لەماوەی ٤ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ٢٤ کرێکار، لەشارەکانی هەرێم، بونەتە قوربانی ڕوداوەکانی شوێنیکار
دەنگی کرێکار
لەساڵیادی قوربانیانی ڕوداوەکانی شوێنی کاردا، کەسالانە لە ٢٨ی نیساندا بەڕیوەدەچێت لەچالاکیەکدا، ئاماری چوارمانگی ڕابردووی ساڵی ٢٠٢٦ ڕاگەیندرا کەلەلایەن شاباز محمود، ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە، ئامادەکرابوو.
هاروەها لە چالاکیەکدا کە لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری یەکی ئایارەوە بەڕێخرابوو، شاباز مەحمود لەبەردەم پەیکەری ”قوربانی روداوەکانی شوینیکار“دا لە پارکی ئازادی وتارێکی خویندەوە کەئەمە دەقەکەیەتی:
ئامادەبووانی بەڕێز
دەزگا بەڕێزەکانی ڕاگەیاندن
ئەمڕۆ ٢٨ی نیسانە، ڕۆژێکە کە لەساڵی ١٩٩٦ەوە لەلایەن بزووتنەوەی سەندیکایی و ڕێکخراوە کرێکاریەکانەوە وەک ڕۆژی یادی کرێکاران دیاریکراو دواتر ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) کردی بەڕۆژی جیهانی سەلامەتی و تەندروستی.. ئەمڕۆ تەنها یادکردنەوەیەکی سیمبولی نییە، بەڵکو ڕۆژی هاواری ئەو دەنگانەیە کەلەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان و لەنێو کارگە ساردەکاندا کپکران..
ئێمە لێرەدا لەبەردەم ئەم پەیکەرە وەستاوین.. ئەم پەیکەرەی لێرە دەیبینن، تەنها یادگارییەک نییە بەڵکو بەرهەمی پڕۆژەو خەمخۆریی ڕۆژنامەی هاوپشتی کرێکاریی بوو… ئەم پەیکەرەی کەلێرەدا دانراوە تا ببێتە شایەتێکی زیندوو لەسەر ئەو خوێن و ئارەقەیەی کەڕژاوە… دانانی ئەم یادگارییە پەیامێک بوو بۆ ئەوەی بڵێین: ئێمە قوربانییەکانمان فەرامۆش ناکەین و ڕێگەش نادەین مەرگی کرێکار ببێتە هەواڵێکی ئاسایی
بەڕێزان.. دۆخی ناسەلامەتی لەکوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.. ئەوەی لەکوردستان ڕوودەدات، تەنها ڕووداوی کار نین، بەڵکو زۆرجار کەمتەرخەمییەکی تاوانکارییە.. کاتێک کرێکارێک لەبەرزاییەکەوە دەکەوێتە خوارەوە تەنها لەبەر نەبوونی پشتێنێکی سەلامەتی.. کاتێک گەنجێک لەکارگەیەکدا دەبێتە قوربانی تەنها لەبەر نەبوونی ڕێنمایی..
ئەمە کارەساتە! ساڵانە دەیان کرێکار دەبنە قوربانی و سەدان کرێکاری تریش بۆ هەمیشە کەمئەندام دەبن و لەکایەی ژیان دەردەکرێن بەبێ ئەوەی یاسایەک هەر ئەوەندەی نوزەیەکی ئینسانی هەبێت ژیانی خێزانەکانیان بپارێزێت.. ناکرێت لەکوردستان باڵەخانەکان بەرزتر بکرێنەوەو شکۆی کرێکارەکانمان نزمتر.. ناکرێت تەلاری بازرگانەکان ڕوو لەئاسمان بکات و ژیانی ئەو کرێکارەش کەدروستی کردووە لەژێر زەویدا بێت.. لەکۆتاییدا، سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی هەموو ئەو کرێکارانەی کەلەپێناوی نانێکی سەربەرزانەدا گیانیان سپارد..
ئاماری گیانلەدەستدانی کرێکاران لەهەرێمی کوردستاندا لە چوار مانگی ڕابردوودا بەمشێوەیەی خوارەوە بوو: کۆی گشتی: ٢٤ قوربانی
سلێمانی: ١٠ قوربانی هەولێر: ٦ قوربانی دهۆک: ٣ قوربانی گەرمیان: ٢ قوربانی زاخۆ: ٢ قوربانی هەڵەبجە: ١ قوربانی
شایانی باسە، لەکۆی ئەم ٢٤ قوربانییە ٨ کرێکاریان لەکرێکارانی هاتوو (بیانی)ن. یەک کرێکارش ئافرەت بووە.
کۆمیتەی یەکی ئایار ٢٠٢٦/٢٨
