Dangikrekar.com
گفتوگۆ

”کرێکاران  ئیتر ئەبێت بیرێکی تر لەحاڵ ولەژیانی خۆیان بکەنەوە“

 ”کرێکاران  ئیتر ئەبێت بیرێکی تر لەحاڵ ولەژیانی خۆیان بکەنەوە“

گفتوگۆی بڵاوکاروەی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکدا، سەبارەت بەدۆخی کارەکەی

|  سازدانی/مەحمود حەلاق 

 دەنگی کرێکار:  ئێوە چەند کرێکارن کەلەو کارگەیەدا کاردەکەن؟

کاک کمال: بەڕاستی نازانم چەندە، بەڵام وا مەزەندە ئەکەم ٢ سەد کرێکار وەیان زیاتر دەبێت.

دەنگی کرێکار: کاتیکارکردنتان چۆنە؟ مەبەستم ئەوەیە لەسەعات چەندەوە بۆ چەند؟ ئایا ئیزافەکاریتان هەیە؟

کاک کمال: ئێمە لەسەعات ٨ لەناو ئیشداین هەتا سەعات ٤ ئەمە بەحساب وەکو کاتی خۆمان! بەڵام سەعات چواری چی.. جاری واهەیە چارەک، نیو سەعات زیادەکاری ئەکەین و لەهیچیشەوە دیار نیە.. باشتێک باس بکەم: شەوێک لەماڵەوە فکرمکردەوە لەسەر ئەو دە دەقەو چارەک و نیو سەعاتە کەڕۆژانە وەک ئیزافەکاری ئەیکەین، لەمانگێکدا چەند سەعات ئەکات و بۆیەک ساڵیس چەند سەعات کار ئەکات! واتە لەمانگێک ولەساڵیکیشدا چەند سەعات هەروا بەفیڕۆ لەڕەنجی ئێمە ئەڕوات و کەسیش حسابی بۆناکات. لەساڵیکدا زیاتر لە دوو مانگ بەخۆڕایی ئیش ئەکەین بەپێی ئەو حساباتانەی کە من کردوومە لەو دە دەقەو  چارەک و نیو سەعاتە زیادەیەی کەڕۆژانە ئەیکەین لەکارگەدا. ئایا ئەمە ئیزافەکاری نیە؟

دەنگی کرێکار: ئەی باشە ناتوانن ئەم حاڵەتە بەئیدارە یان خاوەنکار بڵێن؟

کاک کمال: نەخێر.. چونکە یەکەم گوێت بۆناگرن، دووەم گوێی پێنادەن، سێیەم ئەگەر دووبارەی بکەیتەوە  دەرت ئەکەن.. جا ئەمە بەمن ناکرێت

دەنگی کرێکار: بۆچی بەتۆ یان بەهەر کرێکارێکی تر ناکرێت؟

کاک کمال: بەداخەوە کرێکاران هێشتا بەوە نەگەیشتون کەبەوردی بیرێک لەحاڵی خۆیان و ژیانی خاووخێزانیان بکەنەوە، هێشتا ئەوەندە دەربەست نین بەرامبەر بەهاوڕێ و هاوکارانی خۆیان وکاربکەن تا پشتی یەکبگرن و خۆیان لەپەرش و بڵاوی ڕزگار بکەن..کرێکاران دەترسن لەوەی لەسەرکارەکانیان دەربکرێن، دۆخی کاریش هێندە سەخت وگرانە بوار نادات بەکرێکاران بیر لەوەزعی خۆیان بکەنەوە.

دەنگی کرێکار: ئەی باشە بەڕای تۆ دەبێت کرێکاران چی بکەن؟

کاک کمال: یەکەم شت ئەبێت هەوڵبدەن هەرکرێکارە ئەوانەی لێوەی نزیکە نزیکتر بکاتەوە، قسەوباسەکانیان بکەن بەیەک، پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ یەکتری ببەستن بۆئەوەی ووردە ووردە ئەوانیش چاو لەوان بکەن، بەمجۆرە ڕۆژبەڕۆژ ڕیزەکانیان زیاتر یەکگرتوو ئەبێت وباوەر بەهیزی خۆیان دەکەن.. من قەناعەتم وایە هەتا کرێکاران خۆیان پتەوو قایم نەکەن هیچمان بۆناکرێت.

دەنگی کرێکار: کرێکارەکان دەستەبەر(ضمان) کراوون؟ ئەگەر دەستەبەریتان بۆکراوە ئایا بەدواداچوونتان کردووە هەتا لەوە دڵنیابن؟

کاک کمال: پێموایە دەستەبەر کراو هەیە، بەڵام نازانم چەند لەکرێکارەکان بۆیان کراوە، من خۆم بەڵێ ضمانم هەیە، ئەوەندە ئەزانم برادەرو خزمانێکم کەلێرە کار ئەکەن ضمانیان هەیە..

دەنگی کرێکار: ئەی سەبارەت بە جلی ئیش و ئەو بابەتانەی کەکرێکار دەپارێزێت و دەبێت بەکاری بهێنیت لەکاتی ئیش و کارکردندا، بۆتان دابێنکراوە؟

کاک کمال: هەیەو نیە.. جاروبار هەیەو زۆربەی جاریش نەوەڵڵا..

دەنگی کرێکار: مووچەکانتان چەندە؟

کاک کمال: ئەوانەی کەژمارەی ساڵی کارکردنیان زیاترەو خیبرەیان هەیە لەئیشەکەدا مووچەکانیان ئەگاتە ٥ سەد تا ٥٥٠ هەزار، بەڵام ڕۆژێک نەیەیتەوە ٥٠ هەزارت لێئەبڕن.. هیتر هەیە ٣٥٠ هەزاری هەیە.

دەنگی کرێکار: باشە بۆ ڕێژەی مووچەکە جیاوازی زۆری تێدایە؟ ئایا ئەو کرێکارانەی کە ٣٥٠هەزار وەردەگرن، هەمانکاری ئێوە ئەکەن؟

کاک کمال: کەم تازۆرێک وایە، بەڵام کارەکانی ئەوان ئاسانترە، فشارو زەختیان نیە، کەمتر هیلاک ئەبن.

دەنگی کرێکار: ئێمە سوپاسگوزارین بۆئەم دەرفەتە کەپێت بەخشین کاک کمال گیان.  ئەگەر کۆتا قسەیەکت هەبێت بۆکرێکاران؟

کاک کمال: منیش خۆشحاڵ بووم، شانازی بەدەنگی کرێکارەوە دەکەم کە ئێوە هەمیشە پشت و پەناو جێگا ئیعتمادی کرێکاران بوون و هەن و بەردەوامن لەدیفاع لەوان..

من تەنها یەک قسەم هەیەو هەم بووە لەژیانمدا تەنانەت لەگەڵ  منداڵەکان و خێزانیشمدا، لەگەڵ کەس و کارەکەی خۆشم یەک نەسیحەتم هەیەو بەردەوام لەمەجلیسەکانمدا دووبارەی ئەکەمەوە، ئەویش نزیک بوونەوەمانە لەیەکتری، مەشوەرت و یەکتری خوێندنەوەیە، لێبوردەییە، پرس وڕا بەیەکترییە، پەیوەندی نێوانمان گەرمڕابگرین. بۆکرێکاران ئەمە کلیلی گرێ کوێرەیە کەدوایخستووە لەژیانی خۆی، لەسەر دەرکردنی لەکار، لەسەر بێکارییەکەی.. کرێکاران  ئیتر ئەبێت بیرێکی تر لەحاڵ و لەژیانی خۆیان بکەنەوەو لەخۆی بپرسێت هەتاکەی؟

 

Related posts

“کۆمپانیاکان ئێمەیان کردووە بەکۆیلە” گفتوگۆی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارانی ژینگەپارێزی سنوری سلــــــێمانیدا

Dangi Krekar

“ لەسەعات حەوتی بەیانییەوە بۆ حەوتی ئێوارە کاردەکەین و موچەکانمان هەرگیز لەپای ئەو کارەدا نیە کە دەیکەین”

Dangi Krekar

پانێڵی (بەرەو ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران ) مەهدی ڕەسول – سەرنووسەری دەنگی کرێکار

Dangi Krekar

Leave a Comment