Dangikrekar.com
گفتوگۆ

دژ بە حکومەتی ڕاستڕەوی فنلەند ١٠٠ هەزار کرێکار مانیان گرت!

دژ بە حکومەتی ڕاستڕەوی فنلەند ١٠٠ هەزار کرێکار مانیان گرت!

گفتوگۆ لەگەڵ تاهیر عیسا، سەبارە بەمانگرتنی کرێکارانی هاتوچۆ لەفینلاندا.

لە رۆژی ٢/٤/٢٠٢٣ لە وڵاتی فنلەند هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی فنلەند ئەنجام درا.  حزبی کۆکۆموس ( kokoomus) توانی ٤٨ کورسی بەدەست بێنیت و  بوو بە براوەی یەکەم، حزبی  فنلەندیە ڕەسەنەکان (Perussuomalainen) ٤٦ کورسیان بەدەست هێنا، بون بە بەراوەی دووەم ، حزبی سۆسیال دیموکرات ( S.D.P)کە پێشتر دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو، تەنها  ٤٣ کورسیان بەدستهێنا و بون بە براوەی سێهەم .

لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا حزبی کۆکۆموس و فنلەندیە ڕەسەنەکان، لەگەڵ چەند حزبی راسترەوی تر توانیان  حکومەت پێک بهێنن. ئەم حکومەتە ڕاستڕەوە  یەکەمین کارێک کەدەستیان  بۆ برد،  هێرشکردن بوو بۆ سەر ئەوە دەسکەوتانەی کەچینی کرێکاری ئەوە وڵاتە چەندین ساڵە بەدەستیان  هێناوە. بۆ وەستانەوە دژبەم هێڕشەی حکومەت، سەندیکا کرێکاریەکان بڕیاریاندا کە  رۆژی ١٤/١٢/٢٠٢٣  بکەن بە مانگرتنی سەرتاسەری، و وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەو حکومەتە ڕاستڕەوە کە دەست نەبات بۆئەو دەسکەوتانەی  کە چینی کرێکار بەدەستیان هیناوە.  بۆ زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە نوێنەری دەنگی کرێکار لە هێڵسنکی ئەم چاوپیکەوتنەی لە گەڵ زۆر بەڕێز” تاهیر عیسا” ئەنجام دا.

دەنگی کرێکار: سەرەتا دەتوانیت خۆت بناسێنیت و باسێکی کورتی کارەکەت بکەیت؟ سەر بە کام سەندیکای کرێکارییت؟ کەی دەستان بە مانگرتن کرد؟

تاهیر عیسا: من شوفێری پاسم لە هێڵەکانی گواستنەوە لەناو شاری هێلسینکی لە ساڵی ٢٠٠٩، وە دوای تەواوکردنی خولی فێرکاری و ڕاهێنانی نزیکەی ساڵێک لە لۆری و پاس، بەیەکێ لەکۆمپانیاکانی هێڵی پاسی ناو شار پەیوەست بووم، دوای شەش مانگ لە گرێبەستێکی کاتی وەک دەورانی تاقیکاری و سەرکەوتنم لەکارەکەدا، گرێبەستێکی هەمیشەییم لەگەڵیاندا ئیمزاکرد کە تائێستاش لەهەمان کۆمپانیادا کاردەکەم.

شوفێرانی کۆمپانیاکانی پاس سەرجەمیان سەر بە سەندیکای (ئاتێکۆ)ن ، واتە کرێکارانی ئۆتۆمبیل و بواری گواستنەوە لە تەواوی فینلەندا، وەهەروەها ئەمانیش ئەندامن لە کۆمەڵەی (ساک) دا، واتە کۆمەڵەی ناوەندی سەندیکاکانی فینلەندا .

ئێمە لە ڕۆژی پێنج شەممە بەرواری ٢٠٢٣/١٢/١٤ پەیوەست بوین بەمانگرتنی بەرفراوانی چینی کرێکار لەبەشە جوراوجۆرەکانی دیکەی کاردا، کە ئەو ڕۆژە زیاتر لە ١٠٠ سەد هەزار کرێکار مانیگرت لەکارکرن، مانگرتنی بەرفراوان لە لایەن (ساک)، وە ڕێکخرابوو کە دوانزە سەندیکای ئەندام لە کۆمەڵەی سەندیکاکانی (ساک)دا لەسەر مانگرتنی ئەوڕۆژە ڕێککەوتبوون، کرێکاران لە هێڵەکانی پاس و مێتڕۆو ڕاتیکا و سەرجەم هێڵەکانی شەمەندەفەری ناو شارو نێوان شارەکان ئەو ڕۆژە نەچون بۆ سەرکارو، هێزی عەزیمی چینی کرێکار ئەو ڕۆژە پەیامی خۆی بە حکومەتە ڕاستەکەی پێتێری ئۆڕپۆ و ڕیککا پوڕرا دا.

وە دەورو نەقشی عەزیمی ئەو چینە ئەو ڕۆژە تەنیا لە ڕێگای نیشاندانی بەشێکی کەم لە هێزو ئیرادەی خۆی، ئەو ڕاستیەی دوپاتکردەوە کە کاریگەری ئەم چینە بۆ ئاڵ و گۆڕ و شۆڕش لە کۆمەڵگادا چەندە گرنگ و چارەنوسسازە.

ڕۆژێک لەمانگرتن، کۆمەڵگای فینلەندی هەژاند، هاتو چۆی ناو شارو نێوان شارەکانی فەلەج کرد. مانگرتنەکە بەمانگرتنی سیاسی چینی کرێکار لە بەرامبەر حکومەت و پەڕلەمانی ڕاستی بۆرژوازیدا پێناسەدەکرا.

دەنگی کرێکار: هۆکار و خواست و داوای کرێکاران لەم مانگرتنەدا چی بوو؟

تاهیر عیسا: حکومەتی ڕاستڕەوی ئەمڕۆی ئۆرپۆ- پوڕرا، بەرهەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی بەهاری ڕابردوو بوو کە لەمانگی چواردا کرا، هەر یەکە لە حیزبی «کۆکۆموس »واتە حیزبی ناوەندی ڕاستی فینلەند بە ٤٨ نوێنەر و حیز بی فینلەندیە ڕەسەنەکان ( بنەڕەتیەکان) بە 46 نوێنەرلەهەڵبژاردنەکاندا زۆرترین دەنگیان هێنا ، دواتریش لە٢٠ی .مانگی شەشی هاوينی ڕابردوودا، لە گەڵ دوو حیزبی ڕاست و کۆنسەرڤاتیڤی تردا، کە هەریەکە لە حیزبی سویدیەکان و کریستیانە دیموکڕاتەکان، حکومەتێکی ڕاستی بۆرژوازییان پێکهێنا، کە سەرۆک وەزیرانەکەی لە «پێتێری ئۆڕپۆ»، لە حیزبی ناوەندو جێگرەکەی ژنێکە بەناوی «ڕیککا پوڕرا »لە فینلەندیە ڕەسەنە کانە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا، حکومەتی ئۆرپۆن-پورا، لەژێرناوی چاکسازیی و دانەوەی بەشێک لەو قەرزە زۆرەی بانقی نێو دەوڵەتی کە بڕەکەی تا ئێستا ١٥٣ ملیار ئێورۆیەو هەرلە زیادبوونی بەردەوامدایەو دەیانەوێت باری قورسی دانەوەی ئەم قەرزانە بخەنە سەرشانی کرێکاران، چەندین لێبڕینی بەرچاو لە بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتیدا دەکات. بەشێک لە لێبڕینەکان لە سەرەتای ساڵەوە کاری پێدەکرێت. جگە لەوەش حکومەت لە نێوان شتەکانی تردا ئەگەر بۆیان بچێتە سەر مافی مانگرتنی کرێکاران وفەرمانبەران سنووردار دەکات.

ئەوان دەیانەوێت هەنگاوی ڕاستی زۆر مەترسیدار لەدژی کرێکاران بنێن، کە لە خەبات و تێکۆشانی دەیان ساڵەی ڕابردوودا بەدەست هاتوون، کە بەڕاشکاوی بەقازانجی خاوەن کارو سەرمایەدارانە، دەیانەوێت ئەو نوێنەرایەتیانەی کرێکاران کە لەشوێنی کاردا نوسینگەیان هەیەو چاودێرن بەسەر خاوەنکاردا هەڵوەشێننەوە، دەست بۆ مۆڵەتی نەخۆشی بێ مووچە دەبەن و دەیانەوێت ڕۆژانی سوری یەکشەممە لەناو تەقویمی کاری کرێکاراندا نەهێڵن و بیکەن بە ڕۆژێکی ئاسایی، کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری، ئاسانکردنی دەرکردنی کرێکاران، خێراکردنی دەرکردن، کەمکردنەوەی مافی مانگرتن و کەمکردنەوەی بەرفراوانی بیمە کۆمەڵایەتیەکان و ئیمتیازاتەکان.

بەرنامەی حکومەت بە تەواوی لایەنگری خاوەنکار و دژە فەرمانبەرە، ئەوان هەتا ئێستا بەڕاشکاوی لایەنگری پەیگیریان لەسەرمایەو سەرمایەداران نیشان داوە، باجی سەر سەرمایەداران کەمدەکرێتەوەو ئەوەی هەتا ئێستاش بە عەمەلی دەستی بۆ براوە لابردنی باجی سەر سەرمایەی میراتی سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکانە بۆ نەوەکانیان، لەبەرامبەریشدا باجی سەر کرێکاران زیاتر دەکرێت،

مانگرتنی بەرفراوانی کرێکاران پەیامێک بوو بۆ حکومەتەکەی ئۆڕپۆ- پوڕرا، بۆ ئەوەی نەتوانن زاتی ئەوە بکەن دەست بۆ ئەو دەستکەوتە کەڵەکەبوانەی خەباتی ڕابردووی کرێکاران بەرن و ئەگەریش نەیەنە پای ویستی سەندیکا کرێکاریەکان ئەوا مانگرتنەکان و خەباتی دەورەی داهاتوو دەچێتە قۆناغێکی ترەوە.

دەنگی کرێکار:  خۆتان دەزانن  کە بەشی هاتوچۆ لە چەند  ڕشتەی جیاواز پێک هاتوە  وەک ” میترۆ، شەمەندەفەر، پاس، ڕاتیکا، “  ئایا ئەمانە هەمویان سەر بە  یەک سەندیکان، یان سەربەسەندیکای جیاوازن ؟ ئایا هەمویان مانیان گرت؟ئایا  هێلی فرۆکەوانی بەشداریان کرد لە مانگرتنەکەدا؟

تاهیر عیسا: کرێکارانی هێڵەکانی مێتڕۆ و ڕاتیکاو شەمەندەفەر ، سەر بەسەندیکای (یهۆئێڵ)،ن واتە سەندیکای گشتی و خۆشگوزەرانی، کەمانگرتن تەواوی کرێکارانی ئەم بەشانەی لەتەواوی فینلەندا گرتەوە، بەڵام هێڵەکانی فڕۆکەوانی مانگرتنی نەگرتەوە، چاوەڕوان دەکرێت وەک خۆم کە پرسیارم لە نەقابەی (ئاکۆتێ) کرد، ئەوان وتیان ئەگەر حکومەت پاشەکشە لەسیاسەتە دژەکرێکاریەکان نەکات، هەنگاوی داهاتوو مانگرتنەکان و هاوپشتیەکان دەچنەدۆخێکی بەرفراوانترەوە.

دەنگی کرێکار: بێجگە  لە کرێکارانی بەشی هاتوچۆ ئایا کرێکارانی  هیچ بەشێکی تر  پەیوەست بوون بەم مانگرتنەوە؟

بەڵێ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکار لە چواردەی مانگەوە بە ماگرتنەکانەوە پەیوەست بوون، کە جگە لە کرێکارانی هێڵەکانی پاس و شەمەندەفەرو تڕام ومێتڕۆ, کرێکارانی کارو باری لۆجستی وەک پۆست و گەیاندنن ، بەشێک لەکرێکارانی کارەبای هێلسنکی وڤانتا ، کرێکارانی لۆجستی خواردەمەنی و شیرو شلەمەنیەکان بۆ فرۆشگاکان، کرێکارانی شارەوانی زبڵ و خۆڵ وخاشاک، کرێکارانی پاککردنەوەی شەقامەکان لەبەفرو،کرێکارانی پاککردنەوەی شوێنە گشتی و تایبەتیەکان، وەهەروەها کرێکارانی چێشتخانەی قوتابخانەو باخچەی ساواکان ،کە لەو ڕۆژەدا ناچار بوون بە شێوەی ژەمەخواردنی خێرا بە سەر قوتابیەکاندا دابەش بکەن. هەروەها کرێکارانی بەشی دروستکردنی کەشتیەکان بەشداربوون لەم مانگرتنەدا.

دەنگی کرێکار: ئایا سەندیکا کرێکاریەکان هیچ بڕێارێکیان داوە ، ئەگەرحکومەت  جوابی داخوازیەکانیان نەداتەوە ؟ 

تاهیر عیسا: سەندیکاکان سورن لەسەر ئەوەی ئەگەر دەوڵەت دەست بۆ هەرئاڵ و گۆڕێک لەو مافە یاساییانەی کە هەتا ئێستا لەناو یاساکانی کاردا جێگیرکراون بەرێت، مانگرتنەکان دەچنە دۆخێکی بەرفراوانترەوە، وە چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر دەوڵەتی ڕاستی ئۆرپۆو پوڕڕا، یاسای کاربگۆڕن دەورانی داهاتوو و ساڵی داهاتوو ساڵی ڕوبەڕوبوونەوە بەرفراوانەکانی چینی کرێکارو حکومەتەکەیان دەبێت، چونکە دەستبردن بۆ ئەو یاسایانەی لەناو یاساکانی کاردا جێگیرکراون زۆر مەترسیدارن و دەوترێت فینلەند بۆ مێژویەکی تاریکی بەر لەدەیان ساڵ دەگەڕێندرێتە دواوەو ئەمەش قابیلی قبوڵکردن نییە.

 دەنگی کرێکار: کۆتا پرسیار هاوڕێ تاهیر ،  دەتوانیت بەکورتی پیمان بڵێت ئایا ئەم حکومەتە راسترەوەی کە ئێستا لە دەسەڵاتە، پشتیوانی کرێکاران دەکات ؟ یاخود پشتیوانی خاوەن کارو سەرمایەدارەکان دەکات؟

تاهیر عیسا: هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشتریشدا ئیشارەم پێدا ، ئەم حکومەتەی ئێستا تاسەر مۆخ دژە کرێکاریەو زۆر بەڕاشکاویش پارێزەری بەرژەوەندیەکانی کەمایەتیەکی مشەخۆری کارنەکەرو تەوەزەلی سەرمایەداریە.

Related posts

کرێکاران وفەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی هەڕەشەی بایکۆت دەکەن و حکومەتیش موچەی مانگێکیان بۆ سەرف دەکات!

Dangi Krekar

تەنها دامەزراندن چارەسەرە بۆکێشەی وانەبێژان..!

Dangi Krekar

کەرکوک: بریکارانی غاز، ماندەگرن!

Dangi Krekar

Leave a Comment