ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بەڵێنی بەهەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، حەواڵەی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ دەکات!
| دەنگی کرێکار
لە ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەکەمی زانکۆو پەیمانگاکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان و ئەوانەی کە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی و پزیشکی) دەیانگرێتەوە خستەبەر باس و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هێزی کاری فەرمانبەرانی گرێبەست لەناو دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمدا، کە خاوەنی ساڵانێکی زۆری خزمەتن و هەندێکیان بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، جێگەیەکی تایبەتیان هەیە. هەروەها ئاماژە بە ڕەواییی داوای فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ بەهەمیشەیی کردنیان لەسەر میلاکی گشتی سەلمێنرا، بەتایبەتی کە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوەو خاوەنی ژمارەی وەزیفی خۆیانن و لیستی مووچەی تەرخانکراویی مانگانەیان لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە پەسەند کراوە. سەبارەت بە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی کە یاسای پلە بەندیی پزیشکی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا کە هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە، کە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ،
مامەڵە بکرێن و بەگوێرەی هەمان یاسا. ئەم هەواڵە سەرەڕای ئەوەی کە وەک بابەتێک لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژادندا بەدەستەوە گیراو بەڵینی دامەزراندنی بەفەرمانبەرانی گرێبەستدا، بەڵام هەردوای تەواوبوونی هەڵبژاردن دەنگۆی ئەوە درا بە گوێی فەرمانبەرانی گرێبەستدا، کەدامەزراندنیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدا نیەو فەرمانبەرانی گرێبەت دەبێ جاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ بن تا بڕیاری دامەزراندنیان بۆدەربکات، بەم جۆرەش ئەو بەڵێنەی کەدرابوو حەواڵەی حکومەتی بەغدا کرا وفەرمانبەرانی گریبەستی خستۆتە چاوەڕوانی ئەو ناکۆکیانەوە کەلەنیوان هەولێرو بەغدادا هەیە. بەتایبەتیش کەهێشتا دیار نییە ئاخۆ حکومەتی فیداڵ پێشنیاری حوکمەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست قبوڵدەکات یان نا؟. ئەمەش بەمانای خۆدزینەوەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکەکەیەتی لەو بەڵینەی کە بە فەرمانبەرانی گرێبەستی داوە. دۆخێکی ئاواش بەکردەوە ئەو ڕاستیە دەخاتەوە ڕوو کەفەرمانبەرانی گرێبەست،
جارێکی تر بونەتەوە بەبابەتی دانوستانەکانی نیوان هەردوحکومەتی هەرێم و بەغدا ودەبێ لەچاوەروانیدا ڕابوەستن تا ئەم دولایەنە کێشەکانیان چارەسەردەکەن. ئەم هینان و بردنەش کەس نازانێ چەند مانگ و ساڵی تر دەخایەنێت!.
بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست چیتر یارییان لەگەڵ نەکرێ، دەبێ لەسەر خواستی دامەزراندنی دەستبەجێیان پێداگری بکەن ویەخەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بگرن بۆ جێبەجێکردنی بەڵینەکانیان وڕێگا نەدەن لەداهاتویەکی نادیاردا لەچاوەڕوانیدا ڕابگیرێن..