خەڵک بەتەواوەتی وەڕس بووە لەم دەورو دوکانەی دەسەڵاتداران”
دیمانەی دەنگی کرێکار لەگەڵ یەکێک لەشۆفێرەکانی خەتی کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەدا
دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش بەڕێز گیان
هەموو کاتێکت باش..
دەنگی کرێکار: ناوی بەڕێزتان ؟
کامەران ئیبراهیم ڕەشید، شۆفێری سایلۆی خەتی تاسڵوجەم.
دەنگی کرێکار: ئەکرێ کەمێک باسی کێشەکانتان بکەن، واتە کێشەی شۆفێرانی سایلۆکان، ئەوانەی کەچیمەنتۆ ئەگوێزنەوە لەئێستادا چیە؟!
کامەران ئیبراهیم: ئێمە کێشەمان زۆرە لەوانە ئێمە بەشی سووتەمەنیمان نیە، ئێستا لەباشوری عێراق هەیە، ئێمە ئەچینە بەنزینخانەکانی باشور بەتایبەتی کەرکوک و موصڵ ناماندەنێ، لەبەغدادیش ئەبێت شەوو ڕۆژێک بوەستین هەتا ٢٥٠ لیترمان ئەداتێ . ئەوەش بۆ ئێمە زۆر ناڕەحەتەو ناڕەحەتیشمان دەکەن لەوێ. داوا لەحکومەت دەکەین هەروەکو جاران یان وەکو بەغداد بەشە گازمان بدەنێ، ئەمە گرفت وکێشەی یەکەممانە. کێشەی دووەممان ئەوەیە کەئێمە ئەچین بەرەو هەولێر، هیچ مانای نیە کە بازگەی ئەوێ لەکاژێر ١٢ شەوەوە دادەخرێت بەڕووماندا، خۆ ئەمە سنوری دوو دەوڵەت نیە، بۆچی ١٢ ی شەو بازگە دائەخرێت، با بکرێتەوەو ئیش وکاری خۆی بکات. سۆنەرێکیان داناوە ٢٥هەزار دینارمان لێ ئەسێنن، ئەوەش مەعنای نیە .
دەنگی کرێکار : مەبەستت ئەوەیە کەلەنێوان سنوری یەکێتی و پارتیدا ئەم سۆنەرە هەیە؟
کامەران ئیبراهیم: ئەرێ وەڵا بوونی هەیە، لەدێگەڵەو پردێ و لەسماقووڵیش هەیە .
دەنگی کرێکار : یەعنی هەر لەگەڵ داخڵ بوونت بە هەولێر ئەم ٢٥ هەزارە وەردەگیرێت؟
کامەران ئیبراهیم: بەڵێ، ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن تەنها لەسنوری پارتیدا، یەکێتی وەریناگرێت.
دەنگی کرێکار : ئەی یەعنی ئێستا کێشەی قەپانەکان گرفتی بۆ درووست کردوون؟
کامەران ئیبراهیم: لەڕاستیدا قەپانەکان تۆزێک باشن، تۆزەکە چیە، کەلێرە پارەکە ئەدەیت ئیتر هەتا سەعات ١٢ شەو قەپانەکە ئەخوات لەسنوری زوونی پارتیدا، بەڵام دوای ١٢ شەو ئەوان پێت ئەڵێن ئەبێت بچیت قەپانی بکەیتەوە، چونکە لەدوای سەعات ١٢ شەوەوە بەڕۆژێکی تازە حساب دەکرێتەوە.
دەنگی کرێکار: یەعنی جارێکی تر دەبێت دیسانەوە قەپانی بکەنەوە !؟
کامەران ئیبراهیم: بەڵێ، ئەبێ جارێکی تر قەپانی بکەینەوە، ئیتر ئەوە ناخوات تۆ بڵێیت قەپانم کردووە لەسلێمانی، ئەمڕۆ سەعات ٨ قەپان دەکەیت، هەتا سەعات ١٢ شەو ئەخوات، لە ١٢ شەوەوە گەیشتیتە هەولێر خێر عەلا خێرو لەقەپانەکە کێشەت نیەو دەڵێن بڕۆ .. ئەمەوێت خاڵێکی تر بڵێم، ئەویش ئەوەیە کەدەتوانرێت هەلی کارێکی زۆر بڕەخسێنن ..ئەتوانرێت زیاتر لە ٢٠ هەزار هەلی کار بڕەخسێنن، ئەم قسەیەش بەخوێنی خۆم گرەوی لەسەر ئەکەم. حکومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆو دارایی بڕیارێک دەربکەن نەیەڵن تڕێلەی ئێرانی و تورکی بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، سوێند ئەخۆم ١٠ هەزار گەنج لەباشماخ و لەپێنجوێن هەلی کاری بۆ ئەڕەخسێت و لەوە ئەچێت ١٥ هەزار کەسیش لەئیبراهیم خلیل هەلی کاری بۆ بڕەخسێت، تڕێلەیەک وای لێدێت کە بە ٣ شۆفێر بڕوات بەڕێوە .
دەنگی کرێکار : یەعنی تۆ پێت وایە کاریگەرری لەسەر ئیشی ئێوە وەک شۆفێرو خاوەن تڕێلەکان داناوە؟
کامەران ئیبراهیم: بەڵێ، کاتێک تڕێلەیەک بارێک لەتورکیاوە ئەهێنێت بۆ ئێرە بە ٣٠ گەڵا ، دەکرێت کابرا بارەکەی دابگرێت لەزاخۆ و شۆفێرێکی زاخۆیی باری بکات بەرەو شارەکان، ئەوەی پێنجوێنیش هەر بەو شێوەیە، ئەرێ بۆچی ئەمە لەسەردەمی کۆرۆناکەدا دەکرا بەڵام ئێستا ناکرێت! هەم شۆفێری ناوخۆ سوودمەند دەبێت، هەم هەلی کاری زۆر دەڕەخسێت ..
دەنگی کرێکار : ئێستا لەم کاتەدا وەزعی شۆفێران، خاوەنی ئەم بارگەڵگرانە لەڕووی ماددیەوە هەست ئەکەیت کەداهاتیان کەمی کردبێت؟
کامەران ئیبراهیم: بەڵێ، زۆر زۆریش کەمی کردووە، پێوەی دیارە، نەبێتە بابی ڕەزیلی و کڕوزانەوە، جاری وا هەیە سێ ژەمەکەی ئەکات بەدوو ژەم و ئەڵێت کاکە بەخوا دەری ناهێنێت .. تورکەکان و ئێرانیەکانیش وەکو بارەکەش ئەهێنن بۆناوخۆی کوردستان، دیسانەوە باری تریش بارئەکەنەوە بۆ ووڵاتەکانی خۆیان ، جۆرەها شت لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە .
دەنگی کرێکار: ژمارەی بارهەڵگرو فلاتەکانی ئەم خەتە چەند ئەبن ؟!
کامەران ئیبراهیم: ٥٠٠ سەیارەیە .. ئێمە ١٤٠ هەتا ١٥٠ سەیارەین، ئەوانیش بەنزیکەیی ٣٥٠ سەیارە ئەبن کەهەر هەمومان کارو کەسابەت ئەکەین، من بەڕاشکاوییەوە ئەڵێم خەڵک بەتەواوەتی وەڕس بووە لەم دەورو دوکانەی ئەمان