Dangikrekar.com
وتار

   چی دەزانیت لەسەر بێکاری؟

   چی دەزانیت لەسەر بێکاری؟

  |  وەستا مهدی

پێش ئەوەی بچینە ناو باسەکەوە، سەرنجتان بۆ گفتوگۆی دایک و منداڵەکەی ڕادەکێشم:

لەڕۆژێکی ساردی زستانی ساڵی ١٩٢٩کاتێک کە منداڵەکە لەسەرما هەڵدەلەرزێت، بەدایکی دەڵێت بۆ ماڵەکە گەرمناکەیت دایکە؟ دایکەکە دەڵێت لەبەرئەوەی هیچ خەڵوزمان نەماوە ڕۆڵەگیان.. منداڵەکە دەڵێت بۆچی خەڵوزمان نەماوە دایکە؟ دایکەکەش دەڵێت لەبەرئەوەی باوکت بێکارە.. دیسانەوە منداڵەکەش ئەپرسێتەوە ئەی بۆ باوکم بێکارە؟ دایکەکە لەوەڵامدا ئەڵێت لەبەرئەوەی خەڵوز لەبازاڕدا زۆرە ڕۆڵە گیان.

بێکاری ئەو دەردە گرانەیە کە یەخە بەکرێکاران دەگرێت. ئێستا لەزۆرینەی وڵاتانی دنیا بووەتە کێشەیەکی سەرەکی. بەپێی ئامارێك کە بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لەملیارێك بێکار هەیە لەسەرئاستی جیهاندا کە دابەشبووە بەسەر وڵاتانی دنیادا، ئەم ژمارەیە بەشێکیان بەتەواوەتی بێکارن و بەشێکیان نیمچە بێکارن.

بێکاری ئەم سەردەمە بەبەراورد لەگەڵ بێکاری سەدەمی جەنگی دووەمی جیهانی جێاوازە، بۆ نمونە: لەوڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا بێکاری بەشێكبووە لەبزوتنەوەی جوڵەی ئابوری، بەجۆرێك لەکاتی گەشەی سەرمایەدا نەما یان زۆر کەمدەبووەوە، بەڵام کاتی وەستان وە یاخود پوکانەوەی گەشەی ئابوری بێکاری دوبارە سەری هەڵئەدایەوە، بەڵام لەئێستادا نزیکەی چارەکە سەدەیەکە بووەتە کێشەیەکی هەمیشەیی، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئابوری بەشێوەکی چاك گەشەیکردووە، کەچی بێکاری بەردەوام ڕوو لەزیاد بوونە، بۆنمونە لەو وڵاتانەی کە بەسۆسیالیستی ناسرابوون بێکاری هیچ باسێكی نەبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەو سیستمە کۆتایی هاتوو گۆڕدرا بەسیستەمی سەرمایەداری و چووە ناو بازاڕی ئازادەوە، بێکاریش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەوزیادبوون ڕۆیشت.

لەوڵاتە گەشە سەندووەکاندا بەشێوەکی گشتی بێکاری زیاد دەکات، ئەم حاڵەتە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی شکستهێنانی گەشەکردن و کەڵەکەی قەرزە دەرەکیەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەقدینە. ئەمە هەرچی زیاتر دۆخەکە ترسناك دەکات و دەلالەت لەوەدەکات کە لەباری فکریەوە ئابوری کورتی هێنانەوەو زۆر لاوازە سەبارەت بەدۆزینەوەی چارەسەر کردنی بێکاری، ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕەوتێکی فکری پەیدابووە دەڵێن بێکاری دەردێكە تایبەت بەبێکاران، ئەوە کێشەی خۆیانە، بێکاران ئەوکەسانەن کە نەیانتوانیوە لەگەڵ بازاڕیکاردا خۆیان بگونجێنن.  سەبارەت بەبێکاری لێکدانەوەی جیاواز هەیە، بەلام بێکاری لەژێر کاریگەری ڕکابەری لەسەر داگیرکردنی بازاڕدا ڕوی لەپەرەسەندنە و سەرمایەداری پیشەسازیش لەهەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی نرخی تێچوی بەرهەمهێنان لەڕێگای ئەو ئامێرانەوە کەجێگای کرێکار بگرێتەوە یان فاکتەری تر بۆ دەستەبەرکردنی هەمانڕێژە لەبەرهەم بەکرێکاری کەمتر، بەم پێیەش بێکاری دروست دەبێت. هاوکات سەرمایەداری پێویستی بەدەستی کاری پیشەسازی یەدەگە، واتە پێویستی بەڕێژەیەك لە هێزی کاری ئامادە بەکارە، هەربۆیە بێکاری لەسیستەمی سەرمایەداریدا دیاردەیەکەو ناتوانرێت بنەبڕ بکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێن سەرمایەداری خۆی بێکاریش بەرهەمدەهێنیت وپێویستیەکی حەیاتیشی پێیەتی. بۆیە کرێکاران بۆ ڕووبەڕوبونەوەی بێکاری، یەك ڕێگایان لەبەردەمە ئەویش بەڕێخستنی یەك بزوتنەوەی کرێکاری جەماوەری خەباتکارەو بەرزکردنەوەی دروشمی کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری. خەبات لەم پێناوەدا بۆ کرێکاران پێویستییەکی حەیاتیە، کرێکاران دەتوانن بەخەبات لەدژی بێکاری خاوەنکار ناچار بکەن سەعاتەکانی کار کەمبکەنەوە بۆ وەڵامدانەوە بەبازاڕ لەسەر دەستەبەرکردنی کاڵای بەرهەم هاتوو، خاوەنکاریش کرێکاری زیاتر بخاتە سەرکار، بەمجۆرەش ڕێژەی بێکاری کەمتردەبێتەوە، ئەوکاتەش کرێکاران دەتوانن دابینکردنی لانیکەم پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی کرێکارێك بۆ دابینکردنی مانەوەیان لەژیان بەسەر خاوەنکارەکاندا فەرزبکرێت و بکرێتە یاسا. واتە فەرزکردنی بیمەی بێکاری لەڕێگای خەباتەوە.

 

Related posts

 ڕاگەیاندنێک لە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە بۆ سەرجەم کرێکاران

Dangi Krekar

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، بڕیاری لێخۆشبوونی لەکۆمپانیاکان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە!

Dangi Krekar

 دەبێ کارکردن بژێوی ژیانی ئێمەی کرێکاران دابین بکات، نەک بمانکاتە قوربانی!

Dangi Krekar

Leave a Comment