Dangikrekar.com
وتار

زیادەکاری یان ئیزافەکاری چ زەربەیەک لەکرێکاران ئەدات؟

زیادەکاری یان ئیزافەکاری چ زەربەیەک لەکرێکاران ئەدات؟

  مەحمود حەلاق

ئیزافە کاری لەزۆر ڕوەوە زەربە لەژیانی کرێکاران دەدات: لەڕوی ئابوری وکۆمەڵایەتی و خێزانیەوە تا دەگات بەباری تەندروستی وجەستەیی ودەرونی.. ئیزافەکاری زیان بەکرێکاران دەگەیەنێت. لەکاتێکدا، بەشێکی زۆر لە کرێکاران پێیان وایە کەئەگەر کاری زیاتر بکەن، داهاتی زیاتر بەدەست دەهێنن وبەم جۆرەش ژیانیان باش تر دەبێ، لەکاتێکدا واقعیەتەکانی ژیانی ڕۆژانەی کرێکار پێچەوانەی ئەم بۆچون وجۆرە خەیاڵکردنەی کرێکارانی سەلماندووە. بەرلەوەی زیانەکانی ئیزافەکاری  باسبکەین باشترە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کەدەڵێت خودی ئیزافەکاری لەکوێوە دێت؟ ئایا کرێکاران ڕێگایەکی تریان لەپێشە بۆ زیادکردنی داهاتیان وناچار نەبن بەزیادەکاری؟

سەرچاوەی ئیزافەکاری، دۆخی گرانی وکەمی کرێ ونەبوونی یاسای بیمەکانە لەهەر کۆمەڵگایەکدا:

یەکەم : کرێکار بۆ بەدەستهێنانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و خیزانەکەی ناچارە کار بکاو هێزی کاری خۆی بەبڕێک پارە بفرۆشێت تا زیندو بمێنێتەوە. بەڵام کاتێک کرێ بەشی کڕینی پێداویستیەکان وبەڕێوەبردنی بژێوی خێزان ناکات، لەوانە، خۆراک وپۆشاک، کرێی خانو وئاو کارەبا وهاتوچۆ وداودەرمان و… زۆر شتی تر، ناچارە مل بدات بەکاری زیاتر.

دووەم: گرانی کاڵاکان و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانە، کە بەردەوام نرخەکانیان لەبازاردا ڕوو لەسەر دەکات، لەکاتێکدا ئاستی کرێ لەشوێنی خۆیدا ڕاوەستێ وبەپێی گرانی بازاڕ زیاد نەکات، ئەوا داهاتی مانگانەی کرێکارەکە کەم دەهێنێ وناتوانێت بەهەمان بڕی پارەی بەردەستی هەمان پیداویستیەکانی جارانی دابین بکات، بۆیە بۆ پرکردنەوەی ئەم کورتهێنانە ناچاردەبێت مل بەکاری زیاتر بدات.

سێهەم: لەکۆمەڵگایەکدا کە سیستەمی بیمەکان لەئارادانەبێت ولەوانەش مافی دابینکردنی لانیکەمی ژیان بۆ هەر هاوڵاتیەک نەبوبێتە ئەرکی حکومەت ودەسەڵاتداران، ئەوا کرێکار ناچارە مل بەکاری زیادە بدات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی.

چوارەم: نەبونی هوشیاری وپەینەبردنی کرێکار بەسەلامەتی گیان وڕۆحی خۆی و خێزانەکەی وخەیاڵ کردن بەوەی “تا زۆر کاربکەیت.. دەرامەتت زیاتر دەبێت”.. کرێکاران هاندەدات تا گیرۆدە بەزێدەکاری ببن. بەڵام بابزانین زیانەکانی زیادەکاری چییە؟.

لەباری ماددی و ئابورییەوە:

کرێکار دڵی بەوە خۆشئەکات، کە جگە لەحەقدەستی ڕۆژانەکەی، چەند هەزار دینارێکیش وەردەگرێت لەو زیادەکارەی کەدوای تەواوبوونی کاتی ستانداردی خۆی بەردەوام بووە. ئەگەرچی وادێتە بەرچاوی کرێکارەکە هیچ نەبێت لەچاو نرخی هەرزانی بازاڕیکاردا، ئەمڕۆ ڕێژەیەک پارەی دەستکەووتووەو ڕۆژانەکەی شتێک زیادیکردووە، بەڵام ئەم دۆخە تەنها بەقازانجی خاوەنکارەکەیە چونکە ئەو نایەوێت کرێی ٤ کاژێر بۆ تەواوکردنی ئیشەکەی لەسەری ببێت بەڕۆژکارێکی ترو کرێی دوورۆژ بۆ کرێکارەکە هەژماربکات. سەرەڕای ئەوەی کەکرێی زیادەی ئیشەکەی بەبەراوورد بەڕۆژانەکەی کەمترە،

لەباری کۆمەڵایەتیەوە:

کرێکار لەناو کاروکارکردندا هێندە هیلاکە، پەلەی ئەوەیەتی چۆن بگاتە ماڵەوەو بحەوێتەوە، ڕۆژانە بەکارو کاری زیادەوە لەشی تێکدەشکێت، هەر بۆیە حەوسەڵەی هیچی نیەو وەکو پێوویستیش ناتوانێت دڵنەوایی ژن و منداڵەکانی بکات، توڕەیی کارکردن و شەتەکی و ماندووبوونی ڕۆژانەی ئەبارێنێت بەسەر ئەواندا و هەرئەمەش زۆرینەی جار پەلدەکێشێت بۆ ئاژاوەی ناوخێزان و دووبەرەکی خستنە نێوان ژن ومێردەوە، هەروەها لەباری کۆمەڵایەتیەوە دایئەبڕێت لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی خێزانەکەی خۆیشی، فریای هیچ ناکەوێت، ناتوانێت سەردانیبکات و پەیوەندییەکانی بەسەر بکاتەوە، ئەکەوێتە ژێر تانەو تەشەری کۆمەڵایەتیەوە.

لەباری چینایەتیەوە:

کاتێک کرێکار زیادەکاری ئەکات، بەم هۆیەوە ڕێگر دەبێت لەکرێکارێکی بێکار بۆناو کارکردن. ئەگەر کرێکارێک زیادەکاری نەکات، ئەوا ڕێگا ئەکاتەوە بۆ تەواوکردنی کارەکە لەسبەینێدا کە لەوانەیە هەرخۆی بیکات، بەم هۆیەوە خاوەنکار ناچار دەبێت کرێی یەکڕۆژ هەژمار بکات بۆ کرێکارەکە یان بۆ کرێکارێکی تر. سەرەڕای ئەوەی زیادەکاری ڕێژەیەک دینار ئەخاتە سەر ڕۆژانەی کرێکارێک و دڵخۆشدەبێت پێی کە ئەمڕۆ چەردەیەکی کەم لەڕۆژانەکەی زیادبووە، بەڵام جگەلەوەی کەدەرگا دائەخات لەسەر بێکاران بۆدەستکەووتنی کارێک، قازانجی زیاتر بەخاوەنکارو کۆمپانیا دەگەیەنێت. بەم هۆیەوە خاوەنکارو کارخانەکان ئەم ستایلە لەکار لەگەڵ کرێکاردا ئەبەنە پێشەوە لەپێناوی قازانج و دەستکەوتی زیاتردا، هەر ئەمەش ڕاستەوخۆ کەلێن و دووبەرەکی ئەخاتە نێوان کرێکارانەوە بۆدەستکەوتی زیاتر لەدژی یەکتری.

لەڕوووی تەندروستی و جەستەییەوە:

بەردەوام بوون لەسەر کاری زیادە، کرێکارەکە لەدرێژ ماوەدا  توشی جۆرەها نەخۆشی جەستەیی دەکات، لەوانە پشتئێشە، ڕۆماتیزم، گۆجبوون وپەکەوتنی دەستوقاچ و.. وئەمەش جگەلەوەی بەمەسرەفێکی زۆر بۆ چارەسەرکردنیان تەواودەبێت، هاوکات تەمەنکورتی وڕۆچونی پێشوەختە بۆ دەورانی پیری و پەکەوتەیی بەدواوەدەبێت.

بەڵام ئایا ڕێگایەکی تر هەیە لەبەردەم کرێکاراندا کەهەم خۆیان لەبەڵاو ئاسەوارە خراپەکانی زیادەکاری نەجات بدەن وهەم ئاستی بژی خۆشیان زامن ومسۆگەربکەن؟

بەڵێ.. ئەگەر زیادەکاری وەک ڕێگاچارەیەکی فەردی بۆ زیادکردنی داهاتی کرێکارێک  وەربگرین ئەوا ڕێگاچارەی بەکۆمەڵی کرێکاران وخەباتی هاوبەش ویەکگرتوانەیان، دەتوانێ کرێکاران لەناچاربون بەئیزافەکاری دەرکێشێت.

کەوایە ئەوەکرێکاران خۆیانن کەدەبێت پەی بەدەردوبەڵای ئیزافەکاری ببەن وپێکەوە لەدژی ئەم دیاردەیە خەباتی هاوبەش وڕێکخراوی خۆیان بۆ باش کردنی ژیانیان بهێننەمەیدانەوە.

کۆبوونەوەی کرێکاران لەدەوری خواستی“زیادکردنی کرێ بەپێی بژێوی خیزانێکی پێنج نەفەری‘، ” چونەسەری سالانەی ئاستی کرێ بەبەراورد بەڕیژەی هەڵاوسان و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاکان لەبازاردا“.. ئەتوانێت ڕێگایەکی تر بخاتە بەردەم کرێکاران بۆ باشکردنی ژیانی ڕۆژانەیان.

لەپاڵ ئەمەشدا داواکاری کرێکاران وجەماوەری زەحمەتکێش بۆ سەپاندنی بیمەکۆمەڵایەتیەکان، لەوانە: بیمەی لانیکەمی ژیان، بیمەی دەرمان وبەخۆڕاییکردنی چارەسەر وپەروەردەو فێرکردن، بیمەی خانوبەرە، بیمەکردنی منداڵان تاتەمەنی ١٨ ساڵی وبەرپرسیارکردنی حکومەت لەوەڵامدانەوە بەلانیکەمی ژیان وبژێوی لەڕێگای بەیاساییکردنی سیستەمی بیمە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ئەتوانێت دەرامەتی کرێکاران بەرێتەسەرەوەو چیتر ناچارنەبێت بەزیادەکاری. بەم جۆرە ئەوە کرێکاران خۆیانن کەدەتوانن بەخەباتی یەکگرتوانەیان، ژیانێکی باشتر موسۆگەر بکەن.

Related posts

تیمێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەکۆڕبەندێکی ڕێکخراوی دابین بۆ کاروباری کرێکاران بەشداری دەکات!

Dangi Krekar

دۆخی کرێکاران لەکارگەی خشتی ئاسۆ  گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی خشتی ئاسۆ

Dangi Krekar

پانێڵی (بەرەو ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران ) مەهدی ڕەسول – سەرنووسەری دەنگی کرێکار

Dangi Krekar

Leave a Comment