Dangikrekar.com
گفتوگۆ

کرێکاران سکاڵاکانیان دەبەنە بەردەم دادگای کار

کرێکاران سکاڵاکانیان دەبەنە بەردەم دادگای کار

دیمانەی دەنگی کرێکار لەگەڵ ڕابەر ڕەفعەت و دانا ڕەجەب لەسەر کەیسی شکاتەکەیان لەدادگای کاری سلێمانی

    سازدانی،شاباز مەحمود :

بەمەبەستی ئاگادار بونەوە لە سکاڵای دوو کرێکار بەناوەکانی ڕابەر ڕەفعەت و دانا ڕەجەب، شاباز محمود پەیامنێری دەنگی کرێکار، ڕۆژی ٥/٧/٢٠٢٣، لەدادگای کاری سلێمانی ئامادەبوو، تا لەنزیکەوە زانیاری لەسەر کێشە وسکاڵای ئەم دوو کرێکارە بەدەست بهێنی وکرێکارانی لێ ئاگاداربکاتەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دیمانەیەکە لەگەڵ هەردوو کرێکاری ناوبراودا. جێگای ئاماژەیە، ڕابەر ڕەفعەت ودانا ڕەجەب، ماوەی ساڵێک و شەش مانگە سکاڵایان لەسەر بەڕێوەبەری کارخانەی گرین عێراق تۆمار کردوە.  

دەنگی کرێکار : ئەم کاتەت باش، ناوی بەڕێزتان.

ئەم کاتەی ئێوەش باش، ناووم دانا ڕەجەبە.

دەنگی کرێکار: کاک دانا ئەمڕۆ لەدادگای کاری سلێمانی داوای یاساییت هەبوو لەسەر کارگەی گرین عێراق، داواکەت لەسەر چیە؟

دانا ڕەجەب: پێشەکی بەخێربێن، سکاڵاکەی ئێمە لەکارگەی گرین عێراق، لەسەر ئەنجامدانی کارێک کە کەئێمە ئەنجاممان نەداوەو نەمانکردووە، کەچی ئەوان بەبێ ئەوەی تۆمەتەکەیان بسەلمێنن ئێمەیان لەکار دوور خستۆتەوە، هەربۆیە سکاڵامان لەسەر کارگەکە تۆمارکردووە کەوا ماوەی ساڵێک و شەش مانگە، وە ئەمڕۆ ٥/٧/٢٠٢٣ یەکێکی تر بوو لەدانیشتنەکانمان لەگەڵ دادوەری دادگای کاردا. ئێمە وەکو لایەنی داواکار قسەی خۆمان بەرزکردۆتەوە بۆلایەنی پەیوەندیدار، ئەوانیش داوای مۆڵەتیان کردووە بۆئەوەی بتوانن وەڵاممان بدەنەوە. ئەوان بەبێ ئەنجامدانی لیژنەو بەبێ بوونی نوێنەری سەندیکای کرێکاران منیان دوور خستۆتەوە لەکار، ئەمەش بۆخۆی نایاساییە، هەربۆیە دادگا داوای وەڵامی لەکارگە کردووەو ئەوانیش داوای مۆڵەتیان کردووە هەتا وەڵام بەدادگا بدەنەوە.

دەنگی کرێکار: ماوەی چەندە کارت لەو کارگەیەدا کردوە؟

دانا ڕەجەب: ساڵێک و چوار مانگ.

دەنگی کرێکار: ئەم دۆسیەی بەڕێزتان ماوەی چەندە لەدادگادا ماوەتەوە؟

دانا ڕەجەب: ساڵێک و شەش مانگە لەدادگایە. یەکێکی تر لە شکاتەکانیشمان مەسەلەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیە کەبەنیوەی موچەکانمان بۆمانکراوە کەئەمەش نایاساییە .

دەنگی کرێکار: مەبەستت ئەوەیە کەجۆرێک لەفێڵکردن هەبووە لەدەستەبەرەکەتاندا ؟

دانا ڕەجەب: بەڵێ فێلمان لیکراوە.. ئێمە موچەکەمان ٧٢٥ هەزار دینارەو کارگەش بە ٤٠٠ هەزار دیارییان دەستەبەری کۆمەڵایەتیان بۆکردوین.. یەعنی بەنیوەی موچەکە یەک تۆز زیاتر. ئەمەش بۆخۆی دزییەکی ئاشکراو نایاساییە، بۆیە دادگا داوای وەڵامدانەوەی کردووە لەدەستەبەری کۆمەڵایەتی هەتا بزانێت نرخی دۆلار چەند بووە لەسەرەتای کارمان و ئێستاش بەچەند دەشکێنرێتەوە، بۆئەوەی دادگا بتوانێت حساباتی خۆی یەکلایی بکاتەوە. ئەمڕۆش دادگای کار بڕیاری دا دانیشتێکی تر بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکەمان هەڵگرێ بۆ ڕۆژی ١٤/٨/٢٠٢٣.

دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش کاک ڕابەر، ئەمڕۆ لەدادگای کاری سلێمانی بوون بۆ ئەو داوا یاساییەی کەهەتان بوو لەسەر کارگەی گرین عێراق، دادگاییەکەتان بەکوێ گەیشت؟

ڕابەر ڕەفعەت: سوپاس بۆ ئێوەش.. ئەمڕۆ بەرواری ٥/٧/٢٠٢٣ لەدادگای کار دانیشتنێکی ترمان هەبوو. هەروەکو جارانی تر لەماوەی نزیکەی ساڵێک و وا بۆ شەش مانگ دەچێت بەبەردەوامی ماوینەتەوە لەسەر کەیسەکەمان. ئەمڕۆ من وەکو خۆم دوو کەیسم لەدادگا هەبوو، یەکێکیان تایبەتە بەدەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەوی تریشیان دوو بەشی لێ ئەبێتەوە: یەکەمیان وەرگرتنەوە یان گەڕاندنەوەمە بۆ کارگە، دووەمیشیان بابەتی تەزویرەکەیە کە تەزویرێکیان کردووە لەیەکێک لەبەڵگەنامەکانمدا، هەربۆیە من سکاڵام لەسەر هەردوو بابەتەکە تۆمار کردووەو داوای گەڕاندنەوە ئەکەم وەداواش ئەکەم سزا بدرێن لەسەر ئەو تەزویرەی کەکردوویانە.

دەنگی کرێکار: ئەو تەزویرەی کە دەڵێیت لەبەڵگەنامەکاندا کراوە چیە؟

ڕابەر ڕەفعەت: بەدیاریکراوی ئەو تەزویرەی کەکراوە گۆڕینی بەروارە، یەعنی بەرواریان گۆڕیوە. بۆنموونە من لە ٢٥/١/٢٠٢٢ وازم هێناوە، ئەوان کردوویانە بە ٢٠٢٣/٢/٢٥ . هۆکاری ئەم گۆڕینەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان یاسایەکیان هەیە کەدەڵێت: هەر کرێکارێک کە وازی لەئیش هێنا، مانگێک دەرفەتی ئەدرێتێ هەتا بیربکاتەوەو دوای ئەوە موافەقەت لەسەر دەرکردن یان ئیستقالەکەی ئەکرێت، بەڵام ئەوان چاوەڕێی ئەوەیان نەکرد تەنها لەبەر ئەوەی من کێشەیەکم هەبوو لەگەڵ یەکێک لەسەرپەرشتیارەکاندا، هەربۆیە هەستان بەم کارە قێزەوونە کەئەمە بەڕاستی تەزویرەو بەپێی هەموو عورف و یاساو عادەت و تەقالیدو دینێک، ئەمە تەزویرەو ئەچێتە بابی ساختەچێتی و هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێت .

دەنگی کرێکار : تەزویرەکە لەچ دادگایەکە، جگە لەدادگای کار؟

ڕابەر ڕەفعەت: تەزویرەکە لەدادگای چواری لێکۆڵینەوەیە لەلای حاکم دانا، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوەو ئیفادەش لەشاهێدەکان وەرگیراوەو هەروەها لەو کەسانەش کەئاگاداری ئەم کەیسە بوون .. ئیفادەش لەخۆم وەرگیراوە. هەموو ئیفادەکانیش کۆکراونەتەوەو نێردراوە بۆ دادگای کار بۆئەوەی ووردبینی تێدا بکرێت.

دەنگی کرێکار: ئەمڕۆ هۆکاری دواکەووتنەکەی چی بوو؟!

ڕابەڕ ڕەفعەت: هۆکاری دواخستنی دادگایەکە، یەکەم: کەیسی دەستەبەرەکە (ضمان)یە، هۆکاری دواکەووتنەکەی کەلایەنی بەرامبەر کۆمپانیایە داوای کرد کەمۆڵەتی بدرێتێ هەتا کیتابێکی فەرمی بهێنێت، چونکە پارێزەرەکەیان لەڕاستیدا صەلاحیەتی ئەوەی نەبوو لەهەندێک ڕووەوە قسەبکات، هەربۆیە داوای کرد کەمۆڵەتی پێ بدرێت هەتا نوسراوێکی فەرمی بهێنێت لەلایەن کۆمپانیاوە، وەدووهەم :کەیسی گەڕاندنەوەکەشم، دادوەر دوای خست بەخاتری ئەوەی کەلێکۆڵینەوە بکات لەو ئیفادانەی کەوەرگیراوون لەکەیسەکەدا. خۆ ئەگەر هاتوو ئیفادەکان شایانی ئەوە بوون کەکاریگەری هەبێت لەسەر دەعوای گەڕاندنەوەکەم و ئەو دەعوایەی ئیستیقالەکەم، ئەوکاتەش دادوەر بڕیار ئەدات کە ئەم کەیسەی من دائەخرێت هەتا ئەو کاتەی دادگای لێکۆڵینەوە بڕیار ئەدات لەسەر ئەوەی کەئایا ئەم کەیسە دەستکاری کردنە یان تەزویرە .

Related posts

 کرێکارانی ژینگەپارێز خۆیان ئەدوێن! ڕاپۆرت

Dangi Krekar

ڕێژەی هێزی کار لە عێراق!!

Dangi Krekar

گیان لەدەستدانی کرێکاران لە هەولێر و گەرمیان

Dangi Krekar

Leave a Comment