Dangikrekar.com
گفتوگۆ

کرێکاران چۆ بتوانن پاداشتی کۆتایی خزمەت وەربگرنەوە؟گفتوگۆ لەگەڵ پشکنەر لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی

 

کرێکاران چۆ بتوانن پاداشتی کۆتایی خزمەت وەربگرنەوە؟

گفتوگۆ لەگەڵ پشکنەر لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کاک هۆشمەند

 

 دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش کاک هۆشمەند، سوپاسگوزارین بۆ ئامادەبوونت لەوەڵامدانەوە بەپرسیارەکانی دەنگی کرێکار..

کاک هۆشمەند: ئەم کاتەی ئێوە باشترو هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.

دەنگی کرێکار: سەرەتا با لەگرنگی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە دەست پێبکەین، بەڕای بەڕێزتان بۆچی گرنگە کەکرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتی، واتە ضمانی هەبێت؟

کاک هۆشمەند: بەشێوەیەکی گشتی گرنگی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگایە لەبەرامبەر مەترسییە کۆمەڵایەتیەکانی وەك مردن و پیری  نەخۆشی و پێکانی کار. هەروەك لەیاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو بەژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٢.

ئامانجەکانی یاساکە لەماددەی ٢دا دیاریکردووە بەدابینکردنی تەندروستی و سەلامەتی و  داهاتووی ژیانی چینی کرێکاران بۆ ئاستێکی باشتر لەڕوی کۆمەڵایەتی و پیشەییەوە، ئەم ئامانجانەش بەدیدێن لەڕێگەی لقەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیەوە وەك خانەنشینی (هەر کرێکارێك دەستەبەر کرابێت و بەشداری بۆ درابێت بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ، وە تەمەنی ڕەگەزی نێر بگاتە ٦٠ ساڵ و ڕەگەزی مێ ٥٥ ساڵ مافی خانەنشین بوونی هەیە، ئەگەر تەمەنی کرێکار نەگەیشتە بارەکانی پێشوو  پێویستە بۆ ڕەگەزی نێر ٣٠ ساڵ و ڕەگەزی مێ ٢٥ ساڵ خزمەتی هەبێت مافی خانەنشین بوونی هەیە، هەروەها ئەگەر کرێکار لەماوەی ڕاژەی دەستەبەریدا بوو مرد ئەوا بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن و خزمەت،  لە جێماوەکانی شایستەی موچەی خانەنشینی بە پێی ماددەی ٦٥ لە یاساکەدا، بەهرەمەند دەبن).

هەندێك لەمافەکانی تری کرێکاران بەپێی یاساکە دەستەبەری تەندروستی و پێکانی کارو خزمەتگوزارییەکانە کە بێگومان بەپێی هەندێك ڕێوشوێنی تایبەت مافەکانی کرێکاران پارێزراوە لەیاساکەدا، لەم ڕوانگەیەوە بۆمان دەردەکەوێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی گرنگی تایبەتی هەیە لەپاراستنی داهاتووی کرێکاران و کاریگەری ئەرێنیش دروستدەکات لەسەر لایەنی دەرونییان وە چاوەڕوان دەکرێت لەچەند ساڵی داهاتوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بدات بەم بوارە بەو پێییەی توانای دامەزراندنی ئەو ڕێژە زۆرەی دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکانیان نییە لەکەرتی گشتی جگە لەڕەخساندنی هەلیکار بۆیان، پێویستە مافەکانیان لە کەرتی تایبەت بپاریزرێت. جێی ئاماژە پێکردنە بەپێی مادەی ٣٥ سەرجەم خاوەنکاران، کارگێڕییەکان دەبێت دەستەبەری کرێکارەکانیان بکەن.

دەنگی کرێکار: کرێکار چۆن بزانێت کەدەستەبەر کراوە؟ ئایا گرێبەستی کار لێرەدا گرنگی هەیە بۆ دڵنیابوونی ئێوە وەک فەرمانگەی دەستەبەرو بۆ دڵنیابوونەوەی کرێکارانیش؟

کاک هۆشمەند: بەچەند ڕێگەیەك کرێکاران دەتوانن دڵنیا ببنەوە لەتۆمارکردنیان لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەویش لە پاریزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، هەر پڕۆژەیەك تۆمارکرا بێت لیژنەکانی پشکنین سەردانی شوێنکارەکە دەکەن و پاشان مانگانە خاوەنکار یان نوێنەری یاسایی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دەکات و فۆڕمی بەشدارییەکانی بۆ دەکرێت و پاشان لەبەشی خەزنە پسوڵەی پێدەدرێت، دەکرێت کرێکار سەردانی بەشی سەرچاوەی مرۆیی پڕۆژەکەی یان بەشی ژماریاری بکات تا دڵنیا بێت ناوی تۆمار کراوە یان نا. بەڵام لە کاتی بوونی گومان یان بەدەنگەوە نەچوونی کارگێڕی پڕۆژەکان و خاوەنکاران بەم پرسە، کرێکاران دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ دڵنیا بوونەوەیان لەدەستەبەر بونیان، بێگومان گرێبەستی کاری نوسراو یەکێکە لەو بەڵگەنامانەی داوا دەکرێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکان و دادگای کار بۆ سەلماندنی کارکردنی کرێکاران لە پڕۆژەکان و پاراستنی مافەکانیان و بەدەسهێنانی.

 دەنگی کرێکار: ئێمەو بەڕێزیشتان ئەوە ئەزانن کە بەپێی یاسای کاری ژمارە ٧١ ساڵی ١٩٨٧ هەر کۆمپانیاو کارگەیەک کرێکاری کاتی(مٶقت) هەبێت لە ١٠ ڕۆژو  هەتا دەگاتە چەند مانگ وساڵیش هەموو مافێکی کرێکارانی هەمیشەیی هەیە، بەڵام ئێمەو پێموابێت بەڕێزیشتان ئاگاداری ئەوەن کەهەندێک کۆمپانیاو کارگە کرێکاری ڕۆژانەی هەیەو لە دەڕۆژو چەند مانگیش زیاترەو بەهەمیشەیی نەکراوون، ئایا کرێکارانێکی لەمجۆرە چی بکەن و ئێوە لەکام ڕێگاوە دەتوانن کۆمەک بەم کرێکارانە بکەن هەتا مافیان نەفەوتێت؟

کاک هۆشمەند: پێم باشە پێش ئەوەی بێمە سەر وەڵامی پرسیارکەت ڕونکردنەوەیەك بدەم لەسەر گرێبەستیکار کە بابەتێکی گرنگە بۆ کرێکاران خاوەنکاران پەیوەست بەمافەکانیان. بەپێی یاسای کاری ژمارە ٧١ ی ساڵی ١٩٨٧ لە دەروازەی سێیەم باسی پەیوەندییەکانی کار دەکات وە لەماددەی ٢٩ پێناسەی گرێبەستی کار دەکات بەوەی ڕێککەوتنێکە لەنێوان کرێکارو خاوەنکار کە تێیدا کرێکار پابەند دەبێت بەئەنجامدانی کرێیەکی دیاریکراو لەژێر چاودێری و ڕێنمایی خاوەنکاردا، وە لەماددەی دواتردا ئاماژە بەپێویستی گرێبەستیکاری نوسراو دەکات کە جۆری کارو بڕی کرێی تێدا دیاریکرا بێت.

بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان دوو جۆر گرێبەستی نوسراو هەیە یەکێکیان دەتوانرێت بۆ کاتێکی دیاریکراو بێت و سروشتی پڕۆژەکەش کاتی بێت، بۆ نمونە کارگەی دروستکردنی سەهۆڵ تەنها لەوەرزی گەرمادایەو دەکرێت گرێبەستێکی کاتی لەنیوان خاوەنکارو کریکاردا واژۆ بکرێت بۆ ماوەکی دیاریکراو، جۆرێکی تر لەگرێبەست کە نابێت ماوەی تێدا دیاری بکرێت، چونکە پڕۆژەکە سروشتی بەردەوامی هەیە، بۆ نمونە ستافی کارگێڕی کۆمپانیاکان وە لەم بارەدا ناکرێت کۆتایی بەڕاژەی کرێکار بهێنرێت تەنها بەو ڕێوشێنانە نەبێت کە یاساکە دیاریکردوون.

بۆ پرسی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەهەردوو بارەکەی کارکردندا پێویستە لەدەست بەکاربوونی کرێکارەوە دەستەبەر بکرێت، ئەگەر کرێکەشی ڕۆژانە بێت یان هەفتانە بەڵام خاونکار بۆی هەیە بەپێی ماددەی ٣١ لە یاسایکار، کرێکار بۆ ماوەیەك لە ٣ مانگ زیاتر نەبێت لەژێر تاقیکردنەوەدا بهێڵێتەوە بەمەرجێك لەگرێبەستی کاردا نوسراو بێت وە لەم بارەشدا پێویستە خاوەنکار دەستەبەری بۆ کرێکارەکەی بدات، ئەگەرهەر کرێکارێك لەو جۆرە کارانەیان هەبوو وە دەستەبەر نەکرابوون سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری بکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی یان پەیوەندی بکات بەهێڵی گەرمی ٥٥٠٠ و بە داواداچوون بۆ کێشەکەی دەکرێت.

دەنگی کرێکار: هەتا ئێستا پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ کرێکاران ڕوون نیەو چۆن ئەتوانن پاداشتەکانیان وەربگرنەوە؟

کاک هۆشمەند: پاداشتی کۆتایی ڕاژە یەکێکە لەمافەکانی کرێکاران لەیاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەگەر تێبینی یاساکە بکەن ئامانجیەتی کۆی کرێکاران لەداهاتوودا خانەنشین ببن، بەڵام لەهەندێك باردا دەتوانرێت کرێکار پاداشتی کۆتایی ڕاژە وەربگرێتەوە. بۆ نمونە ئەگەر کرێکار بوو بەخاوەنکار بەپێی بەڵگەنامەی فەرمی یان لەکەرتی گشتی دامەزرا (دەشتوانێت خزمەتەکەی بگوازێتەوە) یان ئەگەر کرێکار ساڵانی خزمەتی تەواو نەکردبوو بۆ ڕەگەزی نێر تەمەنی بگاتە ٦٠ ساڵ و بۆ ڕەگەزی مێ تەمەنی بگاتە ٥٥ ساڵ هەروەها  چەند حاڵەتێکی تر، وەرگرتنەوەی پاداشتی کۆتایی ڕاژە هەروەها خانەنشین بوون کرێ و ساڵانی خزمەت کاریگەری دەبێت لەسەر بڕەکەی، ئامۆژگاری من بۆ کرێکاران ئەوەیە پاداشتی کۆتای ڕاژە وەرنەگرنەوە بەتایبەت بۆ گەنجان و ئەوانەی تەمەنەکانیان کەمەو دەتوانن خزمەت تەواو بکەن، چونکە لەداهاتوودا بێبەش دەبن لەسەرجەم مافەکانیان لەیاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا.

Related posts

خەڵک بەتەواوەتی وەڕس بووە لەم دەورو دوکانەی دەسەڵاتداران”

Dangi Krekar

کرێکاران سکاڵاکانیان دەبەنە بەردەم دادگای کار

Dangi Krekar

تیمێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەکۆڕبەندێکی ڕێکخراوی دابین بۆ کاروباری کرێکاران بەشداری دەکات!

Dangi Krekar

Leave a Comment