئەم ٢٠٠ کرێکارە کۆتای نایەت وسەرەنجام دەبێ دەستی کۆمپانیاکان بۆ دەرکردن ونانبڕاوکردنی کرێکاران ببەسترێت..

Related posts

“ لەسەعات حەوتی بەیانییەوە بۆ حەوتی ئێوارە کاردەکەین و موچەکانمان هەرگیز لەپای ئەو کارەدا نیە کە دەیکەین”

Dangi Krekar

کاری کرێکارانی کارگەی ئاسن، یەکجار سەخت وتاقت پڕوکێنە.

Dangi Krekar

گفتوگۆی بڵاوکاروەی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی هەڵسوراوی کارخانەی گرین عیراق، سەبارەت بەمانگرتنەکەیان

admin

Leave a Comment