“ماف وخواستەکانی کرێکاران هێندە زۆرن کەدەتوانێت کرێکارانی هەموو بەشەکان لەیەک ڕێکخراوی گەورە و سەراسەریدا لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوە”
گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ چەند کرێکارێکدا کەلە بوواری جیادا کاردەکەن
سازدانی محمود حەلاق
کاتێک گەیشتینە لایان، لەژێر سێبەری سنەوبەرەکان دانیشتبوون وچاوەڕێی ئێمەیان دەکرد خۆشبەختانە چەند کرێکارێکی کارگەیەکی تریش هاتبوون کەهاوڕێی و خزمی یەکتری بوون.. هەر لەدورەوە سڵاومانکردو ماندوو نەبوونیمان لێکردن.. دوای پشووویەکی کورت دەرگای گفتوگۆمان کردەوە.. یەکێک لەکرێکارەکان ووتی: کاک محمود تکایە ناومان بڵاونەکەوە.. ئێمەو ئەو کرێکارانەی کەئێوە دەناسێت و ڕۆژێک لەڕۆژان دەنگی کرێکاری بینیبێت و خوێندبێتیەوە، ترسیان لەچاوپێکەوتن و قسەکردن نیە لەگەڵ دەنگی کرێکاردا، بەڵام باشترە هەر ناومان نەبرێت.
دەنگی کرێکار: بێخــەم بن.. هەرگیز ناوی کرێکار ناهێـــــنین و ناشمانەوێت هەرگیز کرێکار بەهۆی ئێمەوە بکەوێتە ناوکێشەوەو نانبڕاو ببێت.. من پێمباشە هەریەکەو ناوێکی خوازراوی بۆ دائەنێم ئەگەر ئێوە ڕازی بن.. ئیتر قسەکانمان دەستپێدەکەین.
کرێکارەکان: زۆر باشە، دەستخۆش
دەنگی کرێکار: کاکەڕەش، ئێوە لەکەیەوە لەم کارگەیەدا کار دەکەن، هەمووتان لەوێن؟
کاکەڕەش: من و ئەو دوو هاوڕێیەی ترم لە٢٠٢١ وە لەوێین..بەڵام ئەو دووانەی ترمان لەکارگەیەکی ترن..
دەنگی کرێکار: هەتا چەند لەکارکردن و مامەڵەی ئیدارەو لێپرسراوەکانی ڕازین؟
کاکەڕەش: کاکە هەرچۆن باش بن، هێشتا هەر زوڵم ئەکرێت.. گزیوفزی وادەکرێت، دواتر تێئەگەیت کەچۆن فێڵت لێکراوە.. ناحەقی و زوڵم هەیەو ئاشکراشە، بەڵام هەرچۆن بێت دەبێت لەئێستادا بەجۆرێک هەر ڕازی بیت، چونکە بێکاری هەیەو کارپەیداکردن بووە بەمەحاڵ و بەڕاستیش ناچارین ملبدەین بەخاتری ژیان و منداڵ و خێزانداریەوە.. لەوەش خراپتر ئەوەیە کرێکار یەکگرتوو یەکدەنگ نیە لەنێوخۆیدا، ئێ خۆ ناشکرێت خۆت بکەیت بەقارەمان و دواییش نانبڕاو بکرێیت.
دەنگی کرێکار: مووچەتان چەندە؟ ئایا دەستەبەریتان”ضمان” بۆکراوە؟
کاکەڕەش: کاکە لە٤٥٠ هەزارەوە هەیە هەتا ٦ سەدو ٧سەدو زیاتریش.. ئێمە دەستەبەرییمان هەیە، بەڵام ئەو کرێکارە تازانە هەم مووچەیان زۆر کەمترە لەئێمە، هەم دەستەبەرییان بۆنەکراوەو هەم تقریبا هەمان ئیشی ئێمەش دەکەن. ئەوان وەکو کرێکاری ڕۆژانە حساباتیان بۆدەکرێت..
دەنگی کرێکار: کاکە قارەمان تۆ نیازی قسەت هەبوو، فەرموو ئەگەر شتێکت هەیە؟
قارەمان: من لەیەک شت تێناگەم! باشە ئەوەندەی کەئێوە لەیاسای کرێکاری ئەزانن، ئایا پشوو مۆڵەتی ئێمە چۆن چۆنیە؟
دەنگی کرێکار: زۆر بەکورتی، مۆڵەتە فەرمیە حکومیەکان، ڕاستەوخۆ کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانیش دەگرێتەوە. کارکردن لەو ڕۆژەشدا دەبێت ڕێکەوتنێک هەبێت لەنێوان کرێکارو خاوەن کۆمپانیا یان خاوەنکارەکەدا.. لەکاتی پێویستبوونی کارکردندا، بۆ نمونە: لەخەستەخانەکان، لەبەشی کارەباو…تاد… ڕۆژی کارکردن لەبۆنە فەرمیەکاندا دەبێت دەبڵ بکرێتەوە..
حمەومین: کاکە گیان ئەم شتانە بەقانون و مانوون حەل نابێ، خاڵ بەخاڵی قانونەکان لەبەرژەوەندی کۆمپانیاو خاوەنکارو مەعمەلدایە، قانون ئەڵێ نابێ کرێکار لەڕۆژی پشوودا کاری پێبکرێت لەلایەکی تریشەوە ئەڵێ ئەگەر بۆ پاراستنی کاڵاکانی بوو، ئاساییە، کەواتە تۆباسی قانون بکەی لای مەعمەل ئەویش ئەڵێ منیش بۆ پاراستنی کوالیتێ و تێکنەچوونی بەرهەمەکەمە، ئەگەر دەوام نەکەن خراپ ئەبێ و بۆگەن ئەبێ، بۆیە بەدوای قانونا مەگەڕێن.. لەدژی مەعمەل یەک قانون هەیە کەبتوانێ قەناعەت بەمەعمەل بکات ئەویش ئەوەیە، هەر هەزار نەفەرەکە کۆبێتەوەو بڵێ بمان کوژن و لەت لەتمانکەن ئێمە نایەینە سەر کار، ئەگەر ئامادەی ئەوەش نین، ئەوا وازبێنن و بەدەردی خۆتانەوە دانیشن..
شێخ مامەند: قسەتە برا، حەقی خۆیەتی مادام دەوامە، بەڵام ئیزافە هەبێت.. ئێ برادەران مەعمەلیش حەقیەتی، ئێ باشە مەعمەل داخرێت، ئەو ئینتاجەی کەماوەتەوە خراپ ئەبێت، ئایا ئەگەر ئێوە بن ڕازی ئەبن زەرەر بکەن؟
کاکە ڕەش: شێخەگیان، کەس ناڵێت با مەعمەل زەرەر بکات، ئێمە حەزناکەین کەس زەرەر بکات، بەڵام بۆچی لەسەر زەرەرنەکردن و ئینتاج خراپ بوونی مەعمەل، من دەبێت مەسئولیاتی هەڵبگرم.. ئایا مەعمەل ڕازی ئەبێت کەمن بێمەوە بۆ کارو نەهێڵم زەرەر بکات، ئەویش پارەی زیاترم پێبدات لەگەڵ حەقدەستی ڕۆژەکەدا؟
حمەحسین: من باوەڕم بەقانون و شتیوا نیە، هەمووی لەبەرژەوەندی خۆیان دایانناوە، ئەگەر شتێکیش هەبێت بەقازانجی کرێکار، تەنفیزی ناکەن، ئێ کەواتە یاسا نیەو درۆیە.. من هەموو كات پێموابووە ئێمەی كريكاران يەكدەست و يەك بڕيار بين. قانون هيچ بۆ ئێمه ناكا، دڵنيابن مەعمەل و کۆمپانیاو خاوەنکارهەمووشتێكيان لەپێناوی خۆياندا داڕشتووه، ئێوە بینیتان ٤ ڕۆژی جەژنيان چۆنکرد بەدەوام وهەموو هاتینەوە بۆکار.. كريكار ئەگەر يەكدەست و يەك بڕيار بوایە هیچيان پێنەئەکرا، دڵنيابن نەیانئەتوانی بەرەنگاری ئەو هەموو كرێكاره ببنەوه.
کاکەڕەش: گوێبگرن برادەرینە، با خۆمان نەخڵەتێنین، ئێوە هەمووتان ئەڵێن ئەگەر کرێکاران هەموو پێکەوەو لەپاڵ یەکتردا بووینایە، ئەوان هیچیان بۆنەئەکرا.. ئێ کەواتە ئێستا شتێک ڕوون بووەتەوە، دەستنیشانکردنی نەخۆشی گرنگترە لەچارەسەرەکەی، کەواتە دەردی هەرە گرانی ئێمەی کرێکار ئەوەیە کەیەکگرتوونیەو هەریەکەمان لەئاوازێک دەخوێنین، زوڵممان لێدەکرێت و مافەکانمان زەوتئەکرێت…ناوێرین دیفاعیش لەخۆمان بکەین، ئەوە ڕاستە بەهۆی دەنگ هەڵبڕینەوە نانبڕاوت ئەکەن و بێمننەتن، ئێ کەواتە یان نابێت فزە بکەیت، یان دەبێت کۆیلەیی خۆت قبوڵبکەیت.. هەمووی پەیوەندی بەناڕێکخراوبوونی خۆمانەوە هەیە.. خۆ لانیکەم دەتوانرێت لەدەوری ماف و خواستەکانی خۆمان کۆببینەوە.. ئێستا عیلم ئەوەندە پێشکەوتووە دەتوانرێت لەڕیگای چەندین کەناڵی جۆراوجۆرەوە لەدەوری یەکتری کۆمانکاتەوە.. بايكۆت و خۆپيشاندان چارەسەری بنەڕەتی بۆ كريكاران بەدەستناهێنێت، تەنها شتيك كرێكار بتوانێت مافەكانی بەدەست بهينێ، دەستەجەمعی و یەکدەنگی و بڕياردانه. ئێمه ئەزمونمان هەيه لەخۆپیشاندانەكانی ڕابردوو، تاڕادەیەكی زۆر نەمانتواني ئامانجەكانمان بپێكين.
شیخ مامەند: ئافەرم کاکە ڕەش. میلەتی کورد بۆیە هیچ بەهیچ ناکات لەهیچ شتێکدا وەک یەک نین و یەکناگرین، بۆیە ناتوانن مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن. پاشان بێینە سەر ئەم مەعمەلەش هەمان شتە، تۆ ناتوانیت هەمووی بکەیتە یەک لەکاتێکیشدا غەدریشی لێبکەن، ئامادە نییە هەڵوێست وەربگرێت، ناشتوانیت لایەنی زۆرینەش بەدەست بهێنیت. وەک لەڕابردوو خۆتان بینیووتانە چی بووە.
کاکە ڕەش: شێــخە گیان وانیە، میلەتی کورد هەریەکەو سەربەلایەکە، ئێ بەرژەوەندی هەیە، بەڵام تۆ سەیری خۆمان بکە، نزیک هەزار کرێکار ئەبین یەک دەردو یەک کێشەو یەک ماف و خواستمان هەیە، بەس من لەوە تێناگەم کرێکار هەتا کەی ناجوڵێت و دیفاع لەخۆی ناکات.. ئێمە هەموومان هەر باوەڕێکی هەبێت، دنیایەک شتی هاوبەشمان هەیە پێکەوە، هەرئەوە بەسە بۆئەوەی هەزار کرێکار کۆبکاتەوە.. کاکە ئەم کوردە حەلی نیە، عاسمان تێیناگەیەنێت و هیج ئامادەییەکیشی نیە بۆخۆیشی..
حمەحسین: ئەرێ کاک محـمود تۆبۆ قسەیەک ناکەیت؟
دەنگی کرێکار: من پێمخۆش بوو گوێ لەئێوە بگرم، بابەتی باشتان باسکردو منیش لەئێوەوە زۆر شت فێربووم، قسەوباسەکانتان زۆر خۆش بوو، هیوادارم ئەم دانیشتنانەمان بەردەوام بێت و هەوڵبدەن لەداهاتوودا کرێکاری تریش لەگەڵ خۆتاندا بهێنن.. هیوادارم ئەو کرێکارانەی کەخۆتان پێتان باشەو جێگای متمانەن ئامادەیان بکەن، من دێمەوە بۆلاتان وپێکەوە بۆ خۆمان دەردەشە ئەکەین..
ئێوە قسەو تێڕوانینی باشتان درکاند، وەک کاکە ڕەش ووتی، خەریکن تەشخیسی نەخۆشیەکە ئەکەن کەزۆر گرنگە.. هۆکاری زۆر هەیە کەبۆچی کرێکار یەکگرتوو نیە، یان گوێ بەهیچ نادات و نایەوێت کارێک بکات.. لەکاتێکدا هەمیشە بۆڵەی هەیەو جاروباریش بایکۆتی کار دەکات.. ئەگەر ئێمە کرێکاران بتوانین تەشخیسی نەخۆشیەکەمان بکەین، ئەو کاتەش سەدان هەنگاو ئەچینە پێشەوە..
کاکەڕەش باسی یەکدەنگی و کاری دەستەجەمعی و بڕیاردانی کرد، هەرئەوەش خۆیلەخۆیدا یەعنی خۆڕێکخراوکردن.. خۆڕێکخراوکردن یەعنی لەدەوری یەکتری کۆبوونەوە.. یەعنی تووندو تۆڵکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی کرێکاران خۆیان، یەعنی گردو کۆکردنەوەی کرێکاران لەدەوری خۆیان و خۆ ڕزگار کردنیان لەپەرش و بڵاوی.. هەروەکو کاکە ڕەش ووتی، ماف وخواستەکانی کرێکاران هێندە زۆرن کەدەتوانێت کرێکاران لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوە بۆئەوەی بەدەستەجەمعی و بەئیرادەوە بڕیاری دیفاع لەخۆیان بدەن و ڕووبەڕوی هێرشەکانی خاوەنکار ببنەوە..
تەنها و تەنها ڕێکخراوی کرێکاران خۆیانە کەدەتوانێت ببێتە سەنگەری ڕاستەقینەی کرێکاران خۆیان کەبتوانێت وەک چەکێک بەدەستیەوە بگرێت بۆئەوەی دیفاع لەماف و لەخواستەکانی پێبکات و لەم کەناڵەشەوە بتوانێت هەم ڕێگری بکات لەهجوم و پەلامارەکانی خاوەنکار بۆسەر ژیانی، هەم خۆیشی پێشڕەوی بکات بۆ باشترکردنی هەل و مەرجەکانی کارو ژیانێکی باشتر لەئێستای..
لە ژمارەکانی داهاتووی دە نگی کرێکار درێژەی ئە م چاوپێکە وتنە دەبینن
